ئازار 21, 2019

ئێران پاڵ بەعێراقەوە دەنێت درێژە بە بازرگانیەکانی نێوانیان بدەن

لەدوای دانانەوەی سزایەکان سەر ئێران لەمانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوودا لەلایەن ئەمەریکاوە، عێراق دەرفەتی بەردەوامیدان بە کڕینی گازی سروشتی و هاوردەکردنی کارەبای لەئێرانەوە سەرەتا بۆ (٤٥) ڕۆژ و دواتریش بۆ (٩٠) ڕۆژی دیکەی بۆ درێژکرایەوە.

لە بەخشینەکەی ئەمەریکا بۆ عێراق تەنها باسی گازی سروشتی و کارەبا کراوە، بۆیە مامەڵە بازرگانیەکانی دیکە ئاماژەیان پێنەدراوە، نابێ ئەو مامەڵەیەی وزەش بەدۆلاربێ.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (ئەلمۆنیتەر) ئێران پاڵ بەعێراقەوە دەنێت درێژە بە بازرگانیەکانی نێوانیان بدەن بەبێ بەکارهێنانی دۆلار، وە لەجیاتی دۆلار داوادەکرێ بە ڕیاڵ یان بەدینار یاخود بەیۆرۆ ئەو مامەڵە بەزرگانیانە ئەنجامبدرێن، هەڵبەتە ئێران زیاتر مەیلی بەلای بەڕیاڵ یان بەیۆرۆ دایە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە هەوڵەکانی ئێران بۆ بەردەوامیدانی بازرگانیەکانی لەگەڵ عێراق زیادیان کردوە، لەدوای چەسپاندنەوەی سزایەکانی سەر ئێران،وڵاتی عێراق وەکو دەروازەیەکی پارێزگاریکردن لە ئابوری ئێران تەماشادەکرێ و هەڵبەتە ئێرانیش کاریگەری گەورەی هەیە لەسەر بڕیارە سیاسی و ئابوریەکانی سەر عێراق.
لەبەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتوە، ئێران ناوچەکانی عێراق بەکاردێنێت بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەکانی لەسەر وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە، وە لەو نێوەندەدا پاڵپشتی ئەو چەکدارانە دەکات کە دڵسۆزی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدن لە سووریا.
ئەو هەوڵانە و کاریگەریانەی ئێران لەکاتێکدان کە بەشێکی شیعەی عەرەبیش لەو دەستێوەردانانەی ئێران ناڕازین و دیارترینیشیان ئەو ڕووداوی ئاگرتێبەردانی کونسوڵیەی ئێران بوو لەبەسڕە لەبەرانبەر هەژمون و کاریگەرییەکانی ئێران لەسەر حکومەتەکانی عێراقی، وە خۆپیشاندەران داوای وەستاندنی دەستێوەردانەکانی ئێران لەسەر عێراقیان دەکرد.
ئەگەرچی ئێران باڵادەستی هەیە لەسەر عێراق بەڵام عێراق ناتوانێ پابەندی سزایەکانی ئەمەریکا لەسەر ئێران نەبێ و ئەو دۆخە بۆ عێراقیش قورس و بەئاستەنگە.
بانکی ناوەندی ئێران وێرای هەوڵە چڕوپڕەکانی بەڵام نەیتوانیوە بگاتە ڕێکەوتن لەگەڵ عێراق لەسەر بەکارهێنانی دینار پارەی عێراقی، یان ڕیاڵ پارەی ئێرانی بۆ مامەڵە بازرگانیەکانیان، بەپێی ڕاپۆرتەکە عێراق دەیەوێ لەلایەن ئەمەریکاوە دڵنیایی وەربگرێ و ئەو شێوەیە پەسندبکات، چونکە لە دەرفەتەکەی ئەمەریکا بۆ عێراقدا تەنها باسی هاوردەکردنی گازی سروشتی و کارەبا لەئێرانەوە کراوە ئەویش بۆ ماوەیەکی کورت و دەبێ عێراق لەو ماوەیەدا بەدوای جێگرەوەدا بگەڕێت.
