تشرینی یەکەم 23, 2019

پێکهێنانی لیژنەی هەموارکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوەکیەکەی نێوان ئێران و زلهێزەکان

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێ لەگەڵ بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا، لیژنەیەکیان پێک هێناوە هەتا ڕێککەوتنە ناوەکیەکەی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک (پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجومەنی ئاسایش و، ئەڵمانیا) تاوتوێ بکەن و، سەبارەت بە بەرنامە مووشەکیەکەی ئێران، بەند و بڕگەی تازەی لێ زیاد بکەن؛ بەڵام ئێران دەڵێ یەکیەتیی ئەورووپا لەو بارەیەوە هیچی بە ئێران ڕانەگەیاندووە. سەرکۆماری ئەمەریکا گوتبووی بۆ لێزیادکردنی ئەو بڕگە و بەندە نوێیانە، پرس بە ئێران ناکەن و، زلهێزەکان بە خۆیان لەسەری کۆ دەبنەوە و، ئەوەی بە پێویستی بزانن لێی زیاد دەکەن.
 
بارام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، پێرێ ڕێکەوتی ٥/٢/٢٠١٨، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیە حەفتانەکەی خۆیدا دەربارەی بابەتی پێکهاتنی لیژنەی هەموارکردنەوەی ڕێککەوتنەکەی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک، گوتی: "تا ئەو ساتە، هیچ داواکاریەکەی فەرمیمان لە بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیاوە بۆ نەهاتووە؛ لامان وایە ئەمەریکا وەکو جاران، خەونی خۆی دەنێتە زمانی خەڵکی دیکە!ئەوەی بە لای ئێمەوە سیاسەتە فەرمیەکەی وڵاتانی یەکیەتیی ئەورووپا، ژیانەکی (حەیاتی) و گرنگە و، گوێمان لە هەواڵی هەندێ ڕۆژنامەی وڵاتانی ڕۆژاوا نیە."
ڕکس تیلرسۆن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەو ئاخر سەردانەی خۆی بۆ لەندەن و پاریس و وارشۆ و داڤۆس، ڕایگەیاند ئەمەریکا قەناعەتی بە بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا هێناوە پێکەوە ڕێکەوتنەکەیان لەگەڵ ئێراندا هەموار بکەنەوە و، بەند و بڕگەی نوێی لێ زیاد بکەن؛ دەڵێ لیژنەیەکی هاوەبەشیشیان پێک هێناوە هەتا لە بەرنامە مووشەکیەکەی ئێران و، دەستێوەردانەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکۆڵنەوە و، بەو گوێرەیە بەند و بڕگەی نوێ بنووسنەوە

.
ئاخۆ زلهێزەکانی ئەورووپا داواین لە ئێران کردووە بێتەوە سەر مێزی دانوستان و، ڕێککەوتنە ناوەکیەکەی پێ هەموار بکەنەوە؟ باران قاسمی لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەڵێ: "دیارە ئەمەریکا زۆری پێ ناخۆشە ئێران لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و، وڵاتانی یەکیەتیی ئەورووپایشدا نێوانی خۆشە و، دەیانەوێ هەرچۆنێک بووە، تەنانەت بە زۆریش بووبێ، وای لێ بکەن بە قازانجی خۆیان بشکێتەوە."
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێ پەیوەندیەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی یەکیەتیی ئەورووپا خۆشە و، "لە دانیشتنەکانیشدا ڕوانگەی ئێرانیان پێ ڕادەگەیێنین و، بیروبۆچوونی ئەوانیش دەبیسین."
بەسترپێرێ، ڕێکەوتی ٤/٢/٢٠١٨، جەواد کەریمی‌قودووسی، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی پەرلەمانی کۆمارە ئیسلامیەکەی ئێران گوتبووی ئیمانوێل ماکرۆن سەرکۆماری فەرەنسا، ئەگەر سێ مەرجە داخوازراوەکەی بۆ جێبەجێ نەکرێت سەردانی ئێران ناکات؛ ئەو سێ مەرجە بریتیە لە:

• دانیشتن لەگەڵ عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆمارە ئیسلامیەکەی ئێران؛
• ئێران لە گۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە فەرمی ڕایبگەیێنێ کە ئامادەیە بۆ تاوتوێکردنی بەرنامە مووشەکیەکەی خۆی، بێتەوە سەر مێزی دانوستان و؛
• بۆ تاوتوێکردنی قەیرانەکەی یەمەن و شەڕەکەی سووریا و، بابەتی حزبوڵای لوبنان و پرس و کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لەگەڵ ئەمەریکا و عەرەبستانی سعوودیدا دابنیشێت.
کەریمی‌قودووسی مانگێک لەمەوبەریش باسی سێ مەرجەکەی ماکرۆنی کردبوو، بەڵام ئەودەم وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەدرۆیان خستبوویەوە.
ماکرۆن زووزوو دەڵێ فەرەنسا پابەندە بە ڕێککەوتنە ناوەکیەکەی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک، بەڵام ئێران دەبێ بۆ تاوتوێکردنی بەرنامە مووشەکیەکەی و، دەستێوەردانی ئەو وڵاتە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بێتە سەر مێزی دانوستان.
ژان ئیڤ لۆدریان وەزیری دەرەوە فەرنسا پاش دانیشتن لەگەڵ ڕکس تیلرسۆن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکادا گوتبووی "زەروورە بە ڕێککەوتنەکەی گەڵ ئێران، پابەند بین بەڵام بڕیارەکەی ٢٢٣١ـی نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەبێ جێبەجێ بکرێت کە باسی مووشەکسازیەکەی ئێران دەکات"؛ ئەو بڕیارە دەڵێ با ئێران واز لە تاقیکردنەوە و دروستکردنی ئەو مووشەکی دوورکوتانە (بالستیک) بهێنێت کە کڵاوەی ناوەکیی لێ سوار دەکرێت

.
بڕیارە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ئاخر مانگی ئەم زستانە، سەردانی تاران بکات و، لەوێ بابەتی ڕێککەوتنەماکەی ئێران و زلهێزان و، کێشەکانی ناوچەکەیش بورووژێنێت؛ لۆدریان بە ڕۆژنامەی فیگارۆی فەرەنسا گوتوویەتی "ئەورووپا و ئێران ڕێک کەوتوونە پێکەوە چڕوپڕ باسی مووشەکسازیەکەی ئێران بکەن"؛ دەیشڵێ "هەر لە ئێستاوە وا خەریکی دانوستانین".
حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ئێران، بەسترپێرێ ٤/٢/٢٠١٨ـی زایینی لە دووتوێی قسەدا ڕایگەیاند "دەست لە هێزی بەرگری ناشۆین بەڵام ئامادەی دانوستانیشین".
دۆناڵد ترەمپ ١٢/١/٢٠١٨، گەمارۆکانی سەر ئێرانی دیسان هەڵپەساردەوە بەڵام گوتی: "ئەمە ئاخر جارە و، ئەگەر کەلێنەکانی ڕێککەوتنەکەی ئێران و و ڵاتانی زلهێز پڕ نەکرێتەوە، ئیتر گەمارۆکان هەڵناپەسێرێتەوە و، دیسان بەسەر ئێرانیدا دەسەپێنێتەوە و، لە ڕێککەوتنەکە پاشگەز دەبێتەوە.

 

و: ڕزگار ئازەوانی - هەولێر

© 2017 Hawler