ئەم پەڕەیە چاپ بکە

هەولێر چۆنیەتیی دابەشكردنی ئەندامانی لیژنەكانی پەرلەمان ئاشكرا دەكات

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، دەبێ دوای 25 رۆژ لە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی، كە رۆژی 18ـی شوبات هەڵبژێردرا، لیژنەكان دیاری بكرێن و ئەندامەكان هەڵبژێردرێن، هەر بۆ ئەم مەبەستە ئەمڕۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆك فراكسیۆنەكان كۆدەبنەوە بۆ پێشكەش كردنی ناوی كاندیدەكانیان بۆ لیژنە هەمیشەیەكانی پەرلەمان. سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێ:" ئەم خولەی پەرلەمان بۆتە جێی ئومێدی گەورەی خەڵكی كوردستان، هیوادارم ئەندامانی پەرلەمان لە ئاست چاوەڕوانییەكانی گەلی كوردستان بن لە جێبەجێ كردنی ئەركەكانیاندا بە هەموو پێكهاتە جیاوازەكانەوە.

لە ١٨ـی مانگی رابردوو، پەرلەمانی كوردستان دەستەی سەرۆكایەتیی هەڵبژارد و لە دووەم كۆبوونەوەشدا لیژنەی یاسایی هەڵبژێردرا، بەڵام تا ئێستا ١٤ لیژنە ماون دەستنیشان بكرێن، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ، دەبێ تا رۆژی 15-3-2019 لیژنەكان دیاری بكرێن، بۆیە لە وادەی دیاریكراودا لیژنەكان هەڵدەبژێردرێن.
ئەندامانی لیژنەكان بەپێی سیستەمی "سانت لیگۆ" بەسەر فراكسیۆنەكان دابەش دەكرێن و ڕێككەوتنی فراكسیۆنەكانیش هەیە بۆ دابەشكردنی ئەندامانی لیژنەكان.
ئەم خولەی پەرلەمان بۆتە جێی ئومێدی گەورەی خەڵكی كوردستان
یەكەم دانیشتنی خولی بەهارەی یاسادانانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دەستی پێ كرد. د. ڤاڵا فەرید، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بە بۆنەی دەستپێكردنی كارەكانی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان لە وتارێكدا رایگەیاند، لە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان هەر وەكو لە دانیشتنی یەكەم پێمان راگەیاندن لە پەیڕەوكردنی سیاسەتی بێ لایەنی بەرپرسیارەتی، ڕاوێژكاری و هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم فراكسیۆنەكانی پەرلەمان بەردەوام دەبین، وە كار دەكەین بۆ لێكنزیكبوونەوەی ڕای جیاوازەكان لە نێوان فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان لەسەر ئەو یاسانەی كە ڕەهەندی نیشتمانی و ڕەهەندی نەتەوەییان هەیە.
سەرۆكی پەرلەمان دەشڵێ:" خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان جێگەی ئۆمێدی گەورەی خەڵكی كوردستانە، هیوادارم ئەندامانی پەرلەمان لەئاست چاوەڕوانییەكانی گەلی كوردستان بن لە جێبەجێ كردنی ئەركەكانیان دا بە هەموو پێكهاتە جیاوازەكانەوە.
جێگری سەرۆكی پەرلەمان شێوازی كاری پەرلەمان ئاشكرا دەكات
هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، پرۆسەی چاكسازیان لەناو پەرلەمان دەستپێكردووە و رێگەنادەن لە بودجەی گشتی هاوكاری بێ بنەما بە بیانووی جۆراوجۆر بۆ پەرلەمانتار خەرجبكرێت و لە سامانی گشتی بابەتی ئۆتۆمبێل كڕین رووبدات".
هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و مونا قەهوەچی، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوە.
لەبارەی نێوەڕۆكی كۆبوونەوەكە، هێمن هەورامی، ڕایگەیاند:"پاش ئەوەی لە دانیشتنی رۆژی 18ـی شوبات وەك دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن زۆرینەی پەرلەمانتارانەوە متمانەیان پێدراوە، لەگەڵ سەرۆك و سكرتێری پەرلەمانی كوردستان دەستیان بە گرتنەبەری رێوشوێنی ئیداری پێویست كردووە بۆ "شەفافیەتی زیاتری كاری پەرلەمان، هەرچی باشتر رێكخستنەوەی كاروباری ئیداری پەرلەمان، چەسپاندنی دادپەروەری و شەفافیەتی زیاتر، نەهێشتنی بەهەدەردانی سامانی گشتی و رێكخستنەوەی خەرجییەكان".