سەرچاوەیەک لەبانکی ناوەندی عێراق کە نەیوستوە ناوەکەی ئاشكرابکرێت بە ڕاپۆرتەکەی گوتوە، ئەو شاندەی عێراقی کە لەمانگی ڕابردوودا سەردانی واشنتۆنیان کرد کە بریتی بوون لەبەڕێوەبەرانی بانکی ناوەندی و، چەند وەزیرێک لەوانە وەزیرانی نەوت و کارەبا تاوتوێی دەرکردنی عێراق لەسزایەکانی سەر ئێرانیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا کردوە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو شاندە سەرکەوتوو نەبوە لەبەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش لەو بارەیەوە، تەنها توانراوە دەرفەتی کڕینی گاز بۆ سەرچاوەکانی کارەبا وەربگیرێ و ئەوانیش دینار بدەنە ئێران نەک دۆلار، وە حکومەتیش پابەندی خۆی بۆ ئەوە دەربڕیوە و بۆ ئەو مەبەستە حیساب بانکێکی تایبەتیان لەبانکی حکومەت کردۆتەوە بەپارەی عێراقی (دینار) تایبەت بەو مامەڵەیە.
بەڵام سەبارەت بەمامەڵە بازرگانیەکانی دیکە کە ئایا عێراق دەتوانێ درێژە بەبازرگانیەکانی دیکە بدات لەگەڵ ئێران ئەو سەرچاوەیە گوتی، ئەمەریکا ڕەتیکردۆتەوە کە عێراق لەهەموو سزایەکانی ئێران ببەخشرێت، تەنها گازی سروشتی و کارەبا ئەویش بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، وە ئەمەریکا دەرفەتی بازرگانیەکانی دیکەی بۆ عێراق نەکردۆتەوە چونکە ئەمەریکا پێیوایە بازرگانیەکانی عێراق لەگەڵ ئێران هێشتنەوەی ئابوری ئێرانە بەزیندوویی.
شیاوی باسکردنە، بازرگانیەکان لەنێوان عێراق و ئێراندا دوولایەنەیە و هەردوو وڵات پێویستی گەورەی ئابوری یەکتری پڕدەکەنەوە، بەتایبەتی عێراق بەشێکی زۆری پیدوایستیەکانی ڕۆژانەی لەئێرانەوە هاوردەدەکات.
بەپێی ڕاپۆرتەکە هێشتا مامەڵە بازرگانیەکان لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا بەشێوەی نادیار بەدۆلار ئەنجامدەدرێن، ئاڵۆگۆڕی و گواستنەوەی پارەکە لەدەرەوەی بانکەکانی عێراقیەوە جێبەجێدەکرێن و لەڕێگای چەند بریکارێکەوە لەبانکەکانی سووریا و لوبنان ئەنجامدەدرێن، بەشێكی زۆری ئەو بازرگانیانە هەناردەکردنی کەولوپەل و پێویستیەکانن بۆ عێراق هەربۆیەش ئێران بۆ ئێستا خوازیارە ئەو مامەڵانە بە ڕیاڵ یان بە یۆرۆ ئەنجامبدرێن.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، سەرچاوەیەکی باڵا لەعێراق بەڕاپۆرتەکەی ڕاگەیاندوە، بانکی ناوەندی پابەندە بەنەفرۆشتنی دۆلار بەئێران و هەر هەوڵێکی لەو بارەیەی ئێران لەسەر عێراق ڕەتدەکاتەوە. هەروەها بانکی ناوەندی هەر هەماهەنگیەکی لەگەڵ ئێران ڕەتکردۆتەوە کە ئامانج لێوەی گۆڕینی ڕیاڵ بەدۆلار بوبێت، وە ئەوەشی ڕەتکردۆتەوە کە دۆلار بەو عێراقیانە بفرۆشرێت کە سەردانی ئێران دەکەن و دەیانەوێ بەقاچاخ دۆلار لەگەڵ خۆیان ببەن.

© 2017 Hawler