ئازار 31, 2020

داعش لە 8 پارێزگای عێراق دەستی بە جموجۆڵ کردووەتەوە

پسپۆڕانی سەربازی و سەرچاوەکانی تەناهی ئاشکرای دەکەن کە داعش رۆژ بە رۆژ زیاتر لە جاران چالاکییە تیرۆریستییەکانی پەرە پێ دەدات و لە هەشت پارێزگای عێراق دەستی بە دروستکردنی شانەی چەکداری کردووتەوە.

هیشام هاشمی کە یەکێکە لە پسپۆڕانی بواری سەربازی گرووپە چەکدارەکان وێڕای ئاشکراکردنی ئەم زانیارییە بۆ "نەهرێن" باسی لەوە کردووە کە داعش نەک لەناو نەچووە بگرە لە شوێنە دوور دەست و چیا و بیابانەکان خەریکی خۆرێکخستنەوەیە. ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە چەکدارانی داعش لە هەر یەک لە پارێزگاکانی کەرکوک، نەینەوا، ئەنبار، بەغدا، دیالە، سەلاحەدین و باکوری هەر دوو پارێزگای بابل و کەربەلا دەستی بە دامەزراندنی شانەی تیرۆریستی کردووەتەوە وخۆی بۆ هێرش یان شێوازێکی نوێی کردەوەی تیرۆریستی ئامادە دەکات.
شانە تیرۆریستییەکان لە نۆ تا 11 کەس پێک دێن و بۆیەش ژمارەی شانە چەکدارییەکانیان بچووک کردووەتەوە بۆ ئەوەی بە ئاسانی بتوانن لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر جووڵە بکەن و بە نهێنی ئامانجەکانی خۆیان بپێکن. بە پێی زانیارییەکی تر کە ئەو شارەزایەی بواری سەربازی ئاشکرای کردووە چەکدارانی داعش ئەزموونی شەڕەکانی رابردوویان هەیە و کەسانێکیان لەگەڵە کە توانای دروستکردنی بۆمبیان هەیە و تەنانەت لەو کەسانە بوون کە لە ئۆپەراسیۆنەکانی بێجی، رۆمادی و مووسڵ لە دژی سوپای عێراق جەنگاون.
دیارە رووداو و هێرشە تیرۆریستییەکانی چەند رۆژ و چەند مانگی رابردوو سەلمێنەری ئەم راستیەن کە داعش کۆتایی نەهاتووە و پێشتریش ئەمەریکا و هاوپەیمانان و بەشێک لە لایەنەکانی عێراقیش لەبارەی هەڕەشەی تیرۆریستان هۆشداریان دابوو.
هەر لە چەند رۆژی رابردوو چەکدارانی داعش ژمارەیەک تەقینەوەیان ئەنجام داوە و توانیویانە دزە بکەنە شوێنە گرینگەکان لە ناوەندی پاریزگای نەینەوا.بۆ نموونە لە کۆتایی هەفتەی رابردوو تەقینەوەیەکی گەورە لە زانکۆی مووسڵ رووی دا کە بە هۆیەوە دەیان کەس بوونە قوربانی.لەم هێرشەیەنادا چەکدارانی داعش سوودیان لە ئۆتۆمبێکی مینڕێژکراو وەرگرتبوو. هەر پێنجشەمی رابردوو لە باشووری مووسڵ چوار کەس بە هۆی بۆمبێک بریندار بوون کە کەناری شەقامێک چێندرابوو.
هێرشی تیرۆریستانی داعش لە کاتێکدایە کە لەم رۆژانەدا لە سووریا گورزی کاریگەر لە دژیان وەشێنراوە و سەرجەم ناوچەکان لە ژێر دەستیان رزگار کراوە، بەشێک لە چەکداران کوژراون، بەشێکی تر خۆیان رادەست کردووە و بەشێکیش کە بە گوتەی هەندێک سەرچاوە خۆ لە دوو هەزار چەکدار دەدەن لە سووریاوە بەرەو پاریزگاکانی عێراق هەڵاتوون. هەفتەی رابردوو سەریچاوەیەک باسی لەوە کرد کە زۆرێک لە داعشە هەڵاتووەکان روویان لە بیابانەکانی ئەنبار کردووە.
نزیکەی ساڵ و نیوێکە شکستی مەیدانیی داعش راگەیەنراوە بەڵام لە دوای ئەو شکستەی بەر داعش کەوت وەکوو پێویست کار بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەمنی و ژیان و گوزەرانی ئەو ناوچانە نەکراوە کە پێشتر رزگار کراون و ئەگەر دۆخەکە هەر بەم شێوەیە بەردەوان بێت و خەڵک دوور بن لە خزمەتگوزاری و ژیانێکی ئاسوودە ئەوا لەوانەیە بەشێک لەو خەڵکە فریوی گرووپە چەکدارەکان بخۆن هاوشێوەی ساڵی 2014 رۆڵیان هەبێت لە سەرخستنی گرووپە تیرۆریستییەکان.
ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەشێکن لەو ناوچانەی کە مەترسی ئەوەیان لێ دەکرێت شانەکانی داعش تیایدا گەشە بکەن. هۆکاری سەرەکی ئەو دۆخەش بۆ بۆشایی ئەمنی ناوچە کوردستانییەکان لەدوای رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەر و کشانەوەی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە.
دۆخی ئێستەی عێراق ئەوە دەسەلمێنێت کە دەبێت لە گەڕاندنەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییەکان پەلە بکرێت ئەگەرنا رووداوە تاڵەکانی رابردوو دووبارە دەبنەوە.

 

© 2017 Hawler