نیسان 23, 2019

وه‌فدێكی وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ كۆبوونه‌وه‌

بە مەبەستی رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی پاشماوەی تیرۆریستانی داعش و گروپه‌ تیرۆریستیه‌كان له ‌ناوچه‌ جیاجیاكانی عێراق و ناوچه‌كانی ده‌ره‌وی ئیداره‌ی هه‌رێمی کوردستان لیژنەیەکی باڵا لە وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق کۆبوونەوە.

دوێنێ، لیژنه‌ی باڵای وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی فه‌ریق جه‌مال محەمەد سه‌رۆكی هه‌یئه‌ی ئه‌ركان و به‌ئاماده‌بوونی فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌ت و ئه‌فسه‌رانی پله‌ باڵای وه‌زاره‌ت، پێشوازیان كرد له‌ وه‌فدێكی وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق كه‌ پێكهاتبوو له‌ هه‌ریه‌ك له‌ لیوا گوهدار به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی هه‌واڵگری و ئاسایش و لیوا هاشم به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌واڵگری وێنه‌یی و نه‌خشه‌كان و لیوا زییا به‌رپرسی ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش و عه‌مید خه‌سرۆ بەڕێوه‌به‌ری هه‌واڵگری عێراق له‌ هه‌ولێر.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، ئاكامی لیژنه‌ مه‌یدانییه‌كان بۆ رووپێوكردنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌كانی عێراق له‌سه‌ر نه‌خشه‌ خرایه‌ ڕوو. تیایدا به‌ وردی خاڵه‌كانی تایبه‌ت به ‌هێزی پێشمه‌رگه ‌و هێزه‌كانی عێراق دیاریكرا‌.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا پێداگری له‌سه‌ر هه‌ماهه‌نگی نێوان هه‌ردوولا كرایه‌وه‌و بڕیاردرا به‌زووترین كات لیژنه‌ی باڵای هەردوولا كۆببێته‌وه‌.
له‌كۆتایی کۆبوونەوەکەشدا هه‌ردوولا جەختیان له‌سه‌ر به‌ره‌و پێشبردنی پەیوەندیەکانی نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و هێزه‌كانی سوپای ئیتیحادی كرده‌وه‌ له‌هه‌مبه‌ر رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی پاشماوەی تیرۆریستانی داعش و گروپه‌ تیرۆریستیه‌كانی تر له‌ناوچه‌ جیاجیاكانی عێراق و ناوچه‌كانی ده‌ره‌وی ئیداره‌ی هه‌رێمی کوردستان.
جەمال ئیمنکی، سوپاسالاری هێزەکانی پێشمەرگە، لە دوای کۆبوونەوەکە لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند:" لیژنەكان روپێوییەکیان لە خانەقین تا رۆژئاوای دیجلە كردووە." هەروەها گووتی:" دوای تەواو بوونی كارەكان، نەخشە و شوێنی پێشمەرگە و سوپای عێراق بە روونی دیاریكراوە".

هەر سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، لە لێدوانێکی دا بۆ کەناڵی کوردستان ٢٤ لیوا قارەمان شێخ کەمال، جێگری سوپاسالاری هێزی پێشمەرگەی کوردستان رایگەیاند: لە کۆبوونەوەکەیاندا لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق، باس لە گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ کەرکووک کرا و گەڕانەوەی هێزی پیشمەرگەش بۆ ئەو ناوچە کوردستانییانەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کاریگەری گەورەی لەسەر لاوازکردنی جموجۆڵەکانی داعش لەو ناوچانە دەبێت.
ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ئەمریکییەکان بەردەوامن بۆ لێکنزیککردنەوەی هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق، ئەوەشی خستە روو، لە دوای رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەر، هێزە جیاوازە عێراقییەکان تاکلایەنانە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەڕێوە دەبەن و ئەمەش مافی پێکهاتەکان و ئەمنییەتی ئەو ناوچانەی خستووەتە مەترسییەوە، بەڵام لە ئێستادا هەوڵێک هەیە هێزەکانی پێشمەرگە بەشێوەیەکی نەخشە بۆ داڕێژراو بگەڕێنەوە هەندێک لەو ناوچانە".

© 2017 Hawler