هەورامی، گوتیشی: "وەك دەستەی سەرۆكایەتیی ئێستای پەرلەمان، لە خۆمانەوە دەستمان پێكرد و ئەو كراوەییەی لە دەسەڵاتی خەرجی دارایی و هاوكارییەی كە دەستەی سەرۆكایەتی هەیبوو، نەمانهێشتووە. لە رۆژانی رابردوو، لەگەڵ سەرجەم راویژكارەكان و بەڕێوەبەركانی ناو پەرلەمان كۆبووینەتەوە و ئەم سیاسەت و شێوەی كارەمان بۆ روونكردوونەتەوە. رامان گەیاندووە، بەرزكردنەوەی پلە بە میزاج و نایاسایی بە تەواوی رەتدەكەینەوە، دیاردەی واستە و واستەكاری، بەهەدەردانی بودجە و میزاجییەت لە هاوكاری و ئیمتیازات بە تەواوی رەتدەكەینەوە".
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەشڵێ: "لە كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرجەم سەرۆك فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان، پێمان راگەیاندن كە بەبێ هیچ جیاوازییەك، بۆ كاری پەرلەمانتاری پرەنسیپی دادپەروەری بەرامبەر سەرجەم پەرلەمانتارەكاندەگرینەبەر. پێمان راگەیاندن، بەپێچەوانەی خولەكانی دیكە رێگەنادەین لە بودجەی گشتی هاوكاری بێ بنەما بە بیانووی جۆراوجۆر بۆ پەرلەمانتار خەرجبكرێت، رێگەنادەین لە سامانی گشتی بابەتی ئۆتۆمبێل كڕین رووبدات".
هێمن هەورامی زیاتر گوتی: "لەبری ئەوە، پێشنیازمان بۆ كردوون كە شەفافانە، مانگانە بڕی لە 2%ـی مووچەكانیان بخرێتە سندووقێك و پەرلەمانی كوردستانیش بە هەمان بڕ، هاوكاری ئەو سندووقە بێت بۆ حاڵەتی تەندروستی و حاڵەتی لەناكاو و پێویستیان. ئەوەش بۆ بنبڕكردنی بەهەدەردان و بڕیاری میزاجیانە، بۆ كاروباری گواستنەوە و كاری رۆژانەی پەرلەمانتاران و هاتوچۆی شار و شارۆچكەكان و بەسەركردنەوەی هاووڵاتیان، پێمان راگەیاندن كە چاوەڕێی ئەوە نەبن لە بودجەی پەرلەمان ئۆتۆمبێل دابینبكرێت، لەبری ئەوە چەند پیشنیازێكیان پێدراوە، كە بە قیستی مانگانە لە مووچەكانیان بە زەمانەتی پەرلەمان ئۆتۆمبێل بۆ خۆیان دابینبكەن".
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان جەختدەكاتەوە، "شێوازی كاری ئێمە شەفافانە بەردەوامە بۆ ئەوەی پەرلەمانێكی بەهێز و كراوەمان هەبێت، پرس و راوێژ بە فراكسیۆنە بەڕێزەكان بۆ كاروباری پەرلەمان و ئیدارەدانی نەهجی ئێمەیە".
فراكسیۆنی پارتی پشتیوانی لە هەنگاوەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان دەكات
فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان لە روونكردنەوەیەكدا پاڵپشتی لە هەنگاوەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لە بواری چاكسازییدا دەكات و لە راگەیێندراوێكدا دەنگدەران و ئەندامانی پارتی دڵنیادەكەنەوە كە "بابەتی دژایەتی گەندەڵی و چاكسازی بەردەوام بەرنامەی فراكسیۆنەكەیان" دەبێت.
لە روونكردنەوەكەی فراكسیۆنی پارتیدا هاتووە، لە كۆبوونەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان، لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمان چەند بابەتێكی چاكسازیی ئیداری خرانەڕوو، ئەوە بەرچاوخرا كە پەرلەمانی كوردستان دەستی بە چاكسازیی ناوخۆیی كردووە و لەسەرەتادا و یەكەم فراكسیۆن، فراكسیۆنی پارتی پاڵپشتی و پشتیوانی بۆ هەرچاكسازییەك خستەڕوو".
