نیسان 03, 2020

١٧ ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی داوای هەڵوێست وەرگرتن دەکەن لە دژی بەغدا

تا دێت ئەو بەڵێن و پەیمانانەی عەبادی کە بە موچەخۆرانی کوردستانی دەدا، ڕونتر دەبێتەوە کە بەڵێنی زارەکییە و بەغدا هیچ نییەتێکی نییە بۆ جارەسەر کردنی کێشەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا چەندین لیژنەی وردبینی بە مەبەستی چاوخشاندنەوە بە لیستی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هاتنە هەولێر بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکان و چاککردنەوەی موچەی وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە و وەزارەتەکانی تریش، بەڵام تا ئێستا هیچ پارەیەک ڕەوانەی کوردستان نەکراوە بۆ ئەو مەبەستە و عەبادی سەرۆک وەزیرانیش، هەرجارە و بە شیوازێک باس لە چارەسەرکردنی کێشەی موچەخۆرانی کوردستان دەکات .
دوێنێ لە نامەیەكیاندا بۆ سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، 17 ئەندامی ئەنجوومەنەكە داوا دەكەن سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بەرامبەر بەغدا هەڵوێستێكی روونی هەبێت ‌و وەک لە نامەکەیاندا هاتووە "نابێت عێراق چیدیكە قوتی مووچەخۆرانی كوردستان تێكەڵاوی بابەتی سیاسی ‌و بانگەشەی هەڵبژاردن بكات".
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، باسی لەوە کرد ئەوان نامەیەکیان ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کردووە و تیایدا داوایان کردووە هەڵوێستیان ڕوون بێت بەرامبەر بەغدا و ئەو ئەندامەی ئەنجوومەن دەڵێت "ئەوەی ئێستا بەغدا دەیكات، بەتایبەت دوای ئامادەكردنی لیستی مووچەی فەرمانبەران بەپێی سیستەمی بایۆمەتری، تەنیا دەستی دەستیكردنە بە فەرمانبەران، بۆیە دەبێت سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی هەڵوێستێكی روونی بەرامبەر ئەو كارەی عێراق هەبێت".
چەندین جارە عەبادی بەڵێنی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی داوە و پاشانیش بێ بەڵێنی لێکردووە و تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی جدی نەناوە.

© 2017 Hawler