تشرینی یەکەم 21, 2019

سەرۆك بارزانی لەگەڵ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارلەمانی كوردستان كۆبۆوە

دوێنێ، لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارلەمانی كوردستان كۆبۆوە.

لەو كۆبوونەوەیەدا فراكسیۆنی پارتی كورتەیەكی لەبارەی كار و چالاكییەكانی فراكسیۆن و پەیوەندییەكانیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی تر و هەڵبژاردنەكانی داهاتووی هەرێم بۆ سەرۆك بارزانی خستە ڕوو.
لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی لە وتەیەكدا بارودۆخی سیاسیی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و دوا پێشهاتە سیاسییەكانی عێراق و ناوخۆی كوردستانی بۆ ئامادەبوانی كۆبوونەوەكە شی كردووە. هەروەها ڕۆشناییشی خستەسەر ڕیفراندۆم و ڕووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەر و باسی لەو هۆكارانە كرد كە هانی گەلی كوردستانی دا كە بەرەو ڕیفراندۆم هەنگاو بنێت و جەختی لەوە كردەوە كە پێشێلكردنی دەستوور و تێكدانی تەوافوق و پارسەنگی و نەهێشتنی شەراكەت وای كرد كە گەلی كوردستان بڕیاری ڕیفراندۆم بدات. لە بەشێكی تری وتەكانیدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە ڕۆڵ و قوربانیدان و خۆڕاگریی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دا كە ڕێگەی لە سەركەوتنی پیلانی نەیاران گرتووە و هاوكێشەكانی بە قازانجی گەلی كوردستان شكاندووەتەوە. سەرۆك بارزانی جەختیشی لە ئەرك و پێگەی ڕاستەقینەی پارلەمان لە ژیانی گەلی كوردستان كردەوە و پەیوەست بە پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستانیش سازدانی هەڵبژاردنی بە باشترین ڕێگەچارە بۆ ڕاستكردنەوەی پڕۆسەی سیاسیی هەرێم لە قەڵەم دا.
هەر لەو كۆبوونەویەدا ئامادەبووان لەبارەی بار و گوزەرانی خەڵك و پێشمەرگە و پڕۆسەی سیاسیی هەرێم پێشنیاز و پرسیاریان ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد و سەرۆك بارزانیش ئامۆژگاری و ڕێنوێنیی پێویستی بۆ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان خستە ڕوو.

© 2017 Hawler