تەمموز 19, 2019

عێراق و ئێران و سووریا دەیانەوێت بە هێڵی شەمەندەفەر بە یەکتر گرێ بدرێن

بەرپرسانی عێراق لە دیمەشقی سووریاوە باس لەوە دەکەن کە گفتوگۆکانیان سەبارەت بە گرێدانی هێڵی شەمەندەفەری عێراق بە سووریا دەست پێ کردووە و لە داهاتووشدا کار دەکرێت بۆ ئەوەی کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لە نێوان ئێران و سووریا و عێراق بۆ هەمان مەبەست رێک بخرێت.

حکوومەتی عێراق کە بەهۆی داعش و جەنگ و نائارامییەکان ژێرخانی بەشێک لە رێگا بازرگانییەکانی وێران بووە کار بۆ ئەوە دەکات بە چالاککردنی هێڵی شەمەندەفەر پێوەندییە بازریگانییەکانی پەرە پێ بدات.
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە پێویستی زانیوە لەگەڵ هەر یەک لە ئێران و سووریا سەبارەت بە گرێدانی ئەو هێڵەی شەمەندەفەر لە گەڵ هەر دوو وڵات گفتوگۆ بکرێت.
تاڵب حوسێنی بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای نیشتیمانیی هێڵی شەمەندەفەری عێراق لە میانەی گفتوگۆی کۆمیتەی هاوبەشی بازرگانیی عێراق و سووریا لە دیمەشق لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەگوێرەی فەرمانی عەبدوڵا لعێبی وەزیری گواستنەوەی عێراق لەبارەی گرنگیی گرێدانی هێڵی شەمەندەفەری عێراق بە سووریا لە رێگای عەکاشات، تەنەف و خنیفیسەوە هەر یەک لە لایەنەکانی سوریا و ئێران خەریکی هەماهەنگی و هاوکاری و رێکخستنی کۆبوونەوەیەکن کە سێ وڵات بەشداری تێدا بکات.
میدیاکانی ئێران لە زاری سۆمەریەنیوز ئەمەیان پشتراست کردووەتەوە و کۆبوونەوەکە سەبارەت بە پرسی راکێشانی هێڵی شەمەندەفەر لە ئێرانەوە بۆ عێراق و دیمەشقە و لەوە دەکۆڵدرێتەوە هێڵەکە بەکوێدا تێپەڕ ببێت و بە چ مکانیزمێک جێبەجێ بکرێت.
حوسەینی ئەم پرسەی گرێ دا بە رێککەوتنێک کە لە نێوان عێراق و سووریا لە ساڵی 2014دا هەبووە و ئەوکات قسە لەسەر ئەوە کرابوو هەر یەک لە سووریا و عێراق لە بوارەکانی بازرگانی، زانستی و ئابووری پەرە بە هاوکارییەکانیان بدەن.
وەک بەڕێوەبەری گشتی هێڵی شەمەندەفەری نیشتیمانیی عێراق باسی کردووە تەواوی لەمپەر و کێشەکانی بەردەمیان بەلاوە دەنێن و هەوڵ دەدەن ئاستی هاوکارییە ئابووری و بازرگانییەکانیان پەرە پێ بدەن و کارێک دەکەن هەر یەک لە عێراق و سووریا بتوانن سوود لە کاڵا وبەرهەمەکانی یەکتر وەربگرن. هاوکات دەکرێ ئەم هاوکارییانە لە بواری وزە و کارەبا و بوارەکانی تریش پەرەیان پێ بدرێت.
پێویستە بگوترێت هەفتەی رابردوو حکوومەتی ئێرانیش باسی لە بایەخی پەرەپێدانی هێڵی شەمەندەفەری وڵاتەکەی و گرێدانی بە عێراق کرد لە رێگای پاریزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە و نوسینگەی سەرۆک کۆماری ئێران ئەم پڕۆژەیەی بە پڕبایەخ هەژمار کرد وگوتی لە کاتێکدا عێراق لە گرنگترین ئەو وڵاتانەیە کە زۆرترین قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانییان لەگەڵ ئێراندا هەیە مافی خۆیەتی گرنگیی بە پاریزگاکانی رۆژئاوای ئێران بدەن و بە راکێشانی هێڵی شەمەندەفەر ئەو پێوەندییانە پەرە پێ بدەن و ببنە هۆکاری لاوازکردنی سزاکانی ئەمەریکا.
ئێران بۆ ئەو مەبەستە خەونی گەورەتری هەیە و کار بۆ ئەوە دەکات پێوەندییە بازرگانی و سیاسییەکانی خۆی بە شێوازی جۆراوجۆر بە بەغدا و دیمەشق گرێ بدات.
هەفتەی رابردوو ئەمەریکا سوپای پاسدارانی ئێرانی خستە نێو لیستی تیرۆر و جاران کە ئێران لە رێگای سوپای قودسەوە بەشێک لە چالاکییەکانی خۆی لە عێراق پەرە پێ دەدا پێدەچێت لەمەودوا لەگەڵ لەمپەر بەرەوڕوو بێت و لە رەهەندی ترەوە بێتە نیو مەیدانەکە و وبەدیلێک بۆ چالاکییەکانی خۆی بدۆزێتەوە. پەرەپێدانی بازرگانی رەنگە بژاردەیەکی گرینگ بێت بۆ ئێران و بۆیەش ماوەیەکە هەر سێ وڵاتی عێراق و سووریا و ئێران پرسی راکێشانی هێڵی شەمەندەفەریان هێناوەتە بەر باس.

© 2017 Hawler