نیسان 21, 2019

یەحیا کوبەیسی، ڕاوێژکاری ناوەندی عەرەبی: دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق پڕۆپاگەندەیە

پسپۆرێکی عێراقی ئاشکرای دەکات "کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا هیچ گفتوگۆییەکی واقیعی هەڵناگرێت"، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە تا ئێستا هێزە سەربازییەکانی عێراق لە ئامادەباشیدا نین و، پێویستیان بە هاریکاری هێزە بیانییەکان هەیە.

دکتۆر یەحیا کوبەیسی، ڕاوێژکاری ناوەندی عەرەبی بۆ توێژینەوە لەلێدوانێکی لە عەممانەوە ڕایگەیاند "مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق پەیوەندی بەلێهاتوو و بۆچوونەکان نییە، بەڵکو وابەستەیە بە شیکردنەوەی ستراتیژی هێزەکانی عێراقە بۆ قەبارەی هەڕەشەکان کە تا وەکو ئێستاش داعش دروستی دەکات، و هەروەها کۆمەڵێک هۆکاری دیکەش هەیە".
گووتیشی "بەبۆچوونی تایبەتی خۆم، هێشتا عێراق پێویستی بەمانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هێزە بیانییەکانی دیکە هەیە لە خاکەکەی، نەک تەنها بۆ مەبەستی ڕاهێنان وەک بانگەشەکەی حکومەت، گرنگیی ئەو هێزانەش هاوکاتە لەگەڵ نەبوونی ئیمکانیاتی هێزە سەربازییە عێراقییەکان بۆ ڕاپەراندنی کارەکانی".
کوبەیسی ئاماژەی بەوەش دا "دەبێ ئەوەمان لەبیر بێت دوو ڕۆژ پێش ئێستا حکومەتی عێراق بەشێوەیەکی فەرمیی داوای لەویلایەتە یەکگرتووەکان کردووە، بۆ ئەوەی هێرشی ئاسمانی لە باکووری مەکفول ئەنجام بدەن، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت عێراق توانای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوشێوەی نییە".
بەشێک لەفراکسیۆنە نزیکەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەنێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەوڵی ئەوەدان، پرۆژە یاسایەک لە پەرلەمانی وڵاتەکەیان دەربکەن، هێزە بیانیەکان لەسەرووی هەموویانەوەش هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا تا ٢٠٢٢ خاکی عێراق چۆڵ بکەن".
پسپۆڕە عێراقییەکە باسی لەوەش کرد "پێویستە چوارچێوەیەکی یاسایی هەبێت مانەوەی ئەو هێزانە ڕێک بخات، چونکە لەدوای کۆتایی هاتنی ڕێکەوتننامە ئەمنییەکەی بەغداو واشنتۆن لە ٢٠٠٨، لە ٣١ کانوونی یەکەمی ٢٠١١ کۆتایی هاتووە، کەئێستا ئەو چوارچێوە یاساییە نییە".
لەسەروبەندی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، جۆرج بوشی کوڕ لەگەڵ حکومەتی پێشووتری بەغدا لەدوای کشانەوەی هێزەکانیان لە خاکی عێراق ڕێککەوتننامەیەکی هاوبەشیان واژوو کرد، بۆ ئەوەی واشنتۆن لەکاتی پێویستدا پاڵپشتی و یارمەتی عێراق بدات. بەو هۆیەوەش لەدوای ڕووداوەکانی حوزەیرانی ٢٠١٤، کاتێک داعش زۆربەی شارەکانی باکووری ڕۆژاوای عێراقی داگیر کرد، ویلایەتە یەکگرتووەکان بەهەماهەنگی زۆربەی وڵاتانی جیهان هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتییان دژی ئەو گرووپە دروست کرد و، دووبارە هێزەکانیان لەعێراق جێگیر کردەوە.
بە پێی ئامارە فەرمییەکانی واشنتۆن نزیکەی پێنج هەزار سەربازی ئەمەریکی لەناوچەکانی ئەنبارو موسڵ و هەولێر جێگیر کراون، کەبەگووتەی حکومەت ئەرکیان ڕاهێنان و مەشقکردنی هێزە سەربازییەکانی عێراقە. کوبەیسی لەبارەی چوارچێوەی یاسایی ئەو هێزانە ئاشکرای دەکات "لێرەوە کێشەکان دروست بوونە، کەهیچ چوارچێوەیەکی یاسایی نییە بۆ ڕێکخستنەوەی کاری هێزە بیانییەکان لەخاکی عێراق، ئەمەش لە داهاتوو کێشەی دیکەو گەورەتر دروست دەکات". پێی وایە "پێویستە عێراق ڕێککەوتننامەیەکی ڕوون و ئاشکرا لەو بارەیەوە واژوو بکات".
لەبارەی ئامادە کردنی یاسایەک بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان، جەخت لەوە دەکاتەوە "هەوڵەکانی داڕشتنی یاسایەک بۆ دەرکردنی هێزە بیانیەکان لەنێویاندا ئەمەریکییەکان لەعێراق، پەیوەندیی بەکۆمەڵێک پرسەوە هەیە، یەکەمیان میللیگەرییە، بۆ ڕاکێشانی خەڵکە سادەو ساکارەکان، پاشانیش پەیوەندیی، هەندێکی دیکەشیان بابەتێکی ئایدەلۆژییەو باوەڕی بەبابەتی کەیسەکە نییە، هەموو ئەمانەش پرۆپاگەندەیەو ناگاتە بابەتێکی یەکلایی کەرەوەو، یاسایەک لەو بوارە بەتایبەت بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان لەعێراق بەو شێوەیە باس دەکرێت ڕوو نادەن".
ئەو لایانانەش هەوڵی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەخاکەکەیان دەدەن، فراکسیۆنی عەسائیبی ئەهلی حەقە، کە لە لایەن قەیس خەزعەلییەوە ڕابەرایەتی دەکرێت و، بەپیاوی متمانەپێکراوی تاران دادەنرێت و، بڕیارەکانی ئێران لەلایەن قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسەوە بەدەست دەکات.

 

کارزان حەمید - هەولێر

© 2017 Hawler