نیسان 24, 2018

عەفرین؛ مەتۆڵەکەی شەڕ و ئاشتی

عەفرینی ڕۆژاوای کوردستان کەوتووەتە بن دەستی سووریاوە و، تورکیا وەها پەلاماری داوە، وەک بڵێی هی خۆیەتی و، ئەو شەڕەی هەڵیخڕاندووە شەڕی ناوخۆی تورکیایە!
کوردی ڕۆژاوا لەمێژە دەیانزانی تورکیا دان بە خۆیدا ناگرێ و ئاخری پەلاماریان دەدات، جا بۆیە خۆیان ئامادە کردبوو. سەیرەکە لەوەدایە کوردی ڕۆژاوا چی دەسکەوتیان هەیە، زۆربەی هەرە زۆری، بە سای شەڕەوە دەستیان کەوتووە.
 
تورکیا ئەوە سێ حەفتە زیاترە بە ئاڵای چڵەزەیتوونەوە شەڕێکی ڕەشی هەڵگیرساندووە و، لە زەوی و ئاسمانەوە عەفرینی داوەتە بەر ئاگر، بەڵام لەوە نەبێ پۆل‌پۆل خەڵکی لاشەڕ و بێتاوان دەکوژێ، بستەخاکێکی کانتۆنی عەفرینی بە تەواوەتی پێ داگیر نەکراوە.
مانگێک لەمەوبەر دەنگۆ داکەوت گوایە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بەنیازن سیهەزار سنوورەوانی کورد و عەرەب بنێرن بۆ پاراستنی سنووری نێوان سووریا و تورکیا؛ توورکیایش کردیە دەسپێچ و هەڕەشەکەی کردە ڕاست و، جەندرمەی ناردە سەر عەفرین؛ لەو سووریا کاولبووەدا، عەفرین بووەتە هێلانەی ئەو ئاوارانەی لە هەڵەب و ئدلیبەوە هەڵهاتوونە؛ بەڵام ئەو عەفرینە دوور لە ئاژاوەیە بە لای ئەردۆغانەوە لانەی ڕەشکوژانە و ناوی لێ ناوە کونەئاژاوە!
١٩/١/٢٠١٨، تورکیا بنکە و سەنگەرەکانی یەپەگەی لە جندرز و قەستەل‌جندۆ و باسۆفا و بۆرەحەیدەر دایە بەر تۆپ و، ڕۆژی پاشترێ، هێزەکانی سوپای ئازادی سووریای بەر دایە گیانیان؛ چاودێران لەمێژە گوتوویانە پاش داعش، سووریا سێ شەڕی دی بە خۆیەوە دەبینێت:
• شەڕی سەرکوتکردنی کوردی ڕۆژاوا، کە ئێران و تورکیا دەیگێڕن و، بەر لە دوو شەڕەکەی دی هەڵدەگیرسێ و ئەگەری هەڵگیرسانیشی زیاترە؛ پێرێ کە ئەردۆغان تەلەفۆنی بۆ ڕۆحانی کردبوو، سەرۆکی کۆمارە ئیسلامیەکەی ئێران گوتبووی وەکچۆن لە ئێراقدا پەکی کوردمان خست، لە سووریایشدا هەر وایان لێ دەکەین؛
• شەڕی هاوپەیمانان و شێعەکانی سەر بە ئێران لە بیاوانەکانی باشووری ڕژهەڵاتی سووریا، لە نزیک سنووری ئێراق؛
• شەڕی کوتانی حزبوڵای لوبنان لە سووریاوە کە ئیسرائیل و عەرەبستانی سعوودی دەیگێڕن.

