ئایار 21, 2019

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر دەستگیرکردنی دوو تۆمەتباری راگەیاند

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایدەگەیەنێت، لە بۆسەیەکدا دوو کەسی بە تۆمەتی دزی و فێڵکردن لە هاووڵاتییان دەستگیر کرد.

دوێنێ سێشەممە، پۆلیسی هەولێر لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاند: "دوای ئەوەی پۆلیس ئاگادار کرانەوە بەبوونی ڕووداوی دزینی پارە بە ساختە و فێڵکردن لەگەڵ هاووڵاتییان، پۆلیس دۆسیەی لێکۆڵینەوەی بۆ ئەم ڕووداوە کردەوە کەوا لەلایەن دادخوازێکەوە سکاڵا تۆمارکرا، لە ماوەیەکی کەم توانرا ناسنامەی تۆمەتباران ئاشکرا بکەن و لە بۆسەیەکدا دەستگیریان بکەن".
لە بەشێکی تری نوسراوەکەدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ڕاشیگەیاندووە، لەبارەی دەستگیرکردنی تۆمەتبارانەوە (مقدمی ماف، ئومێد عارەب عبداللە) ئەفسەری نوسینگەی باکوور بە هەولێر پۆلیسی ڕاگەیاندوە: "دوای دەستگیرکردنی ئەو دوو تۆمەتبارە کە خەڵکی وڵاتی ئێرانن، لە لێکۆڵینەوەکان بۆمان دەرکەوت کەوا هەڵدەستان بە گۆڕینی دراوی دۆلار لە شوێنی گۆڕینەوەی پارە بە دانانی 1 دۆلاری لە شوێنی 100 دۆلاری، دواتر دۆسیەکەمان نارد بۆ دادوەری لێکۆڵینەوە و بەپێی ماددەی (446) لە (ی.س.ع) هەریەک لە تۆمەتباران، (م.ع.م) و (ع.م.ر) دەستبەسەر کران".

© 2017 Hawler