کانونی دووەم 28, 2020

مامۆستایانی زانكۆ: وڵاتانی ئەوروپا هەوڵدەدەن هەرێمی كوردستان بەرامبەر بە بەغدا بەهێز بكەنەوە

مامۆستایانی زانكۆ دەڵێن، بەغدا سەركەوتوو نەبوو لە بچووككردنەوەی هەرێمی كوردستان، هاتنی وەزیری بەرگری ئەلمانیا و وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا بۆ كوردستان ئاماژەیەكە كە ئیرادەیەك هەیە لە ئەوروپا بۆ شكاندنی ئەو ئابلۆقە دیبلۆماسیەی كە لەسەر كوردستان هەیە، لەگەڵ ئەوەی هەوڵدەدەن هەرێمی كوردستان بەرامبەر بە بەغدا بەهێز بكەنەوە، چونكە دەزانن كوردستان هۆكاری سەقامگیریی ناوچەكەیە.

دوای سەردانەكەی بۆ بەغدا، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان ئیڤ لۆدریان، گەییشتە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان و، دواتر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە، سەردانی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لە كاتێكدایە، كە فەڕەنسا لە ئاستی باڵادا پێشوازی لە سەرۆكوەزیرانی كوردستان كرد و پێشتریش سەرۆكی فەڕەنسا ڕۆڵی كوردستانی لە ناوچەكە بە گرینگ زانیوە.
لە ماوەی شەڕی دژ بە داعشدا، دوو جار سەرۆككۆماری فەڕەنسا هاتووەتە كوردستان، هاتنی وەزیری دەرەوەی فەڕەنساش بۆ كوردستان، دەرخەری ئەوەیە كە ئەو وڵاتە نایەوێت پرسی كورد لە خۆی دوور بخاتەوە و هەمیشە خۆی بە نزیكی كورد زانیوە.
د. بەختیار رەسوول، مامۆستای زانكۆ بۆ "هەولێر" دەڵێ، بەغدا لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر هەوڵی داوە هەرێمی كوردستان بچووك بكاتەوە، بەڵام سەردانی وەزیری بەرگری ئەلمانیا و وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا بۆ هەرێمی كوردستان، كە دوو وڵاتە بەهێزەكەی یەكێتی ئەوروپان، ئاماژەیەكی بەهێزە كە ئیرادەیەك هەیە لە ئەوروپا بۆ شكاندنی ئەو ئابلۆقە دیبلۆماسیەی كە لەسەر كوردستان هەیە.
ڕوونیشیكردەوە، فەڕەنسا هەوڵدەدات هەرێمی كوردستان بەرامبەر بە بەغدا بەهێز بكاتەوە، چونكە دەزانێ ئەوەی ئارامی ناوچەكە دەپارێزێت و تیرۆر بنبڕ دەكات هەرێمی كوردستانە، لە ماوەی رابردووش بۆ هەموو جیهان دیار بوو كە هێزی پێشمەرگە بەو ئیمكانیاتە كەمەی كە لە بەردەست بوو توانی لە جیاتی هەموو جیهان شەڕی تیرۆر بكات و داعش لەناو ببات، بۆیە تەنیا هەرێمی كوردستان دەتوانێت بەرژەوەندییەكانی رۆژئاوا بپارێزێت، هەر لەبەر ئەوەشە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیری لە كورد دەكات و هەوڵی لێك نزیكبوونەوەی بەغدا و هەولێر دەدات.
د. سەركەوت سەمیر، ئەویش كە مامۆستای زانكۆیە بۆ "هەولێر" دیار كرد، فەڕەنسا ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشە و خاوەن پێگەیەكی تایبەتییە لە یەكێتی ئەوروپا، ئەمە لە كاتێكدایە كە فەڕەنسا خاوەنی سیاسیەتێكی بەهێزی دەرەكییە و دەتوانێ‌ رۆڵێكی كاریگەر ببینێت لە نزیككردنەوەی هەولێر و بەغدا، هەر لەبەر ئەوە تەئكید لەوە دەكاتەوە كە دەبێت كێشەكانی هەولێر و بەغدا لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستاندنەوە چارە بكرێن لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا، بۆ ئەو مەبەستەش هەرێمی كوردستان دەستپێشخەریی كردووە، بەڵام بەغدا تاوەكو ئێستا ئامادەی گفتوگۆ نیە و ڕەت دەكاتەوە، بەڵام فەڕەنسا دەتوانێ‌ گوشار بخاتە سەر بەغدا بۆ چارەسەری كێشەكانی بەغدا و هەولێر".

© 2017 Hawler