نیسان 23, 2019

ئەنفال هەوڵێکی دڕندانە بوو بۆ پاکتاوی نەژادی گەلی کورد

٣١ ساڵ تێدەپەڕێت، بەسەر قۆناغە یەک لەدوای یەکەکانی پرۆسەی نەگریسی ئەنفال، کە ڕژێمی بەعس دژی گەلی کور بە ٨ قۆناغ و لەساڵی ١٩٨٦ دەستیپێکرد و تیایدا تا نیوەی کۆتایی ساڵی ١٩٨٩ بەردەوامی هەبوو، لەو ماوەیەشدا زیاتر لە ٢١٠ هەزار کوردی بێتاوان بوونە قوربانی کە ١٨٢ هەزار کەسیان بێسەروشوێن بوون و تا ئێستاش گۆڕی بە کۆمەڵیان ماوە ماوە دەدۆزرێتەوە و ڕووفاتەکانیان دەهێنرێتەوە هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێم ڕۆژی ١٤ی مانگی ٤، بە ڕۆژی یادکردنەوەی قوربانیانی ئەنفال دیاریکردووە و هەموو ساڵێک لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستان بە شکۆوە و بە ئامادەبوونی کەس و کاری ئەنفالکراوان و بەرپرسانی حکومی و نوێنەری وڵاتان و کونسڵگەری وڵاتانی بیانی، بەڕێوەدەچێت:

وەزیری کاروباری شەهیدان: زەوی بەسەر کەس و کاری ئەنفالکراواندا دابەشدەکرێت
وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، لە میانەی بەشداریکردنی لە مەراسیمی ساڵیادی تاوانی ئەنفالدا لە شاری هەولێر، وتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند، لە ماوەی رابردوودا بەهۆی شەڕی داعش و زۆری ژمارەی شەهید و بریندارانی ئەو شەڕە، نەتوانرا وەک پێویست بەردەوامی بدەین بە خزمەتکردنی کەس و کاری شەهید و ئەنفالکراوان و گرفتمان بۆ دروست بوو، بەڵام لە ئیستادا ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، ڕەزامەندی نیشانداوە بۆ ئەوەی ١١هەزار پارچە زەوی تەرخان بکات بۆ کەس و کاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، مەحموود حاجی ساڵح، وەزیری کاروباری شەهیدان، لە لێدوانێکیشدا بۆ کەناڵی کوردستان ٢٤ باسی لە هەوڵەکان بۆ گەران بەدوای گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا کرد و گووتی:" دوای ئەوەی 12ی ئەم مانگە گۆڕێكی بە كۆمەڵ لە سنووری پارێزگای موسەننا دۆزرایەوە، ئەمرۆ نوێنەری وەزارەتمان رەوانەی بەغدا کردووە، بۆ ئەوەی بەشداری لە هەڵدانەوەی ئەو گۆڕە بە کۆمەڵەی پارێزگای موسەننا بکەن". ئەوەشی راگەیاند:" هەماهەنگی باشمان لەگەڵ حکوومەتی عێراق هەیە و لە ئەگەری بوونی هەر گۆڕێکی بە کۆمەڵ ئاگادارمان دەکەنەوە".

سەرۆک بارزانی جەختی لە هەماهەنگی هەوڵەکان کردۆتەوە بۆ دۆزینەوەی گۆرە بەکۆمەڵەکان

لە میانەی بەشداریکردنی لە ڕووماڵی تایبەتی کەناڵی ڕووداو، سەبارەت بە یادکردنەوەی قوربانیانی ئەنفال، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی، رایگەیاند، بە هەوڵی سەرۆک بارزانی و دەزگاکەیان گۆڕێکی بەکۆمەڵی لە پارێزگای سەماوە، ئاشکرا کراوە و هێشتا لێکۆڵینەوەی وردی لەسەر نەکراوە تا بزارێت ڕووفاتی خەڵکی کام ناوچەی کوردستانە و دەڵێت:" لە 21-1-2019 شاندێكی دەزگای خێرخوازی بارزانی سەردانی پارێزگای بەسرە و موسەننای كرد، پارێزگاری موسەنناش كە چەند رۆژێك بوو دەستبەكارببوو پێیگوتین من ناتوانم هیچ شتێك بكەم تاوەكو سەرۆك بارزانی نەبینم، ئێمەش ئەو پەیامەی پارێزگاری موسەننامان گەیاندە سەرۆك بارزانی ئەویش لە 12-3-2019 پێشوازی لە شاندێكی پارێزگای موسەننا كرد كە لە پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا و بەڕێوەبەرە گشتییەكان و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا پێكهاتبوون".
هەروەها موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی، زیاتر دەڵێت؛" لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی جەختی لەسەر گرنگی یەكخستنی هەوڵەكان بۆ دۆزینەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان کرد كە پێشبینی دەكرێت زۆرترینیان لە سنووری پارێزگای موسەننابن، بەخۆشحاڵییەوە دوای گەڕانەوەی پارێزگار و شاندی یاوەری بۆ پارێزگای موسەننا، لیژنەیەكیان پێكهێنا بۆ دۆزینەوەی ئەو گۆڕە بەكۆمەڵانە، چەند رۆژێكیش لەمەوبەر پارێزگاری موسەننا پەیوەندی بە ئێمەوە كرد كە ئەوان سەركەوتوو بوونە لەهەوڵەكانیان بۆ دۆزینەوەی روفاتی ئەنفالكراوانی كوردستان، هەر خۆشی راستەوخۆ لەگەڵ سەرۆك بارزانی باسیكرد، ئێستا ئێمە شاندێکمان لە نەجەفە و ئەمڕۆ دەگەنە پارێزگای موسەننا".

