تەمموز 19, 2019

لە بەغدا دەست بە دادگاییکردنی 900 چەکداری داعش دەکرێت

بەشێکی بەرچاو لەو چەکدارانەی داعش کە لە سووریا گیراون عێراقی بوون و لە ماوەی رابردوودا بە سەدان کەس رادەستی حکوومەتی عێراق کراونەتەوە و دادگای تایبەتیش قۆڵی لێ هەڵماڵیوە و دوای وەرگرتنی دۆسیەی چەکدارانی داعش دەستی بە لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنیان کردووە.

سەرچاوەکانی دادوەری لە عێراق بە فرانس پرێسیان راگەیاندووە دۆسیەی لێکۆڵینەوە لە 900 چەکداری داعشیان بەدەست گەیشتووە کە لە سووریاوە بۆ عێراق گەڕێندراونەتەوە.بۆ ئەو مەبەستە لە بەغدا دادگایەک پێکهاتووە کە تایبەتە بە پرسی تیرۆر و کاتی دادگاییکردنی ئەو 900 چەکدارەی داعشیش قۆناغ بە قۆناغ بەڕێوە دەچێت.
رادەستکردنی چەکدارە عێراقییەکانی داعش دوای ئەوە بوو کە هیزەکانی سووریای دیموکرات توانیان باغۆز، دوایین بنکەی داعش لە سووریا کۆنترۆڵ بکەن . بەشێکی بەرچاو لەو چەکدارانەی خۆیان رادەستی ئەو هێزانە کردبوو، عێراقی بوون و لە ماوەی رابردوودا هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەو چەکدارانەیان رادەستی عێراق کردەوە تا پڕۆسەی دادگاییکردنیان دەست پێ بکات.
بەرپرسێکی ئەمنی عێراقیش ئەوەی بۆ ئاژانسەکە درکاندووە کە هیشتا ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارە عێراقییەکانی داعش لە سووریان و هێشتا رادەستی عێراق نەکراونەتەوە.
ئەو باسی لەوەش کردووە کە رادەستکردنی ئەم چەکدارانە بە یەک جار نەبووە و بە گرتنەبەری رێوشوێنی توندی ئەمنی چەکدارەکانیان لە سنووری سووریاوە بۆ بەغدا گواستووەتەوە و لە نێو ئەو چەکدارانەش کەسانی دیاری داعش بەرچاو دەکەون. بۆ نموونە لە نێو ئەو چەکدارانەی رادەست کراون بەرپرسێکی پسپۆڕی مەوادی کیمیایی داعش دەبینرێت کە پلانداڕێژەری زۆربەی هێرشە کیمیاییەکان لە سووریا بووە.
پێشتریش دادگاکانی عێراق ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارانی داعشیان دادگایی کردووە و بەشی زۆری ئەو چەکدارانەش بە سزای لەسێدارەدان مەحکووم کراون. ژمارەی حوکمەکانی لە سێدارەدان لە دادگاکانی عێراق بۆ چوار هێندە بەرز بووەتەوە و لە 65 کەس لە ساڵی 2017 بۆ 271 کەس لە ساڵی 2018 زیادی کردووە. زۆریی ژمارەی چەکدارە تیرۆریستەکان لە نێو گرتووخانەکان ئەوە نیشان دەدات کە ئاماری حوکمی لە سێدارەدان لە عێراق ئەمساڵیش بەراورد بە ساڵی رابردوو روو لە هەڵکشان بکات.
هەموو ئەو چەکدارانەی کە لە عێراقن تەنیا عێراقی نین بەڵکوو هەندێک چەکداری تری داعش بەرچاو دەکەون کە بە رەگەز فڕەنسین و ئەمانەش ژمارەیان 12 کەس دەبێت.
عێراق پێشنیاری بە وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش کردووە لە جێگەی یارمەتی دارایی بەرپرسیارێتی دادگاییکردنی چەکدارە بیانییە گیراوەکان لە سووریە بە ئەستۆ بگرن بەڵام تاوەکو ئێستا قەبوڵ نەکراوە و وڵاتانی ئەوروپا سەرئێشەی وەرگرتن هاووڵاتییە تیرۆریستەکانیان لە کۆڵ بووەتەوە هەر چەندە لە نیو رێکخراوەکانە پێوەندیدارەکان رەخنە و گازندەی لێ کەوتووەتەوە.
پێویستە بگوترێت بە هەزاران چەکداری داعش گیراون کە زۆربەیان دەستیان هەبووە لە ئەنجامدانی تاوانی زۆر گەورە. رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ماوەی نزیک بە پێنج ساڵی دەسەڵاتیدا قێزەونترین تاوانی مرۆیی ئەنجام دا.

© 2017 Hawler