ئازار 22, 2019

گرێبەستەکانی ئێران لەگەڵ حکوومەتی عێراق، ئەمریکای نیگەران کردووە

بە سەرۆکایەتی حەسەن روحانی سەرۆک کۆماری ئێران شاندێکی باڵای ئەو وڵاتە بە ئامانجیپەرەپێدانی پێوەندییەکانی نێوان عێراق و ئێران و واژوکردنی کۆمەڵێک گرێبەستسەردانی عێراقی کردووە . باس لەوە دەکرێ ژمارەی گرێبەستەکان 20ی تێپەڕاندووە و ئەمەش نیگەرانیی ئەمەریکای لێ کەوتووەتەوە چونکە دوایین بڕیاری ترەمپ لەبارەی عێراق ئەوە بووە هەژموونی ئێران بەسەر عێراق نەهێڵێت.

حکوومەتی ئێران ئەگەر لە چەند ساڵی رابردوودا جۆرێک هەژموونی سەربازی و تەناهیی بەسەر عێراقدا بووبێت ئەوا لە بارەی ئابووریشەوە جێ پەنجەی لەو وڵاتە دیارە و بە تایبەتی دوای کشانەوەی ئەمەریکا لە رێککەوتنی ناوکیی و سەپاندنی سزاکان لە دژی ئێران، ئێران ویستوویەتی بە پەرەپێدانی پێوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ عێراقدا ئەم سزایانە سووک بکات.
لە ساڵی رابردوودا ئاستی قەبارەی بازرگانیی نێوان ئێران و عێراق گەیشتووەتە 12 ملیار دۆلار و گرنگترین پەیامی حەسەن روحانیش دوای گەیشتن بە بەغدا ئەوە بووە قەبارەی ئەو ئاڵوگۆڕە بازرگانییە بۆ 20 ملیار دۆلار بەرز بکاتەوە.
ئێران بەشێکی بەرچاو لە بەرهەمەکانی خۆی هەناردەی بازاڕەکانی عێراق دەکات و گرنگترین کەرتیش کە بە گرنگترین کێشەی حکوومەتی عێراق هەژمار دەکرێت و دەکرێ ببێت بە پڕداهاتترین سەرچاوە بۆ ئێران کەرتی کارەبایە و لەو سەردانەشدا لە بواری دابینکردنی زیاتری وزە و فرۆشتنی گازی سروشتی گرێبەستی نوێ ئەنجام دراون.
مەحمود واعزی بەرپرسی نووسینگەی حەسەن رووحانی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ میدیاکانی باسی لەوە کردووە کە لە پێنج بواری گرنگدا چەندین گرێبەستیان لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا واژوو کردووە یەکێک لەوانەی ئەوەیە رەزامەندی نیشان دراوە هیچ پارەیەک لە هاوولاتیان و گەشتیارانی ئێرانی و عێراقی وەرنەگیرێت کە سەردانی وڵاتی یەکتر دەکەن و هەندێک هەنگاو ماوە کە هەوڵ دەدەن تا نەورزۆز ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن. پرسی ئەمنی و هەماهەنگی بۆ بۆنە ئایینییەکانی شیعە و پاراستنی سنوور بەشێکی تری رێککەوتنەکانن وهاوکات لە بواری دەرمان و پێداویستی پزیشکی گرێبەست کراوە. لەبواری گواستنەوەی وشکاییش بڕیارە هێڵی ئاسنی شەلەمچە بە بەسڕا گرێ بدرێت.
هەناردەکردنی گازی زیاتر بۆ عێراق و پەرەپێدانی کێڵگە هاوبەشەکان بەشێکی ترن لە گرێبەستەکان و دەگوترێت بە گشتی لە بواری پیشەسازی وبازرگانی سەرووی 20 گرێبەست لەو سەردانەدا واژوو کراون.
ئێران لە دۆخێکدایە پێویستی بە پارەیە و بە دانپێدانانی بەرپرسانی ئێران هەر دوێنێ 200 ملیۆن دۆلار لە قەرزی کڕینی کارەبا لە عێراقەوە چووەتە سەر حسابی ئێران.
پێویستە بگوترێت لەو کاتەوە عێراق ئازادکراوە بە بەهای شەش ملیار و 200 ملیۆن دۆلار ئێران کارەبای بەو وڵاتە فرۆشتووە و کە لەو بڕە سەرووی پێنج ملیار و 200 ملیۆن دۆلاری وەرگیراوە و ئەوەی تر هێشتا رادەستی ئێران نەکراوە.
هەر دوو وەزارەتی کارەبای ئێران و عێراقیش لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە تا کۆتایی 2020 بەفیڕۆچوونی وزە بە رێژەی 30%کەم بکەنەوە.
ئەنجامدانی گرێبەستی نوێی ئێران لەگەڵ عێراق بە تایبەتی لە بواری وزە لە دوای ئەوە دێت کە ماوەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بە ئاشکرا ئەوەی باس کرد کە پلانیان هەیە چیتر عێراق پشت بە وزەی ئێران نەبەستێت و بە پڕۆژە و پلانی نوێ کارێک بکەن عێراق لەم بوارەدا پشت بە خۆی ببەستێت.
مەبەستەکەی ترەمپ بەگشتی ئەوە بووە عێراق لە ژێر هەژموونی ئێران دەرباز بکات. ئێستاش کە باس لەو ژمارە زۆرە گرێبەستە بازرگانی و ئابووری و ئەمنییە دەکرێت ئەمەریکای نیگەران کردووە.
برایان هوک نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران نارەزایەتی خۆی لەو سەردانەی بەرپرسانی ئێران بۆ بەغدا دەربڕی و تەنانەت هۆشداری ئەوەی دا کە ئێران دەیەویت عێراق بکات بە یەکێک لە پارێزگاکانی خۆی. میدیاکانی رۆژئاوا باسیان لەوە کردووە ئەمەریکا سەرەڕای ئەوەی کە ئەو پارە زۆرەی لە عێراق خەرج کردووە، سەرۆکەکەی دەبێت بە شەوی تاریک وبە نهێنی بچێتە عێراق و گڵۆپی فڕۆکەش بکوژێنێتەوە کەچی سەرۆکەکەی ئێران بە ئاشکرایی و بە رۆژی رووناک دەچێت و بە گەرمیش پێشوازی لێ دەکرێت.

© 2017 Hawler