ئازار 21, 2019

تایمز:كورد لە رێككەوتن لەگەڵ ئەسەد زیاتر هیچ رێگەیەكی دیكەی نییە

رۆژنامەی (تایمز)ـی ئینگلیزی، لە ژمارەی ئەمڕۆیدا شڕۆڤەی بۆ ئاییندەی كورد كردوە لە سووریا، ئەمەش دوای كشانەوەی هیزەكانی ئەمریكا لەو وڵاتە. تایمز پێیوایە یەپەگە لە رێككەوتن لەگەڵ ئەسەد زیاتر هیچ رێگە چارەیەكی نییە بۆ مانەوەی خۆی.

ریچارت سپێنسەر شارەزای سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە رۆژنامەی ناوبراودا هەڵسەنگاندنی بۆ ئاییندەی كورد كردوە و دەڵێت كورد پلانی داناوە كە ئەسەد تاكە رێگەیە بۆ ئەوەی هاوپەیمانی لەگەڵ ببەستێت.
نووسەر ئاماژە دەدات، دوای ئەوەی یەپەگە توانی گروپی تیرۆرستی داعش تێكبشكێنێت، ئیدی ئەو هێزە هەنگاوی دەنا بۆ ئەوەی بتوانێت سەربەخۆیی كورد لە سووریا رابگەیەنێت، بەڵام توركیا بە هاوكاری هێزەكانی سووریای ئازاد پەلاماری دان و عەفرینی داگیر كرد. هەروەها ئاماژە بە هاوكاری وڵاتانی ناتۆ دەكات بۆ توركیا، بەوەی گرەنتییان داوتە توركیا كە كەنایەڵن یەپەگە رۆژئاوا لە سووریا داببڕێت و لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتی كوردی نین لە سووریا.
لە لایەكی ترەوە نووسەر ئاماژە بە كۆبوونەوەیەكی نێوان یەپەگە و سووریا دەكات بە هاوكاری روسیا، كە سیپان حەمۆ فەرماندەی یەپەگە بەشداری ئەو كۆبوونەوەیەی كردوە.
لە كۆبوونەوەكەدا ئەسەد رازی بوە، كە ئاییندەی كورد لە سووریا وەكو جاران نەبێت و نیمچە سەربەخۆییەكیان دەدەنێ، بەڵام نوێنەری ئەسەد لەو كۆبوونەوەیە گوتویەتی نابێت ئاییندەی كورد لە سووریا وەكو كوردانی عێڕاق بێت. واتە ئەسەد بە فیدراڵی رازی نییە و حوكمی زاتی پێ چارەسەرە بۆ یەپەگە.
ریچارت سپێنسەر دەنووسێت: "دوای كشانەوەی ئەمریكا لە سووریا، كوردەكان لە رێككەوتن لەگەڵ ئەسەد زیاتر هیچ رێگە چارەیەكی تریان نییە، چونكە توركیا پەلاماریان دەدات و لەناویان دەبات. هەروەها ئەسەدیش لە رێككەوتن لەگەڵ یەپەگە زیاتر هیچ رێگەیەكی تری نییە، بۆ پارچە پارچە نەبوونی خاكەكەی".

 

كارزان گلی ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler