تشرینی یەکەم 16, 2019

لە بەریتانیا 21 قاچاخچی کورد دەستگیرکران

ئاژانسی نیشتمانی تاوان لە بەریتانیا (NCA) رایگەیاند، ئەمڕۆ "ئۆپەراسیۆنێکی گەورە"یان دژی "تۆڕێکی گومانلێکراوی تاوان" ئەنجامداوە، کە تۆمەتبارن بە هێنانی سەتان کوردی عێراق بەڕێگەی قاچاخ بۆ بەریتانیا.
ئەفسەرانی ئەو دامەزراوە ئەمنییەی بەریتانیا بە هاوکاری چەند دەزگایەکی ئەمنی دیکەی وەک پۆلیس، توانیویانە 21 گومانلێکراو، کە بە رەگەز کوردن، لە چەند شوێنێکی لەندەن دەستگیربکەن.
NCAی بەریتانی لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، ئەو ئۆپەراسیۆنەی ئەمڕۆ یەکێک بووە لە گەورەترین هەڵمەتەکانی لە مێژووی دامەزراندنییەوە، کە تێیدا 350 ئەفسەری ئاژانسەکە و دەزگا هاوکارەکانی بەشدار بوون.بەپێی راگەیێندراوی NCA، ئەو هەڵمەتە فراوانە دوای ئەو لێکۆڵینەوانە هاتووە لەبارەی "تۆڕێکی گومانلێکراوی کوردی دەستیپێکردووە، کە خەڵکیان بە قاچاخ لە وڵاتانی وەک فەرەنسا، بەلجیکا و هۆڵەنداوە هێناوەتە بەریتانیا

".
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ئاژانسەکە، هەر کۆچبەرێک لەنێوان پێنج هەزار بۆ 10 هەزار پاوەندی بە قاچاخچییەکان داوە بۆ ئەوەی بیگەیێننە بەریتانیا. تۆم دۆداڵ، جێگری بەڕێوەبەری (NCA) دەڵێت، "پێمانوایە ئەو گرووپەی دۆزیومانەتەوە و پەکمانخستووە تۆڕێکی زۆر گرنگە، کە تۆمەتبارن بە قاچاخهێنانی سەتان کۆچبەر بۆ بەریتانیا و پلانی بەردەوامیشیان هەبووە".

© 2017 Hawler