شەڕی عەفرین؛ شەڕی ناوخۆی تورکیا یان سووریا؟
وەکو هەڵکەوتە، شەڕی عەفرین لە سنووری بن دەستی سووریادایە بەڵام تورکیا بە شەڕێکی ناوخۆی خۆیانی دەزانێت؛ حزبە دەسەڵاتبەدەستەکەی دادوگەشەپێدان دەڵێ یەپەگە لقی سووریای پارتی کرێکارانی کوردستانە؛ پەکەکە لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی بیستەمەوە چەکی لە ئانکارا ڕاکێشاوە و، لەو کاتەوە هەردوو لا، نزیکەی چلهەزار کەسیان لێ کوژراوە و، تورکیا بە تیرۆریستیان دەزانێ.
ئەڵبەت ئەوە یەکەم جار نیە تورکیا پەلاماری باکووری سووریا بدات؛ ساڵی ٢٠١٦یش بە بیانووی راوەدوونانی داعش، بە هێزە شامیەکانی سەر بە خۆی، شەڕی قەڵغانی فراتی هەڵگیرساند و پەلاماری کورد و عەرەبە هاوپەیمانەکانی هێزی دیموکراتیکی سووریای دا کە ئەمەریکا یارمەتییان دەدا؛ لەو شەڕەدا شارۆچکەی جەرابلۆسی داگیر کرد.
ڕاستیەکەی ئەم شەڕی عەفرینە سێیەم گەڕی دەستێوەردانی تورکەکانە لە سووریا؛ هەڵبەت ئەنقەرە بەبێ پرسی مۆسکۆ و تاران ئەمەی پێ نەدەکرا. ئەگەرچی حەسەن ڕۆحانی تەلەفۆنێکی بۆ ڤلادیمیر پۆتین کردووە و گوتوویەتی "ئاگرخۆشکردنەکەی باکووری سووریا قازانجی کەسی تێدا نیە و، بەهیواینە هەموو وڵاتانی ناوچەکە ڕێز لە سەروەریی سووریا بگرن و، خاکە یەکپارچەکەی بپارێزن" بەڵام، زەحمەتە کەس باوەڕ بەو قسانە بکات؛ دیارە لەوەتی دەوڵەتی هەرێمی کوردستان هەڵسا بۆ سەربەخۆیی و، پرسی بە خەڵکی هەرێم کرد و ڕیفراندۆمەکەی جێبەجێ کرد، تاران و ئەنقەرە زۆر هۆگری یەکدی بوونە و زووزوو پرس بە یەکتر دەکەن. هەرکە ڕێکەوتی ڕیفراندۆمکردنەکەی کوردستان ڕاگەیێندرا، خلووسی ئاکار سەرئەرکانی سوپای تورکیا سەردانی تارانی کرد و چەند ڕۆژی نەبرد ئەردۆغان بە خۆیشی چوو بۆ ئێران و، لەگەڵ سەرکۆمار و ڕێبەری کۆمارە ئسیلامیەکەی ئێرانیشدا دانیشت. حەسەن ڕۆحانی و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە تارانی پایتەختی ئێرانەوە ڕایانگەیاند: "پەکی ڕیفراندۆمەکەی کوردستان دەخەین" و، ئەوەیان کرد وا بینیمان؛ کە ئیران بە حەشدی‌شەعبی و هەندێ خۆفرۆش، کەرکووکی لە هەرێمی کوردستان دابڕیەوە، پرسیارێک خۆی قوت کردەوە کە ئاخۆ تورکیا چۆن ڕازی بووە ئێران دەست بخاتە کەرکووکەوە؟ ئەوەتا وەڵامی پرسیارەکە دەرکەوت، بەوەی کە ئێرانیش لە پەلاماردانی عەفرین بێدەنگ دەبێ.
تورکیا بە خۆی لەسەر ئیخوانولمسلمین و ڕێبەرایەتیکردنی دنیای سوننەمەزەب لە عەرەبستانی سعوودی عاجز بوو بەڵام، کە سەرۆک بارزانی ڕیفراندۆمەکە جێبەجێ کرد، تورکیا بە تەواوەتی بای دایەوە لای ئەو ئێرانەی کە لە سووریا نەیاری تورکیایە