تا ئیستا ڕێژەیەکی زۆر کەمی گۆڕە بەکۆمەڵەکان دۆزراونەتەوە
دوای تێپەڕبوونی ٣١ ساڵ بەسەر کارەساتە بەدناوەکەی ئەنفالدا، تا ئیستا داتا و ئامارەکان و ئەو زانیارییانەی لەبەردەستن، دەریدەخەن کە ڕێژەیەکی زۆر کەمی ڕووفاتی ئەنفالکراوان دۆزراوتەوە و نەتوانراوە زۆربەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان بدۆزرێتەوە و هەڵبدرێنەوە، لەمبارەیەوە و لە لێدوانی بۆ کەناڵی ڕووداو، بەرەڤان حەمدی، بریکاری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوا، ڕایدەگەینێت:" لەکۆی 210 هەزار کەس لە قوربانیانی جینۆسایدی کورد، کە لەنێویاندا 182 هەزار کەس ئەنفالکران، تەنیا رووفاتی 2 هەزار و 672 کەس لە ژمارەیەک گۆڕی بەکۆمەڵ دەرهێنراون".
دەشڵێت:" لەو 210 هەزار کەسە 182 هەزار کەس لە 8 قۆناخدا ئەنفالکراون، 8 هەزار بارزانی و قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە و رووداوەکانی دیکە هەن. زۆرترین گۆڕە بەکۆمەڵەکانی کە رووفاتی کوردی تێدایە کەوتوونەتە سنووری پارێزگاکانی سەماوە، ئەنبار و چەند شوێنێکی دیکەی عێراق".
ئاماژە بەوەش دەکات، ژمارە و داتای تەواو لەبەر دەست نییە سەبارەت بە ژمارەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، بەهۆی ئەوەی، ئەو گۆڕانەی هەڵدراونەتەوە بەشێکیان پێش دەرچوونی یاسای پەیوەندیدار لەوبوارە بووە و بۆیە کەموکورتی لەداتاکاندا هەیە، وە ئاشکرای دەکات ئەو ژمارەیەی تا ئێستا باس دەکرێت نزیکەی ١٥٠ گۆڕی بە کۆمەڵە.

ئەنفال
هەرچەندە کاتێکی دیاریکراو و تەواو لەبەر دەست نییە تا بزانین بە دیاریکراوی پرۆسەی ئەنفال لە چ ڕۆژێک دەستی پێکرد و لە چ ڕۆژێک کۆتایی پێهات و گێڕانەوە و زانیارییەکان جیاوازییان لە بەروار تێدایە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ڕژێمی عێراق هیچ بەروارێک درێغی نەکردووە لە جێبەجێکردنی زوڵم و زۆردارییەکان، بەڵام لە ساڵی ١٩٨٩ بەردەوامی هەبوو، لەو ماوەیەدا زیاتر ٤٥ هەزار گووند و دەیان شارۆچکە خەڵکەکەی کەوتنە بەر شالاوی ئەنفال و بێسەر و شوێن کران و هاوکات گوند و شارۆچکەکانیش سوتێنران و وێرانکران، ئەوەی جێی داخە تا ئێستا نزیکەی ٩٨%ی ڕووفاتی ئەنفالکراوان دەرنەهێنراوتەوە و کەس و کاریشیان نیگەرانن لەوەی ڕووفاتی ئازیزانیان تا ئێستا نەهێنراوتەوە و دەخوازن حکومەیت هەوڵەکانی چڕتر بکاتەوە، وە حکومەتی هەرێمیش لە هەوڵی ئەوەدایە ئەو تاوانە وەک تاوانی جینۆساید و قڕکردن بێتە ئەژمار و لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە بخرێتە ڕیزی تاوانە مێژووییەکانی جیهان، کە بە بڕوای زۆرێک لە شارەزایان و نوسەرانی مێژوو، تاوانە ناسراو و جیهانییەکان بە نموونەی هۆڵۆکۆستی جوولەکەکان بە دەستی نازییەکانی، کارەساتێکی هاوشیوەی ئەنفال بووە، بەلام نێودەوڵەتییەن کاری لەسەر کراوە و دەخوازن ئەم تاوانەش بەهەمان شێوە نێوەندە جیهانییەکان بتەنێت تا هاوشیوەی کارەساتی ئەوها دووبارە نەبێتەوە.

© 2017 Hawler