تشرینی یەکەم 16, 2019

حەسەن رووحانی: ئۆپەراسیۆنی عەفرین هیچ ئەنجامێکی نابێت

سەرۆککۆماری ئێران رەخنەی لە ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا لە عەفرین گرت و پێیوایە هیچ ئەنجامێکی نابێت. رووحانی هەڵوێستی وڵاتەکەی لەوبارەوە ئاشکراکرد و گوتی: "ئێمە ئەو کارە بە راست نازانین و پێمانخۆشە هەرچی زووترە کۆتایی بێت".

حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی ساڵانەیدا لەبەشێکی قسەکانیدا تیشکی خستەسەر ئۆپەراسیۆنی تورکیا لە عەفرین و رایگەیاند: "ئێران پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ رووسیا و تورکیا هەیە، بەڵام هەڵوێستی بنەڕەتی ئێمە ئەوەیە کە چوونی سوپای وڵاتێک بۆ نێو خاکی وڵاتێکی دیکە دەبێ بە مۆڵەتی حکومەت و رەزامەندی خەڵکی ئەو وڵاتە بێت. ئەگەر خەڵک رازی نەبن و حکومەت رێگەی نەدابێ، ئێمە ئەو کارە بە راست نازانین و پێمانخۆشە هەرچی زووترە کۆتایی بەو ئۆپەراسیۆنە بهێندرێت. چونکە هەم برایانی تورکی ئێمە لەو ئۆپەراسیۆنەدا دەکوژرێن و هەم خەڵکی بەرامبەر و کوردەکان دەکوژرێن، ئەو ئۆپەراسیۆنە هیچ ئەنجامێکی نابێت".

سەرۆککۆماری ئێران گوتیشی: هەڵوێستی ئێمە ئەوەیە و بۆ هەموو وڵاتانیش هەمان هەڵوێستمان هەیە و دەمانبێت، هەروەک چۆن بوونی ئەمریکاییەکانیش لەسەر خاکی سووریا بە تووندی ئیدانە دەکەین، ئەوان ئامانجی زۆر ناڕاستیان لە ناوچەکە هەیە و بیر لە دابەشکردنی سووریا دەکەنەوە. بۆیە هەرکەسێک بەبێ رێگەدانی حکومەتێک بیەوێت بڕواتە نێو خاکی ئەو وڵاتەوە ئەوە قبوڵ ناکەین، بەڵام پەیوەندی باشی هەرسێ وڵات (ئێران، رووسیا، تورکیا) درێژەی دەبێت.

© 2017 Hawler