نیسان 21, 2019

حکوومەتی بەریتانیا هەوڵەکانی چڕکردونەتەوە بۆ چاککردنی ڕێکەوتنی برێگزیت

پەرلەمانی بەریتانیا لە (١٤)ی ئەو مانگەدا دیبەتێک ئەنجامدەدا بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی حکومەتی بەریتانیا سەبارەت بەچاککردنی یان ئەو گۆڕانکاریانەی کە بڕیاروایە لەپڕۆژەی ڕێکەوتنی برێگزیتدا دەستکاری بکرێ، ئەگەر بێتو هەتاکو ئەو کاتە حکومەت بتوانێ ئەو گۆڕانکاریانە لەڕێکەوتنەکەدا جێبکاتەوە و ڕێکەوتنەکە بگەڕێنێتەوە ئەوا پەرلەمان دەنگدان لەسەر پرۆژەکە ئەنجامدەدا و ئەو دیبەتە پێویست نابێ.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (ڕۆیتەرز) لەدوای شکستهێنانی پرۆژەی ڕێکەوتنی برێگزیت لەنێوان بەریتانیا و یەکیەتی ئەوروپا، (تێریز مەی) سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا هەوڵەکانی دەستپێکردون بۆ چاککردن یان گۆڕانکاریکردن لەپرۆژەکەدا بەو ئاراستەیەی کە پەرلەمان لەدەنگداندا یەکلایی کردەوە، لەپەرلەمانی بەریتانیا لە (٢٩ی کانونی دووەمی ٢٠١٩) ەدا پرۆژەی حکومەت بەگۆڕانکاری لە (باک‌ستۆپ) کە بۆ چارەسەری سنوری نێوان ئێرلەندا و ئێرلەندای باکور دانراوە سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
(مەی) بەڵێنی ئەوەیداوە کە پرۆژەکە بەچاککراوی بگەڕێنێتەوە بۆ پەرلەمانی بەریتانیا لەزووترین کاتدا بەڵام هەتاوەکو ئێستا ڕۆژی گێڕانەوەی دیارینەکراوە چونکە هێشتا پێناچێ یەکیەتی ئەوروپا پێشوازی لەو هەوڵانەی بەریتانیا سەبارەت بەدەستکاریکردنی پرۆژەکە بکەن. وە ئەگەر بێتو نەتوانێ تاوەکو (١٣)ی شوبات ئەو هەنگاوانە ئەنجامبدا ئەوا پەرلەمانی بەریتانیا دیبەتێک لە (١٤ی شوبات) دا ئەنجامدەدا، ئامانج لەو دیبەتە خستنەبەرباسی پرۆژەی نوێ دەبێ سەبارەت بەدەرچون لەو کێشەیەی ئێستای پرسی برێگزیت.

