ئاب 08, 2020

به‌شێك له‌ وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌ورووپا له‌ توركیا نیـــــگه‌رانن

بەهۆی هەناردەکردنی ڕۆنی زەیتون بۆ یەکێتی ئەوروپاوە بەناوی بەرهەمی خۆماڵی، تورکیا ڕووبەرووی ڕەخنەیەکی تووند بووەتەوە، بەوەی کە ئەو ڕۆنەی هەناردەی دەکات، هی بەرهەمی ئەنکەرا نییە، بەڵکو لەشاری عەفرین لەباکووری سووریاوە بەقاچاخ بردراوە.

بەو هۆیەوە دوو پەرلەمانتاری پەرلەمانی ئیسپانیا داواکارییەکیان پێشکەش کردووە، بۆ بانگهێشتکردنی حکومەتی ئیسپانیاو ئەنجومەنی ئەوروپا تا لێکۆڵینەوە لەو پرسە بکات بەوەی "تاچەند ڕۆنی زەیتونی تورکیا لەخاکی سووریاوە بەقاچاخ بردراوە".لەلایەن خۆیەوە گۆڤاری (Olive Oil Times) تایبەت بەکەرتی زەیتون و بەرهەمەکانی لەسەرتاسەری جیهان ڕایگەیاندووە "ڕەنگە ئیسپانیا ئەو ڕۆن زەیتونەی دەستکەوتبێت کە لەسەری نووسراوە (لەتورکیا دروستکراوە)، بەڵام بەشێوەیەکی نایاسایی لەباکووری سووریاوە دەستی بەسەردا گرتووە".هێماشی بەوە کردووە "ڕەنگە لەو بارەیەوە لێکۆڵینەوەیەک ئەنجامبدرێت".
گۆڤارەکە لەسەر زاری بەکر باکدمیرلی، وەزیری کشتوکاڵی تورکیا زانیارییەکانی پشتڕاست دەکاتەوە، بەڵام دەڵێت "دەست بەسەر ڕۆنی زەیتونی باکووری سووریا گیراوە، بەڵام نازانێت کاروانەکان بەشێوەیەکی گشتی بەرەو کوێ چووە".هەردوو پەرلەمانتارەکەی مەدرید داواشیان لەوڵاتەکەیان کردووە "لێکۆڵینەوە لەمێژوو و قەبارەی ڕۆنی زەیتونی هاوردەکراوی تورکیا بکەن"، بەتایبەت لەمێژووی بەقاچاخبردنی ئەو ڕۆنە لەباکووری سووریاوە.
لەلایەن خۆیەوە بەرپرسی دەستەی چاودێریکردنی هەناردەکاری ئیسپانیا (SOIVRE) جەختی لەوە کردووەتەوە "دسەڵاتدارانی ئیسپانیا تەکنەلۆژیای پێویستی لەبەردەست نییە بۆ دیاریی کردنی بنەڕەتی ڕۆنی زەیتونی هاوردەکراو".
دەشڵێت "ئێمە دەتوانین بەراورد لەنێو ڕۆنەکە بکەین، بەوەی تاچەند لەگەڵ پێوەرو تایبەتمەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا دەگونجێت".یەکەم لایەنیش بلێسەی ئەو بابەتەی هەڵگیرساند، بێرنهارد گۆهل، ئەندامی پارتی پارێزگارانی دیموکراتییەکانی سویسرا بوو، کاتێک لەچاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکا ئاشکرای کرد "گرووپە چەکدارەکان بەپاڵپشتی هێزە تورکییەکان، دەستیان بەتاڵانکردنی کێڵگەکانی زەیتونی شاری عەفرین کردووە لەباکووری سووریا و، لەبازاڕەکانی ئیسپانیاش وەک بەرهەمی تورکی دەیفرۆشنەوە".
لەخاکی عەفرین لەسەر ڕووبەروێکی فراوان ڕۆنی زەیتون و سابوون بەرهەم دەهێنرێت، بەجۆرێک ژمارەی دارەکانی لەسەرووی ٢٠٠ ملیۆن دار دەبن، لەکۆتاییەکانی ساڵی ڕابردووش لە ڕێگەی دەروازەی چڵەی زەیتونی سنووری لەگەڵ تورکیا دەستی بەکار کردووە، بۆ بەڕێوەبردن و بەدەستهێنانی داهات بووە.
داهاتی ساڵانەش لە ڕۆنی زەیتونی عەفرین لەبازاڕە نێودەوڵەتییەکان نزیکەی ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری ئەمەریکییە.لەو بارەوەش ڕۆژنامەی PUBLICO ـی ئیسپانی ڕاپۆرتێکی لەبارەی دروستکردنی ڕۆنی زەیتون و گواستنەوەی بۆ تورکیا بڵاوکردووەتەوە.
لەبەشێکی ڕاپۆرتەکەیدا باسی لەوە کردووە "تورکیا ڕۆنەکە دوای چارەسەرکردنی بۆ خاکەکەی دەگوازێتەوە، دواتریش مۆری (دروستکراوی تورکیا) ـی لێدەدات و لە ڕێگەی کۆمپانیا دەڵاڵەکانی خۆیەوە ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکات".لە ٢٠ کانوونی یەکەم (سەرماوەز)ی ٢٠١٨ سوپای تورکیا بەهاوبەشی لەگەڵ گرووپەکانی سوپای سووریای ئازاد، لەئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا بەناوی (چڵەی زەیتون) هێرشیان کردە سەر عەفرین و داگیریان کرد.دەنگۆی دەستبەسەراگرتنی بێستانەکانی زەیتونی عەفرینیش لەلایەن تۆڕی سووری بۆ مافی مرۆڤ و ڕێکخراوی برانهارد غوهڵی سویسرییەوە ئاشکرا کراون.
تۆڕەکەی سووریاش گووتی "لە ڕێگەی چەکدارانی هێزەکانی چڵەی زەیتون، هەزاران ئەمباری ڕۆنی زەیتون لەعەفرین دزران و، لەبازاڕە جیاوازەکانیش فرۆشراون".
هاوکات ڕێکخراوە سویسرییەکەش باسی لەوە کردووە "بێستانەکانی زەیتونی عەفرین لەلایەن هێزە تورکی و گرووپە چەکدارە سوورییەکانەوە تاڵان کراون و ڕۆنە دزراوەکەش لەبازاڕی ئیسپانیا فرۆشراون".دووپاتیدەکاتەوە "تائێستاش بەردەوامن لەدزینی ئەو ڕۆنەو فرۆشتنی لەبازاڕەکان".

 

کارزان حەمید - هەولێر

© 2017 Hawler