تشرینی یەکەم 21, 2019

حكوومەتی داهاتووی ئەڵمانیا داوای داخستنی دەرگای یەكێتی ئەوروپا بەسەر توركیادا دەكات

ماوەی 3 مانگ دەبێت حكوومەتی هاوپەیمانی لە ئەڵمانیا دروست نەبوە، بەڵام پارتی یەكێتی كریستیانەكان و پارتی سۆسیال دیموكرات، گەیشتوونەتە خاڵی كۆتایی بۆ راگەیاندنی حكوومەت و چەند رۆژی داهاتوو بەرنامەی كاری حكوومەت رادەگەیەنن.

ماڵپەڕی (سپوتنیك)ـی روسی بڵاوی كردوەتەوە، هەردوو پارتی ئەڵمانی رێككەوتون لەسەر ئەوەی بە هیچ شێوەیەك گفتوگۆ لەبارەی ئەنداموونی توركیا لە یەكێتی ئەوروپا دەستپێنەكاتەوە. هەروەها لە بەرنامەی كاری ئەو 2 پارتەدا، یەكێك لە خاڵەكان داوا دەكات هەڵپەساردنی گفتوگۆ لەبارەی ئەندامبوونی توركیا لە یەكێتی ئەوروپا بەردەوامی هەبێت.
بەڵام باس لەوەش كراوە، ئەگەر بێت و توركیا ئەو مەرجانە جێبەجێ بكات، كە یەكێتی ئەوروپا داوای دەكات، ئەوكات پێویستە گفتوگۆ بۆ ئەندامبوونی توركیا لە یەكێتی ئەوروپا دەستپێبكاتەوە.
لە بەرنامەی كاری حكوومەتی ئەڵمانیادا هاتوە، توركیا بۆ ئەڵمانیا هاوبەشێكی گرنگ و دراوسێیەكی گرنگی ئەوروپایە، بەڵام لە ماوەی 2 ساڵی رابردوودا، لەرووی دیموكراتی و مافی مرۆڤ و ئازادی تاك زۆر دواكەوتوە و بەرەو خراپی دەچێت، بۆیە تا بە خۆیدا دەچێتەوە نابێت یەكێتی ئەوروپا دەرگای گفتوگۆی لەسەر بكاتەوە

 

كارزان گلی ـ هه‌ولێر
.

© 2017 Hawler