پەرلەمان تاوتوێی چی دەکات؟
پێدەچێت (مەی) سەرۆکوەزیران لە (١٣)ی مانگدا ڕاگەێنراوێک بڵاوبکاتەوە سەبارەت بە کاروچالاکیەکانی و ئەو هەوڵانەی تاوەکو ئێستا بۆ دەستکاریکردنی پرۆژەکە ئەنجامیداون.
پێدەچێت لە (١٤) مانگدا پەرلەمانتاران پرۆژەی نوێ بخەنە بەرباس و تاوتوێکردن، هەروەکو ئەو دیبەتەی کە لە (٢٩ی کانونی دووەمی ٢٠١٩) دا ئەنجامیاندا کە تیایدا نزیکەی حەوت پرۆژە سەبارەت بەچارەنوسی برێگزیت تاوتوێکران.
یاسادانەران لەپەرلەمانی بەریتانیا ڕێگاپێدراون و دەتوانن گۆڕانکاری لەپرۆژەکەدا پێشکەشبکەن و، بیخەنە بەرباس و گفتوگۆ و دواتر دەنگی لەسەر بدەن، ئەگەر ئەو هەوڵانەی پارتە سیاسیەکان و پەرلەمانتارانیش بەجیا سەرکەتووبون ئەوا هاوشێوەی دانیشتنەکەی (٢٩) مانگی ڕابردوو یاسادانەران لەپەرلەمانی بەریتانیا دەتوانن قۆناغی داهاتووی پرسی برێگزیت یەکلایی بکەنەوە، هەروەها دەتوانن دانوستانکردنەوە لەسەر برێگزیت ببەستن، یان دوایبخەن، یان هەر ڕێگایەکی دیکەی نوێ کە بەگونجاوی بزانن و لەبەرژەوەندی بەریتانیادا بێت دیاریبکەن.
ئەوەی کە هەتاوەکو ئێستا لەمیدیایەکانی بەریتانیاوە باسی لێوەدەکرێ ئەوەیە کە یەکیەتی ئەوروپا تائێستا ئامادەیی نیشاننەداوە دەرگای گفتوگۆ و دانوستانەکان بکاتەوە لەسەر ڕێکەوتنی کشانەوەی بەریتانیا لەیەکیەتی ئەوروپا، ئەوان لەو باوەڕەدان ئەو پرۆژەیە تەواوبوە و، ڕێکەوتنەکە بەو شێوەیە دەبێ جێبەجێبکرێ کە پێشتر هەردوولا لەسەری ڕێکەوتون.
لەیەکێک لەو پرۆژانەی کە لە (٢٩) مانگی ڕابردوودا پەرلەمانی بەریتانیا تاوتوێیکردن، پرۆژەکەی (نیک بۆلس) و (یوڤیت کوپەر) بوو کە دوایانکردبوو پەرلەمان دەسەڵاتی دواخستنی ڕۆژی دەرچونی بەریتانیا هەبێ لەیەکیەتی ئەوروپا کە پێشتر (٢٩ی ئازاری ٢٠١٩) بۆ ئەو مەبەستە دیاریکراوە، بەڵام پرۆژەکە سەرکەوتوو نەبوو. ئەگەر ڕێکەوتن تاوەکو (١٤)ی مانگ سەبارەت بەدەستکاریکردنی ڕێکەوتنی برێگزیت ئەنجامنەدرێ ئەوا (بۆلس) جارێکی دیکە ئەو پرۆژەیە دێنێتەوە بەرباسکردن لە دیبەیتی (١٤) ی مانگدا، وە بەشێک لەپەرلەمانتاران لەو باوەڕەدان کە ئەگەر بێتو کاتێکی درێژتر لەبەردەم دەرچونی بەریتانیادا هەبێ ئەوا دەتوانن ڕێکەوتنێکی باشتر ئەنجامبدەن و، ترسیش لەدەرچون بەبێ ڕێکەوتن نامێنێ.
وە بەپێی ڕاپۆرتێکی (گاردیان) چەند پەرلەمانتارێک پرۆژەیەکی دیکەی نوێیان هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو چەقبەستویەی پرسی برێگزیت ئەویش ئەنجامدانی ڕیفراندۆمێکی دیکەیە تاوەکو گەل ئەو پرسە یەکلابکاتەوە، رێفراندۆمەکە دوو پرسیاری تێدا دەبن کە ئەوانیش بریتین لە قبوڵکردنی بڕیاری ڕێکەوتنی حکومەت بۆ دەرچون، یان مانەوە لەیەکیەتی ئەوروپادا، وە ئەگەر بێتو ئەو پرۆژەیە بێتە ئەنجامدان ئەوا پێویست ناکات پەرلەمان دەنگدان لەسەر ڕێکەوتنی تازەی حکومەت بۆ پرسی برێگزیت بکاتەوە و، هەروەها لەبەرژەوەندی هەردوو بەرەی مانەوە و دەرچونیشدا دەبێت.
شیاوی باسکردنە، ڕیفراندۆمی جیابونەوەی بەریتانیا لەیەکیەتی ئەوروپا کە لەحوزەیرانی (٢٠١٦) ەدا ئەنجامدرا، بەهۆی ناڕوونی لەسەر دواڕۆژی شێوەی پەیوەندییەکان دۆخێکی ناسەقامگیری سیاسی و ئابوری لەبەریتانیا دروستکردوە.
لەدوای ڕیفراندۆم حکومەتی بەریتانیا و یەکیەتی ئەوروپا کەوتنە دانوستانکردن و لەکۆتایی ساڵی (٢٠١٨)ەدا ڕێکەوتن ئەنجامدرا لەسەر چوارچێوەی پرۆژەیەک بۆ کشانەوەی بەریتانیا و، شێوازی پەیوەندییەکانی داهاتویشیان لەو پرۆژەیەدا دیاریکردوە، وڵاتانی یەکیەتی ئەوروپا بەو ڕێکەوتنە ڕازیبون بەڵام پرۆژەکە لەپەرلەمانی بەریتانیا شکستی ‌هێنا و داوای باشترکردنی ڕێکەوتنەکە دەکەن.
ئێستا کات کەم ماوە لەبەردەم دەرچونی بەریتانیا لەیەکیەتی ئەوروپا کە (٢٩ی ئازاری ٢٠١٩) بۆ ئەو مەبەستە دیاریکراوە، حکومەتی بەریتانیا دەبێ لەو ماوەیەدا ئاکامی هەوڵەکانی بێنێتەوە پەرلەمان و دوابڕیار لەسەر پرۆژەی ڕێکەوتنەکە یان چارەنوسی برێگزیت بدەن.
چاودێران وایدەبینن کە تاکۆتایی مانگی شوبات، حکومەتی بەریتانیا دەتوانێ ڕێکەوتنەکە بگەڕێنێتەوە بۆ پەرلەمان بۆ ئەوەی دەنگدانێکی تازەی لەسەر بدەن.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler