تشرینی یەکەم 16, 2019

نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌ورووپاش داوای باشكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا ده‌كه‌ن

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای لە هەولێر و بەغدا کرد، پەرە بە پەیوەندییەکانی نێوانیان بدەن و کێشەکانیان چارە بکەن.

دوێنێ، چوارشه‌ممه‌ 14/2/2018، لە کۆنگرەی کوێت تایبەت بە ئاوەدانکردنەوەی عێراق، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس وتاری دا و گوتیشی، بەشێک لە ئاوارەکان، تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، بۆیە گەڕانەوەی ئاوارەکان دەبێت کاری لەپێشینەی حکوومەتی عێراق بێت.
هاوكات فێدریکا مۆگرینی، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە کۆنگرەی کوێتدا، گوتاری خوێندەوە و، تیایدا داوای لە هەولێر و بەغدا کرد، پەیوەندییەکانی نێوانیان بەرەوپێشەوە ببەن و کێشەکانی نێوانیان چارە بکەن.
گوتیشی، پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکانی عێراق، کاریگەریی زۆری لەسەر رووبەڕووبوونەوەی بیری تووندڕۆیی لەو وڵاتەدا دەبێت.
رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمزی ئه‌مریكی له‌ راپۆرتێكدا باسی شكستی كۆنگره‌ی دووباره‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراق له‌ كوه‌یت ده‌كات و نوسیوویه‌تی "له‌ رۆژی دووه‌میدا كۆمه‌كبه‌خشه‌كان نه‌یانتوانیوه‌ زیاتر له‌ 4 ملیار دۆلار بۆ عێراق كۆبكه‌نه‌وه‌و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكایش هیچ هاوكارییه‌كی پێشكه‌ش نه‌كردووه‌".
رۆژنامه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، له‌ كۆنگره‌كه‌دا كه‌ ده‌یان وڵاتی به‌خشه‌ر و سه‌دان كۆمپانیا و رێكخراوی كۆمه‌كبه‌خشی تێدایه‌، ئه‌گه‌ری شكستیهێنانی هه‌یه‌ و نه‌یانتوانیوه‌ كۆمه‌كێكی ئه‌وتۆ كۆبكه‌نه‌وه‌، جگه‌ له‌ پێشكه‌شكردن 4 ملیار دۆلار، هیچ به‌ڵێنێكی دیكه‌یان نه‌داوه‌، به‌ڵام ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا پێشتر رایگه‌یاندبوو كه‌ هیچ پاره‌یه‌ك نابه‌خشێته‌ عیراق، په‌یامی ئه‌مریكا روونه‌ و بونیاتنانه‌وه‌ی عێراقی بۆ وڵاتانی دیكه‌ جێهێشتووه‌.
ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدایه‌ عێراق داوای له‌ هاوپه‌یمانه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی كردووه‌ كه‌ ئه‌مریكا سه‌رۆكایه‌تییان ده‌كات، بڕی 88 ملیار دۆلاری ئه‌مریكی بۆ دووباره‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی وڵاته‌ وێرانبووه‌كه‌ی ده‌ستی جه‌نگی داعش پێببه‌خشن كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ شاره‌كان وێرانبوون و خه‌ڵكه‌كه‌ی ئاواره‌ بوون، به‌ڵام هاوپه‌یمانه‌كان هیچ وه‌ڵامێكی پێویستی عێراقیان نه‌داوه‌ته‌وه‌".
نیویۆرك تایمز نوسیوویه‌تی، كۆنگره‌كه‌ گورزێكی پیشه‌یی بووه‌ بۆ حكومه‌تی عێراق، چونكه‌ ناتوانێت تێچووی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی پاشماوه‌كانی جه‌نگ بگرێته‌ ئه‌ستۆی و له‌ هه‌ندێك روویشه‌وه‌ به‌هۆی داگیركردنی عێراق بووه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌.
رۆژنامه‌كه‌ باسی ئاینده‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی ده‌كات و نوسیوویه‌تی "شكست هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاینده‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و ئه‌و كۆششه‌ ده‌كات كه‌ ساڵانێكه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و وڵاتانی دیكه‌ بۆ سه‌قامگیری وڵات و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندڕه‌وی داویانه‌".
كۆنگره‌ی دووباره‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراق رۆژی 12/2/2018 له‌ كوه‌یت ده‌ستی به‌ كاره‌كانی كردوو ده‌یان ده‌وڵه‌تی كۆمه‌كبه‌خش و سه‌دان رێكخراوی ناحكومی و كۆمپانیای وه‌به‌رهێنی جیهانی به‌شداریان تێدا كرد هەر دوێنێش كۆتایی هات.
لە کوردستان ٢٤ەوە

© 2017 Hawler