.
ئەردۆغان لە سەروبەندی فڕین بەرەو تاراندا گوتبووی "لەگەڵ تاراندا ڕێک دەکەوین و ئەو ڕیفراندۆمە دەتووچێنین!" بەو شەڕەی عەفریندا دیارە، تاران و ئەنقەرە هەر باسی هەرێمی کوردستانیان نەکردووە و، چاڵیان بۆ کوردی ڕۆژاوایش هەڵکەندووە.
ئێران و تورکیا لەسەر کەرکووک و عەفرین ڕێک کەوتوونە، ئەی ڕووسیا بۆ لەو پەلاماردرانەی عەفرین بێدەنگە؟ خۆ ڕووسیا هەر لە سەرەتاوە پشتی کوردی ڕۆژاوای گرتبوو، تەنانەت پەیەدە (پارتی یەکیەتیی دیموکراتیک) لە ساڵی ٢٠١٦وە بنکە و بارەگای لە مۆسکۆدا کردووەتەوە، ئەدی چۆنە ڕووسیا هێزەکانی خۆی لە عەفرین کشاندەوە و، ڕێی بۆ تورکیا چۆڵ کرد؟ تورکیا ناوکی بە ناتۆوە بەسراوەتەوە و، لەوەتی دووەم شەڕی جیهانی بڕاوەتەوە، گیان‌بەگیان هاوپەیمانی ئەمەریکایە؛ ڕووسیا بە نیازە بەو خۆکڕکردنە و چاوپۆشی لەو دەستێوەردانەی تورکیا لە ڕۆژاوای کوردستان، بە تەواوەتی تورکیا لە بەرەی ئەمەریکا و ناتۆ داببڕێت

.
 هۆکارێکی دیکەی هەڵخڕاندنی شەڕی عەفرین، ئەو ڕقە بوو وا حزبی دادوگەشەپێدان لە هەدەپەی هەڵگرتبوو؛ لە پەرلەمان‌هەڵبژاردنەکەی ساڵی ٢٠١٥ـی تورکیادا، حزبی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە)، دەنگی زۆرینەی کوردەکانی باکووری بردەوە و، مەرجی مسۆگەرکردنی سەدا١٠ـی دەنگی دەنگدەرانی تورکیای بڕی و لە ٥٥٠ کورسیەکەی پەرلەمان، هەشتای بۆ خۆی مسۆگەر کرد و، نەیهێشت حزبی دادوگەشەپێدانەکەی ئەردۆغان ببێتەوە زۆرینەی ڕەها و، وەکو ئەو سێنزە ساڵەی جاران بە تەنیا دەوڵەت پاوان بکات؛ دادوگەشەپێدان، ناچار دەستەوداوێنی حزبەکانی تر بوو هەتا پێکەوە دوڵەتی تازە بەڕێوە ببەن بەڵام، دانوستانی پێکهێنانی کابینەی دووحزبی سەری نەگرت و، تورکیا هەڵبژاردنەکەی تازە کردەوە، لێ حزبی دادوگەشەپێدان بەر لە هەڵبژاردن بە دەستی ئەنقەست، کۆمەڵێک ئاژاوەی نایەوە و، هەڵبژاردنەکەی بە لای خۆیدا شکاندەوە و، کوردەکانی بێبەری کرد و، خۆی کردەوە بە پاڵەوانی بێڕکابەری گۆڕەپانی سیاسەتی تورکیا و، پاشان دوو کاری کرد: یەکەم شێوازی بەڕێوەبردنی تورکیای لە شێوازی پەرلەمانیەوە گۆڕی و، کردی بە سەرۆکایەتی؛ دووەمینیش ڕەوتی ئاشتکردنەوەی پەکەکەی ڕاگرت و کەوتەوە پەلاماردانی پەکەکە و کوردستانی بن دەستی تورکیا

