ئەیلول 29, 2020

لە هەینییەوە شەپۆلێکی تری باران کوردستان دەگرێتەوە

زیاتر لە دوو رۆژ بوو باران لە هەرێمی کوردستان دەباری و تا بەرەبەیانی رۆژی چوارشەە بەردەوام بوو، ئەم شەپۆلە لە بارانە لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بە بڕی جیاواز بارانی پێ بوو و پێشبینی دەکرێت لە رۆژی هەینییەوە شەپۆلێکی تری باران هەرێمی کوردستان بگرێتەوە کە لە تا رۆژی دووشەمە بەردەوام دەبێت. لە وەرزی بارانی ئەمساڵ زۆرترین باران لە مێرگەسۆری پاریزگای هەولێر باریوە و پێنجوێن لە پاریزگای هەڵەبجە بە پلەی دووەم دێت.

شەپۆلی بارانی ئەمجارەی هەرێمی کوردستان بەراود بە شەپۆلەکانی تری بارانی ئەمساڵ گونجاو بوو و بووە هۆی بەرزکردنەوەی بڕی گشتی باران لە شارە جیاجیاکانی کوردستان.
لە پارێزگای هەولێر زۆرترین باران لە وەرزی بارانی ئەمساڵ لە مێرگەسۆر باریوە بە بڕی بارانی ٤٨١ ملم. دوای ئەم شوێنەش زۆرترین باران لە پارێزگاکە لە رواندز و حاجی ئۆمەران بە بڕی ٣٢٢ ملم باریوە.
بە گوێرەی ئامارێکی بەرێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر بڕی گشتی باران گەیشتووەتە ١٤١ ملم، لە پیرمام ٢٧٩ ملم و لە بارزانیش ٢١٧ ملم باران باریوە. هاوکات لە سۆران ٢٨٧ ملم، لە هیران ٣٨٧ ملم و لە کۆیەش ٢١٨ ملم باریوە. کەمترین بڕی باران لە وەزری ئەمساڵی باران لە پاریزگای هەولێر لە شەمامک باریوە کە ٩٣ ملمە.
هاوکات لە پارێزگای سلێمانی زۆرترین باران لە چوارقوڕنە باریوە بە بڕی نزیکەی ٣٦٠ ملم. لە قەڵادزێ ٣٣٠ ملم، لە هەڵشوو ٣٤٣ ملم، لە بازیان ٢٠٦ ملم و لە ماوەت ١٧٢ملم باران باریوە. لە چەمچەماڵ بڕی باران گەیشتووەتە ١٦١ ملم و لە دۆکانیش گەیشتووەتە نزیکەی ١٨٠ ملم. لە وەرزی بارانی ئەمساڵ کەمترین بڕی باران لە پاریزگای سلێمانی لە دەربەندیخان باریوە کە ٩٢ ملمە.
لە پاریزگای دهۆکیش زۆرترین بڕی باران لە دینارتە باریوە کە ٣٨١ ملمە و لە دوای ئەویش کانی ماسی بە ٣٠٧ ملم و ئاکرێ بە ٢٢٩ ملم دێت. لە زاخۆ ١٦٨ ملم، لە بامەڕنی ٢٩٨ ملم و لە دهۆک ١٦٧ ملم باریوە،. کەمتریبن بڕی باران لە وەرزی ئەمساڵی باران ی پاریزگای دهۆک باتوفەیە بە ٦٨ ملم.
لە پارێزگای کەرکووک زۆرترین بڕی باران لە مەیدان باریوە بە ١٢٢ ملم و لە دوای ئەویش شاری کەرکووک دێت بە ٧٠ ملم. لە خورماتوو ٤٨ ملم و لە کەلار نزیکەی ٤٩ ملم باران باریوە.
لە پارێزگای هەڵەبجە زۆرترین باران لە پێنجوێن باریوە بە بڕی ٤٣١ ملم و لە هەڵەبجەش ١٦٥ ملم باران باریوە. لە ئاستی کوردستان زۆرترین باران لە مێرگەسۆر باریوە بە ٤٨١ ملم. پێنجوێن بە ٤٣١ ملم لە پاریزگای هەڵەبجە بە پلەی دووەم دێت.
هێشتا بڕی ئەو بارانەی لەمساڵدا باریوە نەگەیشتووەتە ئاستی بارانی ساڵی رابردوو و چەند مانگێکیش ماوە وەرزی باران کۆتایی بێت بۆیە هیچ مەترسییەک لەسەر روودانی وشکەساڵی لە هەرێمی کوردستان لە ئارادا نییە.

© 2017 Hawler