ئاب 22, 2019

لە ماجەرستان هەر ئافرەتێك 4 منداڵی ببێت لە باج دەبورێت

سەرۆك وەزیرانی ماجەرستان رایگەیاند، هەر دایكێك بتوانێت 4 منداڵ یان زیاتری ببێت تا هەتایە سیستەمی باج نایگرێتەوە و هەر داهاتێكی دەست بكەوێت باجی لەسەر نامێنێت.

ڤیكتۆر ئۆربان سەرۆك وەزیرانی ماجەرستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەونیدا ئاماژەی دا، بۆ ئەوەی وڵاتەكەیان زۆرترین نەوە بهێنێتەوە و ژمارەی دانیشتوانیان زیاد ببێت ئەو بڕیارەیان داوە. هەروەها یەكێكی دیكەش لەو هۆكارانەی وای كردوە ئۆربان ئەو بڕیارە بدات بۆ ئەوەیە كە پێویستیان بە وەرگرتنی كۆچبەر نەبێت بۆ وڵاتەكەیان.
ئۆربان دەڵێت: "لە وڵاتانی ئەوروپی كێشەی لە دایكبوون هەیە، واتە لە دایكبوونی منداڵ رێژەكەی زۆر كەم بوە، بۆیە ناچارن دەرگا بەرووی كۆچبەردا بكەنەوە. بەڵام تاوەكو ئێستا ماجەرستان دووچاری ئەو كێشەیە نەبوەتەوە. لەمەودوا هەر دایكێك 4 منداڵ یان زیاتر بهێنێتە دنیاوە، سیستەمی باج نایگرێتەوە تا هەتایە و هەر داهاتێك بەدەست بهێنێت بە تەواوی بۆ خۆیەتی".
باسی لەوەش كرد، كە زۆرێك لە وڵاتان دایكان هان دەدەن تا منداڵ دروست بكەن تەنیا بۆ زیادكردنی رێژەی منداڵ و زیادكردنی ژمارە، بەڵام ماجەرستان بۆ زیادكردنی ژمارە هانی دایكان نادات منداڵیان ببێت، بەڵكو پێویستیان بە منداڵە بۆ وڵاتەكەیان.
سەرۆك وەزیرانی ماجەرستان باسی لە پلانێكی حكوومەت كرد بۆ 3 ساڵی داهاتوو، كە لەو پلانەدا سیستەمی تەندروستی وڵاتەكەیان بەرەو پێشەوە دەبەن بەوەی 2.5 ملیار دۆلاری بۆ تەرخان دەكەن، هەروەها هاوكاری ئەو خانەوادانە دەكەن كە كرێچین و شوقەیان بۆ دروست دەكەن.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی ماڵپەڕی (BBC)ـی توركی بڵاوی كردوەتەوە، ماجەرستان ساڵانە ژمارەی دانیشتوانی 32 هەزار كەم دەكات، ئەمەش بە كێشەیەكی گەورەی وڵاتەكە دادەنرێت، بۆیە حكوومەت هانی دایكان دەدات 4 منداڵ بەرەو سەرەوەیان ببێت.

 

كارزان گلی ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler