نیسان 23, 2019

بۆ یه‌كه‌مین جار پێشانگه‌ی ته‌كنه‌لۆجی و زانیاری له‌ هه‌ولێر كرایه‌وه‌

به‌ به‌شداری زیاتر له‌ ٥٠ كۆمپانیای بیانی و ناوخۆ یه‌كه‌مین پێشانگه‌ی ته‌كنه‌لۆژی و زانیاری (هایتێكس)، له‌ هۆڵی سه‌عد عه‌بدوڵا كرایه‌وه‌ و بۆ ماوه‌ی سێ ڕۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت.

دووشه‌ممه‌١٥ی نیسان، له‌ هۆڵی سه‌عد عه‌بدوڵا یه‌كه‌مین پێشانگه‌ی ته‌كنه‌لۆژی و زانیاری له‌ هه‌ولێر به‌ به‌شداری زیاتر له‌ ٥٠ كۆمپانیای ناوخۆی و بیانی له‌ بواره‌كانی ته‌كنه‌لۆژیا كرایه‌وه‌ و تێیدا ئامێره‌ ئه‌لیكترۆنییه‌ سه‌رده‌مییه‌كان خراوه‌ته‌ ڕوو، كه‌ بۆ ماوه‌ی سێ ڕۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت.
ڕۆژین ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری سۆشیال میدیای هایتێكس بۆ هه‌ولێر گوتی، كۆمپانیاكانی به‌شداربووبه‌سه‌ر به‌شه‌كانی هاردوێر و سۆفت وێر دابه‌ش بوونه‌ و ڕۆژانه‌ش كاروچالاكی له‌ پێشه‌نگاكه‌دا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.
له‌ پێشه‌نگه‌كه‌دا كۆمپانیاكانی بواری ته‌كنه‌لۆجیا به‌رهه‌مه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كانیان له‌ بواره‌كانی ڕۆبۆتێكس و كۆمپیته‌ر و مۆبایل و تۆڕی ئه‌لیكترۆنی ئاسایش و ئۆتۆمبێلی زیره‌ك و هتد. خستۆته‌ڕوو، جیا له‌وانیش له‌ پێشانگه‌كه‌دا داهێنانی ناوخۆ پیشاندراوه‌ كه‌ مه‌به‌ستیانه‌ له‌ فراوانكردنی پڕۆژه‌كانیان كۆمپانیاكانی به‌شداربووی جیهانی ده‌ستی هاوكاریان بۆ درێژ بكه‌ن .
ڕۆژین ئه‌حمه‌د ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، مه‌به‌ستیانه‌ ساڵانه‌ ئه‌و پێشانگه‌یه‌ له‌ هه‌ولێر بكه‌ن و خه‌ڵكیش پێشوازی باشی كردووه‌ كه‌ ته‌نیا له‌ ماوه‌ی چه‌ند كاتێكی سه‌ره‌تا دا زیاتر له‌ پێنج هه‌زار كه‌س سه‌ردانی كردووه‌.
جیا له‌ خستنه‌ ڕووی به‌رهه‌مه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان، ڕۆژانه‌ پانێڵ و سمینار له‌ پێشه‌نگه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و به‌ڕێوه‌به‌ری سۆشیال میدیای هایتێكس ده‌ڵێ "پێشانگه‌ی هایتێكس بۆ په‌ره‌پێدانی ته‌كنه‌لۆجیایه‌ له‌ كردستان هاوشێوه‌ی وڵاتان و ئاشنابوونه‌ به‌ نوێترین داهێنانه‌كانی سه‌رده‌م.
ساڵانه‌ له‌ هه‌ولێری پایته‌خت چه‌ندین پێشه‌نگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كرێته‌وه‌ و كرانه‌وه‌ی ئه‌و پێشه‌نگه‌یه‌ش ڕۆژێك دوای ته‌واوبوونی چوارده‌یه‌مین پێشانگای كتێب له‌ هه‌ولێر دێت، كه‌ به‌ به‌شداری ٣٠٠ ده‌زگه‌ی چاپ و بڵاوكراوه‌ی٢١ وڵات له‌ سێی نیسان كرایه‌وه‌ و تا ١٣ ی نیسان به‌رده‌وام بوو.

© 2017 Hawler