فراكسیۆنی پارتی دەڵێت "لە تەوەری یەكەم بیرۆكەیەك پێشنیازكرا كە بۆئەوەی پارە بەخشینەوە نەمێنێت بەناوی هاوكاری و بیانووی جۆراوجۆر لەسەر بودجەی پەرلەمان، لەمووچەی هەموو پەرلەمانتاران مانگانە پارە بگێڕدرێتەوە و لە حاڵەتێكی نەخوازراو بە پارەی خۆیان پاڵپشتی بكرێن".
فراكسیۆنی پارتی رایدەگەیێنێت "لەتەوەری دووەم ئەوە خرایەڕوو كە ئیدارەی پەرلەمان كارئاسانی بكات كە لەسەر حیسابی خۆیان بەشێوازی قیست ئۆتۆمبێل بۆ پەرلەمانتاران دابین بكرێت و بەهیچ شێوەیەك پەرلەمان پارەكەی نەدات، هەروەها پێشنیازی ئەوەكرا كە ئەگەر پەرلەمان ئۆتۆمبێل دابین بكات موڵكی پەرلەمانە ‌و كەسی دیكە خاوەندارێتی ناكات".
فراكسیۆنی پارتی دەڵێت هەروەها رایدەگەیێنێت "هەر بابەتێك باسكرابێت جگە لە پێشنیاز هیچ بڕیارێكی لێنەدراوە و جێهێڵدراوە بۆ كۆبوەنەوەكانی داهاتوو. بۆیە پێویست ناكات هیچ فراكسیۆن و كەسێكیتر موزایەدە بەسەر كەسەوە بكات".
فراكسیۆنی پارتی لە كۆتایی روونكردنەوەكەدا دەڵێت "دەنگدەران و ئەندامانی پارتی دڵنیادەكەینەوە كە بابەتی دژایەتی گەندەڵی و چاكسازی بەردەوام بەرنامەی فراكسیۆنەكەتانە ‌و بەهیچ شێوەیەك سازشی لەسەر ناكەین و دژایەتی دیاردەی واستە و واستەكاری و بڵندكردنەوەی پلە لەسەر ئەساسی میزاج و خزم خزمێنە لەناو پەرلەمان داواكاری و بەرنامەی فراكسیۆنی پارتییە".
فراكسیۆنی پارتی سەرۆكایەتیی ٧ لیژنە وەردەگرێت
ئەمڕۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆك فراكسیۆنەكان كۆدەبنەوە بۆ پێشكەش كردنی ناوی كاندیدەكانیان بۆ لیژنە هەمیشەیەكانی پەرلەمان، تاكو پەرلەمان و پەرلەمانتاران بكەونە چاودێریكردنی كارەكانی حكوومەتەوە.
خەدیجە عومەر، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ " هەولێر" دیاركرد:" سەرۆك فراكسیۆنەكان لە گفتوگۆدان بۆ یكلاكردنەوەی ئەو لیژنانەی كە ماون، پارتی بەپێی ئیستحقاقی خۆی كە گەورەترین فراكسیۆنە لە پەرلەمان، سەرۆكایەتیی ٧ لیژنە وەردەگرێت، لە چەندین لیژنەی دیكەشدا جێگر و بڕیاردەری دەبێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی گوتیشی:" بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، دەبێ لە ماوەی 25 ڕۆژ دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان سەرجەم لیژنەكانی پەرلەمان پێك بهێنرێن، كەواتە دەبێ تا ناوەڕاستی ئەم مانگە سەرجەم لیژنەكان پێك بهێنین.
خەدیجە عومەر، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" بە سیستەمی "سانت لیگۆ" لیژنەكانی پەرلەمانی كوردستان دابەش دەكرێن، ئەم سیستەمەش بە گوێرەی كورسییەكانی پەرلەمان ئەندام بۆ لیژنەكان دیاری دەكات، جیا لەوەش، ڕێككەوتنی فراكسیۆنەكان هەیە بۆ دابەشكردنی ئەندامانی لیژنەكان."