تشرینی یەکەم 16, 2019

وەزارەتی خوێندنی باڵا بە سیستمی وەرگرتنی قوتابیاندا دەچێتەوە

لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، کە وێنەیەکی بۆ رۆژنامەی ''هەولێر'' نێردراوە، هاتووە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بە ئامانجی پێداچوونەوە بە سیستەمی وەرگرتنی قوتابیان لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، دووبارە داڕشتنەوەیان بۆ ساڵی نوێی خوێندن پێداچوونەوە بە سیستەمی وەرگرتن دەکرێت.

لیژنەیەکیش بۆ پێداچوونەوە بە سیستمی وەرگرتنی خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگە حکومی و تایبەتەکان لە ژمارەیەک کەسانی شارەزا لە دیوانی وەزارەت و زانکۆکانی هەرێم پێکهاتووە، بڕیاریشە دەقی راپۆرت و پێشنیازەکانیان بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەرز بکەنەوە تا بڕیاری پێویست لەوبارەیەوە بدرێ.
له‌ بەشێکی راگه‌یه‌ندراوەكەی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی دا هاتووە ''لیژنەی تایبەتمەند بۆ پێداچوونەوە بە سیستمی وەرگرتنی قوتابیان لە زانکۆ و پەیمانگە حکومی و تایبەتەکان یەکەمین کۆبوونەوە خۆی بەسەرپەرشتی د.داود ئەتروشی بەڕێوەبرد''.
کاری سەرەکی لیژنەکەش بریتی دەبێ لە پێداچوونەوە بەسیستمی وەرگرتنی خوێندکاران بەشێوەی ڕاستەوخۆ، زانکۆلاین و خوێندنی ئێواران و پارالێل، لەتەواوی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێم بە حکومی و تایبەتەیەکانەوە.
هەر وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە یەکەمین کۆبوونەوەیاندا، ئەندامانی ئەو لێژنەیە چەندین ڕاو سەرنج و بۆچوونیان لەبارەی کارەکانیان و چۆنیەتی پێداچوونەوە بە سیستمی وەرگرتنی خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگە حکومی و تایبەتەکانیان خستۆتە ڕوو و گفتوگۆیان لەبارەوە کردووە، هەروەک بڕیاریشدراوە هەفتەی داهاتوو بەجیا لەگەڵ نوێنەری سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە حکومی و تایبەتەکان کۆببنەوە.

© 2017 Hawler