نیسان 23, 2019

گازپرۆم کارەکانی لە کوردستان فراوان دەکات

کەرتی ئابووری و وزەی کوردستان رۆژ دوای رۆژ زیاتر دەگەشێتەوە،دوای کۆمپانیا بەریتانی و رووسیییەکان، کۆمپانیایەکی دیکە کارەکانی لە هەرێمی کوردستان فراوان تر دەکات .

کۆمپانیای گازپرۆم نەفتی رووسی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە بەرهەمی نەوتی لە كێڵگەی سەرقەڵا بەرزدەکاتەوە و کارەکانیشی لە هەرێمی کوردستان فراوان دەکات، بەپێی راگەیەندراوەکە، بەرهەمی ئێسستا لە کێڵگەکە ١٢ هەزار بەرمیل نەوتە، بڕیارە لە چەند مانگی داهاتوو کۆمپانیاکە بەرهەمهێنان لە کێڵگەکە بۆ ٣٥ هەزار بەرمیل بەرزبکاتەوە.
بیرێکی نەوتی لەو کێلگەیە کە پێشبینی بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی لێدەکرێت، ٣ هەزار و ٢٩١ مەتر قووڵکراوە و هەموو ئامادەکاری و پشکنین بۆ بیرەکە کراوە و بڕیارە بەرهەمهێنان لەو کێڵگەیە بەرزبکرێتەوە .
دانان و ئامادەکردنی بیری سێیەمی کێڵگەی سەرقەڵا پێویستی بە بەکارهێنانی ئامێری پێشکەوتووی هەڵکەندن هەبووە، هاوکات تیمی نێودەوڵەتی بەسەرپەرشتی کۆمپانیاکە لە ٢٠ وڵاتەوە بەشداربوون لە پرۆسەی هەڵکەندنی بیرەکە، پرۆسەکە لەلایەن کۆمپانیای گازپرۆم نەفت لقی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرپەرشتی دەکرێت،هەروەها کاری تەکنەلۆژی پرۆسەکەش لەلایەن سەنتەری تەکنەلۆژیا و زانستی کۆمپانیاکە دەکرێت .
ڤادیم یاکۆڤلێڤ، جێگری سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای گازپرۆم دەڵێت :"رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەکو ناوچەیەکی ستراتیژی بۆ کارکردنی گازپرۆم دەمێنێتەوە،بەتایبەت کە ناوچەکە سەرچاوەی سرووشتی زۆرن،هەروەها شوێنی چاوتێبڕینی وەبەرهێنەرانە،بۆ ئێمەش بەرهەمهێنانی نەوتی زیاتر کارێکی سەرەکی و گرنگە ."
ڤادیم هەروەها دەڵێت:" بەردەوام دەبین لە هەڵسەنگاندنی هەلی زیاتری کارکردن و بەرەوپێشبردنی ئیش و کارەکانمان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست،سەربەخۆییانە و بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای دیکە کارەکانمان دەکەین.

هەرچەندە بۆڕی نەوتی هەرێمی کوردستان کە رێژەی هەناردەی نەوتەکەی لە ٥٨٠ هەزارەوە دابەزی بە کەمبوونەوەی ٢٣٠ هەزار بەرمیل نەوت، بەڵام ئێستا نزیکەی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە هەناردە دەکات، ئێستاش هەواڵی خۆشتر هەیە، پلانی هەڵکەندن و بەرهەمی زیاتری بۆڕیەداندراوە،تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ ١٠٠ هەزار بەرمیلی دیکە دێتە سەر ئەو ڕێژەیە.
هەموو بەرژەوەندی وکارەکانی مۆسکۆ بە کۆمپانیای رۆسنەفت گرێدراوە کە گرێبەستێکی ماوە درێژی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ٢٠١٧ واژۆ کرد،رۆسنەفت و گازپرۆم ئێستا بەرهەمهێنەری سەرەکی نەوتن بۆ بۆڕی نەوتی کوردستان بەرەو تورکیا، رۆسنەفت بەردەوامە لە کڕینی نەوتی خاوی کوردستان لە بەندەری جیهان، ساڵی ٢٠١٩ هەرێمی کوردستان دەبێتە ناوچەیەکی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە تێیدا ئەمریکا رووبەڕووی زیادبوونی هەژموونی رووسیا دەبێتەوە،ئەوەش بە لۆبی رێککەوتنی نەوتی باکووری عێراق لە بازاڕی نەوت.
پێش ماوەیەکیش بەهەمان شێوە کۆمپانیاکانی گازپرۆم و گەڵف کیستۆن رایانگەیاندبوو، ئاماژەی ئەرێنی هەن بۆ بزیادکردنی بەرهەمەکانیان، و گەڵف کیستۆن خاوەنی %75 پشکەکانی کێڵگەی شێخانە، هەروەها کۆمپانیای مۆڵی هەنگاری %20ـی پشکەکان و تێکساس کیستۆنیش %5ـی پشکەکانی هەیە .توانای ئێستای کێڵگەکە بەرهەمهێنانی 40 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا، کۆمپانیاکە رایگەیاندووە رەنگە لە داهاتوودا بتوانن ئاستی بەرهەمی نەوت لەو کێڵگەیە بۆ دوو هێندە زیاتر بکەن و بیگەیەننە 100 هەزار بەرمیل . کێڵگەکە یەکێک لە کێڵگە گرنگەکانی نەوت لە کوردستان و نەوتە خاوەکەی زۆربەی لە رێگەی تانکەرەوە دەبرێتە فیشخابوور لە سەر سنووری تورکیا، لەوێ دەکرێتە نێو بۆڕی هەناردەی نەوتی کوردستان، بەشێكیشی لە ناوخۆ دەفرۆشێت و پێداویستییەکانی پێ پڕدەکرێتەوه‌

© 2017 Hawler