.
لە هاوینەکەی ٢٠١٦یشدا کۆدتایەکی درۆیینەیان خستە ڕێ و، کردیانە بیانوو بۆ گرتن و ڕاوەدوونانی سەرکردە و ئەندامەکانی هەدەپە و، زۆر چالاک و ڕۆژنامەوانی سەربەخۆی تورکیش.
دەڵێن عەبدوڵا ئۆجەلان باوکەڕێبەری کوردی باکوور و ڕۆژاوا، پێرارەکە لە بابەتی عەفریندا گوتبووی: "جارێ کاتی دامەزراندنی کارخانەی تەون و قوماش نیە؛ فریای کارگەی چەکوچۆڵ کەون!" واتە شەڕ زۆری ماوە، خافڵکوژ نەکرێن!
یەپەگە فریای دامەزراندنی کارگەی تەقەمەنی نەکەوت بەڵام ئامۆژگاریەکەی ئۆجەلانیان لەبیر نەکرد و، چەکوچۆڵێکی زۆریان گل دایەوە و، خەڵکەکەیشیان ئامادەی ئەم شەڕە کردووە.
هەندێ شارەزا و چاودێر پێیان وایە ئەم شەڕەی عەفرین دەبێتە خەیر بۆ کوردی ڕۆژاوا و، قەڵغانی فراتەکەی تورکیای پێ دەشکێنن و، شارۆچکەی منبج دەدەنە دەم شێخ‌عیسا و تەل‌ڕەفعەت و ئەوپەڕی سووریاوە و، باکووری سووریا، بە تەواوەتی دەکەوێتە بن دەستیانەوە؛ ئەگەر دەستیان بگاتە دەریای ناوەڕاستیش، ئەوا مانەوەیان بە یەکجارەکی مسۆگەر دەبێت.
ئەگەر تورکیا لەبەر چارەکردنی کێشەی ناوخۆ پەلاماری عەفرینی داوە، کورد لەبەر پاراستنی زێدی خۆیانە ئاوەها خورت و ئازا، بەرگری دەکەن؛ گومانی تێدا نیە لە درێژخایەندا عەفرین دەبێتە بناغەی کوردستانە خۆبەڕێوەبەرێکی دی

.
ئەوە چل ساڵە، شاخ و بەرخۆدان و بڕنەو بووەتە ویردی سەرزای کوردان؛ ئەڵبەت شەڕەکەی ئەمجارە گەلێ مەترسیدار و خوێناویە؛ هێزە یاخیەکانی سەر بە تورکیا لە سووریا، تەرمی بارین کۆبانێیان توێ‌توێ کرد بەڵام، گران لەسەریان دەکەوێت و زەحمەتە کورد لێیان خۆش بن

.
لەم شەڕەی عەفریندا کورد گەلێک تەنیاباڵن؛ مۆسکۆ پشتی لێیان هەڵکردووە؛ ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانیش متمانەی تەواویان پێ ناکرێت؛ سووریایش گوایە لە تورکیا هاتووەتە دەنگ بەڵام پێیشی ناخۆش نیە تورکیا، کوردی بۆ تەمێ بکا و، وا دیارە لەسەر فرۆشتنەوەی عەفرین و ئدلیبیش ڕێک کەوتوونە؛ گوایە تورکیا یاخیە سووریەکانی ناو ئدلیبی بۆ بکشێنێتەوە و، سووریایش عەفرین بکاتە گۆشتی قوربانی بۆ تورکیا! هەمووی هەر بەدبەختیە بۆ کورد بەڵام نەزم و تەکووزە ڕێکوپێکەکەی کوردی ڕۆژاوا و، ئیرادە پۆڵاییەنەکەیان لەبیر مەکەن.
کوردی ڕۆژاوا سەرەڕای ڕێکخستنە بەهێزەکەیان، زۆر جوانیش دەزانن سۆزی خەڵکی دنیا بجووڵێنن؛ تورکیا لەمێژە بوختانیان پێ دەکا گوایە ڕەشکوژ و تیرۆریستن بەڵام تا ئەم ئێستایە بۆی نەچووەتە سەر و، کوردی ڕۆژاوا بەبێ ئەوەی دۆلارە نەوتیەکانی محەمەد سەلمانی جێداری پاشای عەربستانیان پێ بێ، بە هەقانەتی خۆیان، سەرنجی خەڵکی چوارقوڕنەی دنیایان ڕاکێشاوە.

 

 

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.