ئایار 21, 2019

شه‌قامی سه‌دمه‌تری هه‌ولێر نۆژه‌ن ده‌كرێته‌وه‌

به‌ گوژمه‌ی ٥٢٦ ملیار دینار له‌سه‌ر ئه‌ركی شاره‌وانی، فه‌ڕش ڕێژو قیرتاو كردنه‌وه‌ی شه‌قامی سه‌دمه‌تری هه‌ولێر،له‌ شه‌قامی سه‌ره‌كی شه‌قڵاوه‌ تا شه‌قامی سه‌ره‌كی كۆیه‌ ده‌ستیپێكرد.

١٢ ی ئازار به‌ ئاماده‌بوونی نه‌ورۆز مه‌ولود وه‌زیری شاره‌وانی و نه‌وزاد هادی پارێزگاری هه‌ولێر و ئه‌ندازیار سامان محه‌مه‌د سه‌رۆكی شاره‌وانی هه‌ولێر، قۆناغی یه‌كه‌م و دووه‌می نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی شه‌قامی سه‌د مه‌تری هه‌ولێر ڕاگه‌یه‌ندرا، كه‌ له‌ شه‌قامی سه‌ره‌كی كۆیه‌ تا شه‌قامی سه‌ره‌كی شه‌قڵاوه‌ ده‌گرێته‌وه‌.
كرمانج ده‌شته‌كی به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی هه‌ولێر ڕاگه‌یاند، نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی شه‌قامی سه‌دمه‌تری هه‌ولێر، كه‌ له‌ شه‌قامی سه‌ره‌كی كۆیه‌ ده‌ستپێده‌كات تا شه‌قامی سه‌ره‌كی شه‌قڵاوه‌، له‌سه‌ر ئه‌ركی شاره‌وانی هه‌ولێر به‌ گوژمه‌ی ٥٢٦ ملیار دینار جێبه‌جێ ده‌كرێت.
كرمانج ده‌شته‌كی بۆ ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێری گوتی "فه‌ڕش ڕێژو قیرتاو كردنه‌وه‌ی شه‌قامه‌كه‌ به‌ مه‌ودای ٢،٢٠٠كم تره‌، كه‌ به‌ چینی باینده‌ر ده‌كاته‌ ٦٦ هه‌زار مه‌تر دووجا".
نۆ ژه‌نكردنه‌وه‌ی شه‌قامی بازنه‌ی سه‌دمه‌تری هه‌ولێر له‌ كاتێكدایه‌، به‌شی سێیه‌م و كۆتایی شه‌قامی بازنه‌ی ١٢٠ مه‌تری هه‌ولێر، ته‌واو بووه‌ و كار له‌ جوانكاری و سه‌وزكردنی نێوان و لاینه‌كانی شه‌قامه‌كه‌ ده‌كرێت و به‌و نزیكانه‌ ده‌كرێته‌وه‌، كه‌ به‌ كرانه‌وه‌ی شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری تاڕاده‌یه‌كی به‌رچاو گرفت و خنكانی هاتوچۆی شاری هه‌ولێر چاره‌سه‌ر ده‌بێت.

© 2017 Hawler