ئازار 21, 2019

كوردەكان شایەنی لەوە زیاترن بەڵام ئەمریكا بە تەنیا جێی هێشتن

رۆژنامەی (تایمز) لە سەروتاری ژمارەی ئەمڕۆیدا، هەڵسەنگاندێكی تری بۆ ئاییندەی كورد كردوە لە سووریا. ئەو رۆژنامەیە ئاماژە دەدات لە شەڕی دژ بە گروپی تیرۆرستی داعش، كورد دەیان سەربازی لێ كوژرا، بەڵام ئەمریكا ئەوانی بە تەنیا بەجێ هێشت.

لە سەروتاری رۆژنامەكەدا نووسراوە "داعش تاوەكو ئێستاش لەرووی هێزەوە جێی سەرنجە، رۆژئاواش تاوەكو ئێستا كوردەكانی پێ باشترین هاوپەیمانە بۆ رووبەرووبوونەوەی داعش. لەگەڵ ئەوەشدا كوردەكان لە 4 لاوە لە لایەن دوژمنەكانیانەوە گەمارۆ دراون، بەڵام لە لایەن دۆستەكانیانەوە وەكو پێویست پاڵپشتی ناكرێن".
رۆژنامەكە باس لە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا دەكات لە سووریا، پێیوایە كاتێك ئەمریكا دەكشێتەوە، بۆشاییەك لە سووریا دروست دەبێت، ئەو بۆشاییەش ئێران و روسیا و سووریا پڕی دەكەنەوە. ئەو هێزانەش بە هیچ شێوەیەك نابنە هاوپەیمانێكی گونجاو، بەڵكو ساڵانێكە كۆمەڵكوژی دەكەن و بۆردومانی خەڵكی سڤیل دەكەن.
ئەمریكا پێیوایە هۆكاری گونجاوی هەیە بۆ كشانەوەی هێزەكانی لە سووریا، بەڵام نیو ملیۆن مرۆڤ لە سووریا كوژراون و رۆژئاواش ئامادە نەبوە بە هێزی زەمینی رووبەرووی داعش ببێتەوە، تاكە هێز كورد بوە كە رووبەرووی داعش بوەتەوە، بەڵام بە بێ ئەوەی هیچ حیسابێك بۆ كورد بكات دەكشێتەوە. ئەمەش بە گوێرەی سەروتاری تایمز.
لە بەشێكی تری وتارەكەدا، باس لە لێدوانێكی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی ئەمریكا دەكات، كە گوتبووی ناكشێینەوە تا گرەنتی وەرنەگرین كە توركیا كۆمەڵكوژی كوردەكان ناكات. ئەو رۆژنامەیە پێیوایە كوردەكان بڕوا بەو قسانەی ئەمریكا ناكەن و بڕوایان پێیان نەماوە، بۆیە بە دوای هاوپەیمانێكی تردا دەگەڕێن، ئەو هاوپەیمانەش حكوومەتی سووریایە.
دەشنووسێت"ئەگەر كوردەكان لەگەل رژێمی ئەسەد رێكبكەون، كەواتە حیساباتی ئەمریكا بۆ سووریا هەڵە بوە، چونكە لە دەستدانی كورد بۆ ئەمریكا وا دەكات، كە هەموو هاوپەیمانەكانی تری ئەمریكا بە ترسەوە سەیری ئەمریكا بكەن و متمانەی پێ نەكەن".

 

كارزان گلی ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler