ئەیلول 21, 2020

هاوڵاتیان له‌ سه‌ردانیكردنی مه‌زاری نه‌مران به‌رده‌وامن

لە یادی كۆچی دوایی رێبەر و باوكی رۆحی نەتەوەی كورد بارزانی نەمر، خەڵكێكی زۆر لە شارو شارۆچكەكانی كوردستان و پارچەكانی دیكە بۆ نوێكردنەوەی سۆز و پەیمانی كوردایەتی سەردانی مەزاری نەمرانیان لە بارزان كرد.

ساڵانە بۆ رێزگرتن لە خەبات و بەرخودانی سەركردە و باوكی رۆحی نەتەوەی كورد و دووپاتكردنەوەی پەیمان و سۆز لەگەڵ رێبازی بارزانی نەمر، بە هەزاران كەس لە هاووڵاتیانی كوردستان و پارچەكانی دیكە سەردانی مەزاری نەمران دەكەن.
تاكە بزاوتی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان ڕێبازی پارتی و بارزانییە، كە ئەمڕۆش درێژەی هەیە و درێژە پێدەری ئەم ڕێبازەش سەرۆك بارزانییە.
جەماوەری سنووری لقی 10ی پارتی دیموكراتی كوردستان، هاووڵاتیانی سۆران، رواندز، مێرگەسۆر، سیدەكان و خەلیفان سەردانی مەزاری نەمرانیان لە بارزان كرد، لەلایەن خەلات بارزانی، نوێنەری سەرۆك بارزانی و لیژنەی پێشوازی، پێشوازیان لێ كرا، پاش دانانی تاجەگوڵینە لەسەر مەزاری نەمران چەندین وتار پێشكەش كران، باس لە رۆڵ و خەباتی سەركردەی گەلی كوردستان لە قۆناغە جیاجیاكانی خەباتی نەتەوەییدا كرا.
عەلی عەونی، بەرپرسی لقی 10ی پارتی رایگەیاند، هاتووین بڵێین بارزانی ئەو وانانەی نەك بە زمان بەڵكو بەكردەوە فێریكردین لەسەری بەردەوام بین و پەیمان لەگەڵ نوێ بكەینەوە، كوردایەتی نە بە وتاری ئاگرین، وڵات ڤیان و خۆشەویستنی نیشتمانی نەك بە قسەی باق و بریق، بەڵكو بە كردەوە فێری ئەم نیشتمانە كردووە.
دواتر عوسمان ئۆجەلان، سیاسەتمەداری كورد دیاركرد:" كاتی ئەوە هاتووە كە هەموو لایەنەكان خۆیان بكەنە یەك و لە رێگای كوردستانی سەربەخۆ و ئازادا كار بكەن، هەر بۆیە دەڵێین بارزانی نەمر و كاك ئیدریسی هەمیشە زیندوو خەون و ئامانجی ئێوە نزیكە و دێتە دی.
لەلایەكی دیكەوە شاندێكی كوردانی رۆژئاوا كە لە پارتی دیموكراتی كوردستان- سووریا پێكهاتبوو، سەردانی مەزاری نەمرانی كرد، دوای دانانی تاجەگولینە باسیان لە خەبات و قوربانیدانی بارزانی نەمر كرد و سۆز و پەیمانیان دا كە لەسەر ئەم رێبازە بەردەوام بن.
لە ساڵیادی كۆچی دوای بارزانی نەمر كەسایەتی ناوخۆ و بیانی و جەماوەرێكی زۆر لە هەرێمی كوردستان و پارچەكانی دیكە سەردانی مەزاری نەمران لە بارزان دەكەن و سۆز و پەیمان بۆ ئەو رێبازە پیرۆزە دووپات دەكەنەوە و دەڵێن، تا ماوین لەسەر ئەم رێبازە درێژە بە خەبات و تێكۆشان دەدەین تا بە ئامانجەكانمان دەگەین.
هەندێك لەو هاووڵاتیانەی سەردانی مەزاری نەمرانیان كردبوو، بە پێیان گەیشتبوون، رەشید تاهیر، یەكێك لەو كەسانە بوو، كە خەڵكی مەهابادە و دوای زیاتر لە 7 رۆژ بە پێیان گەیشتبووە سەر مەزاری نەمران بۆ " هەولێر"گوتی:" ئەوە چوارەمین ساڵە سەردانی مەزاری نەمران لە بارزان دەكەم، بڕیارم داوە هەر ساڵ لەو رۆژەدا روو لە بارزان بكەم و سۆز و پەیمان بۆ ئەو رێبازە پیرۆزە دووپات بكەمەوە.
دەشڵێ:" بارزانی نەمر زیاتر لە نیو سەدە خەباتی لە پێناو كوردستان كردووە، لەگەڵ ئەوەی بارزانی نەمر تەنیا موڵكی ناوچەیەكی دیاریكراو نیە، هەر ئەوەش وای كردووە كە كوردستانیان لە هەر چوار پارچەی كوردستان هەر چوار وەرزی ساڵ روو لە بارزان بكەن و سۆز و پەیمان بۆ ئەم رێبازە پیرۆزە نوێ بكەنەوە و بەردەوام بن لەسەر ئەم رێبازە
خاڵد خەمۆ، كە خەڵكی عەفرینە، بۆ "هەولێر" ئاشكرای كرد:" بارزانی نەمر لە خەمی هەر چوار پارچەی كوردستاندا بوو، هەمیشە خەمی ئەوە بووە كوردستان ئازاد بێت، هەروەها بارزانی نەمر دەنگی كوردانی نەك باشووری كوردستان، بەڵكو هەر چوار پارچەی كوردستانی گەیاندە جیهان، بۆیە تا ماوین لەسەر ئەم رێبازە پیرۆزە بەردەوام دەبین.
قادر موخلیس، مامۆستای ئاینی كە لە هەولێرەوە هاتبوو بۆ "هەولێر" دەڵێ، هەموو ساڵێك لەو یادەدا سەردانی مەزاری نەمران لە بارزان دەكەین، بەڵێن و سۆزی خۆمان بۆ رێبازی پیرۆزی بارزانی كە رێبازی كوردایەتی و برایەتی و پێكەوەژیان و ئاشتی و یەكسانی و دادپەروەرییە دووپات دەكەینەوە، كە هەمیشە قوتابی و درێژەپێدەری رێبازی پیرۆزی بارزانی بین و لە خەبات و تێكۆشان بۆ گەیشتن بە مافە سروشتی و رەواكانی گەلی كوردستان بەردەوام بین.
د. شاكر رەشید، مامۆستای زانكۆ لە زانستە سیاسییەكان كە لە دهۆكەوە هاتبووە سەر مەزاری نەمران بۆ "هەولێر" روونیكردەوە:" بارزانی نەمر كەسێك بوو كە هەموو ژیانی خۆی تەرخان كردبوو بۆ ئازادی كوردستان، بارزانی جیاوازی لە نێوان پێكهاتەكان نەدەكرد، نەی دەگوت ئەوە كوردە، یان ئێزدیییە، یان مەسیحییە، بە یەك چاو سەیری هەمووانی دەكرد، لەگەڵ ئەوەی كەسێكی مەرد بوو و بە رەحم بوو، ئەمڕۆش بۆ ئەوە هاتووینە سۆز و پەیمان بۆ ئەو ڕێبازە نوێ بكەینەوە و تا ماوین لەسەر ڕێبازی ئەو بەردەوام دەبین.
لە كۆتاییدا زكری خانۆ، پێشمەگەی شۆڕشی ئەیلوول بۆ "هەولێر" دركاندی، بارزانی نەمر كەسێكی خاوەن ئیرادە و بەهێز بوو، رێبازی بارزانی رێبازی كوردایەتیە و دەبێت لەسەر ئەو ڕێبازە بەردەوام بین، ساڵانە چەندین جار بەو پەڕی نیشتمانپەروەری و خۆشەویستییەوە روو لە مەزاری نەمران لە بارزان دەكەم".

© 2017 Hawler