ئەیلول 29, 2020

72% هاووڵاتیانی سنووری دهۆك لە پرۆسەی تۆماركردنی ئەلیكترۆنی خۆیان تۆمار كردووە

بەرپرسی پەیوەندییە جەماوەرییەكان لە ئۆفیسی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە پارێزگای دهۆك دیار كرد، پرۆسەی تۆماركردنی ئەلیكترۆنی لە سنووری پارێزگای دهۆك بەردەوامە و رێژەی تۆماركردنی بایۆمەتری گەیشتووەتە 72% كە دەكاتە نزیكەی 500 هەزار كەس لەو پارێزگایە كە خۆیان تۆمار كردووە.

سەگڤان حەسەن، بەرپرسی پەیوەندییە جەماوەرییەكان لە ئۆفیسی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە پارێزگای دهۆك بە "هەولێر"ـی گوت: پرۆسەی تۆماركردنی ئەلیكترۆنی بە شێوەیەكی گشتی لە سنووری پارێزگای دهۆك بە شێوەیەكی زۆر باش بەڕێوەدەچێت، رێژەی تۆماركردنی بایۆمەتری لە سنووری پارێزگای دهۆك گەیشتووەتە 72% كە دەكاتە نزیكەی 500 هەزار كەس كە خۆیان تۆمار كردووە، كە بە بەراورد لەگەڵ قۆناغەكانی رابردوو ئەوەش ڕێژەیەكی زۆر باشە، لەگەڵ ئەوەی هێشتا تۆماركردنی دەنگدەران بەردەوامە، بۆ ئەو مەبەستەش 41 بنكەی دەنگدان بۆ دابەشكردنی كارتی دەنگدانی هاووڵاتیان كراونەتەوە و پرۆسەكە بەردەوامە، قۆناغی یەكەمی كارتی بایۆمەتری گەیشتووەتە دهۆك، تا ئێستا توانیومانە لەو 320 هەزار كارتەی كە گەیشتبوونە سنووری دهۆك ڕێژەیەكی باش دابەش بكەین، داوا لەو هاووڵاتیانە دەكەین كە تا ئێستا كارتەكانیان وەرنەگرتووەتەوە سەردانی بنكەكان بكەن بۆ وەرگرتنەوەی كارتەكانیان، چونكە كۆمیسیۆن بڕیاری داوە هەر كەسێك پرۆسەی بایۆمەتری كردبێت و كارتەكەی گەڕابێتەوە و وەرنەگرتبێت، مافی دەنگدانی نابێت، بۆیە داوا دەكەین بەڵگەنامەی پێویست لەگەڵ خۆیان بهێنن و سەردانی بنكەكان بكەن بۆ وەرگرتنەوەی كارتەكانیان، ئەو كارتانەی ماون ئەوانیش لە داهاتوویەكی نزیكدا دەگەن و بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەكەین.
ڕوونیشیكردەوە، بنكەكانی دەنگدان تا پێش چەند رۆژێك لە هەڵبژاردن كراوە دەبن و هاووڵاتیان دەتوانن تا ئەو كاتە سەردانی بنكەكان بكەن بۆ وەرگرتنەوەی كارتەكانیان، بەردەوامیش هاووڵاتیان هۆشیار دەكەینەوە، بەردەوام كوڕ و سیمینار ئەنجام دەدەین، خەڵك هۆشیار دەكەینەوە، لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و راگەیاندنەكان كۆبوونەوەمان كردووە و داوامان لێ كردوونە كە خەڵك هان بدەن بۆ ئەوەی سەردانی بنكەكان بكەن بۆ خۆ تۆمار كردن و وەرگرتنەوەی كارتەكانیان.
سەگڤان حەسەن، ئەوەشی گوت: تا ئێستا زیاتر لە 15 هەزار كەس لە سنووری پارێزگای دهۆك ناوی خۆیان پێشكەش كردووە و ناوی خۆیان بۆ سەر سندوقەكانی دەنگدان تۆمار كردووە، پێداچوونەوە بە فۆرمی ئەو كەسانە دەكرێت و لە داهاتوودا تیروپشكی ئەلیكترۆنی بۆ ناوی ئەوان دەكرێت و ئەو كەسانە دەست نیشان دەكرێن كە رۆژی هەڵبژاردن لەسەر سندوقەكان دەبن".

© 2017 Hawler