ئاب 11, 2020

چۆن تەلەفۆنێکی ترەمپ بارودۆخ و شەڕی لە سووریا گۆڕی؟

(دۆناڵد ترەمپ) سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا دوای تەلەفۆنەکەی لەگەڵ (ڕەجەب تەیب ئەردۆغان) سەرۆککۆماری تورکیا کشانەوەی هێزەکانی لەسووریا ڕاگەیاند، چاوەڕێدەکرا لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا ئەمەریکا هۆشداری بداتە تورکیا لەسەر هەڕەشەکانی لەناوچەکانی ژێر دەستی کوردەکان کە هێزەکانی ئەمەریکای لێ جێگیرن.

لەدوای ڕاگەیاندنی ئەو بڕیارە و جێبەجێکردنی، بارودۆخی ئەو ناوچانە ڕوو لەئاڵۆزی دەکات، هێزەکانی ناوچەکە بەتایبەتی سووریا و تورکیا چاویان بڕیوەتە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردیەکان. لەدوای پشت لێبەردانی ئەمەریکا لەکوردەکان، یەپەگە دەیەوێ ناوچەکان بەتایبەتی ئەو ناوچانەی مەترسی هێرشی تورکیایان لەسەرە بۆ پاراستنیان ڕادەستی حکومەتی سووریا بکات.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (ڕۆیتەرز) بەرپرسانی ئەمەریکا ئاماژەیان بەوەداوە کە تەلەفۆنەکەی (ترەمپ) لەگەڵ (ئەردۆغان) دەبوایە باسی هۆشداریدانە تورکیا بوایە لەسەر هەڕەشە سەربازییەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە کوردییەکان بەڵام لەجیاتی ئەوە لەو تەلەفۆنەیدا و گفتوگۆیەکانی نێوانیان (ترەمپ) شێوەی سیاسەتی ئەمەریکای لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گۆڕیوە، بەوپێیە دەست لەچارەگێک خاکی سووریا بەردەدات و ڕادەستی تورکیای دەکات تاوەکو ئەوان شەڕی داعش لەوێ تەواوبکەن.
چەند بەرپرسێکی تورکیا بەڕاپۆرتەکەیان ڕاگەیاندوە (ترەمپ) بە (ئەردۆغان) ی گوتوە، ئەگەر ئێمە بکشێینەوە ئێوە دەتوانن شەڕی داعش بکەن، ئەردۆغانیش وەڵامیداوەتەوە کە هێزەکانی تورکیا ئامادەی ئەو ئەرکەن.
بەرپرسانی تورکیا لەو بارەیەوە دەڵێن ئەو بڕیارەی ئەمەریکایان بەلاوە جێگای سەرسوڕمانە و چاوەڕێی ئەو بڕیارەیان لە (ترەمپ) نەکردوە، وە بەرپرسانی ئەمەریکاش دەڵێن (ترەمپ) سووریای بەتورکیا هەرزان فرۆشکردوە.
بڕیارەکەی (ترەمپ) تەنها بۆ تورکیا جێگای سەرسوڕمان نەبوە، بەڵکو بۆ ئەمەریکایش جێگای سەسوڕمان بوە، (جەیمس ماتیس) چەند ڕۆژێک لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا خەریک بوە کە بڕیارەکەی پێ بگۆڕێ بەڵام نەیتوانیوە ڕازیبکات، بۆیە ئەو و، هەروەها (مەکگۆرکیش) دەستیان لەکارکێشاوەتەوە.
لەسەردانەکەیدا بۆ بنکەی سەربازی ئەمەریکا بۆلای سەربازەکانی وڵاتەکەی لەعێراق (ترەمپ) لەوێش باسی کشانەوەی هێزەکانی لەسووریا کرد، گوتی، فەرماندەکان داوایان لێدەکردم کە ماوەی مانەوەی (٢٠٠٠) سەربازەکەمان لەسووریا درێژبکەمەوە بەڵام دواجار بەقسەم نەکردن چونکە داعش بەزۆری تێکشکاوە، هەروەها گوتیشی قسەی زۆر باشم لەو بارەیەوە لەگەڵ (ئەردۆغان) کردوە و ئەوان داعش لەوێ تەواودەکەن.

سووریا مەترسیە بۆ تورکیا:
بڕیارەکەی (ترەمپ) لەبارەی سووریاوە لەلایەک دەرفەتێکە بۆ تورکیا بەڵام لەلایەکی دیکەوە مەترسی و کێشەی زیاتر بۆ تورکیا دێنێتەپێش.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا تورکیا هەمیشە گازندەی دەکرد کە هاوپەیمانەکەی لەناتۆ کە ئەمەریکایە یەپەگەی داڵدە داوە و، لەسەر خاکی سووریا پشتیوانیان لێدەکات لەکاتێکدا کە تورکیا وەکو دوژمن تەماشایان دەکات.
تورکیا دەڵێ یەپەگە گروپێکی تیرۆریستیە و جیانیە لە پەکەکە، کە بەهۆی چالاکیە سەربازیەکانی پەکەکە و شەڕی لەگەڵ تورکیا نزیکەی (٤٠ هەزار) کەس لەباشوری ڕۆژهەڵاتی تورکیا کوژراون.
لەکاتی کشانەوەی ئەمەریکا لە ناوچە کوردییەکانی سووریا، دەرفەت بۆ تورکیا دەرەخسێ کەبەبێ مەترسی و پێش پێگرتنی ئەمەریکا ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ ئەو ناوچانەی ژێردەستی یەپەگە بەقوڵایی (٥٠٠ کیۆمەتر) لەسنوری تورکیاوە ئەنجامبدات، هەروەها کشانەوەی ئەو هێزانە قەیرانی دیبلۆماسیش لەنێوان ئەو دوو وڵاتە لادەبات کە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەهۆی پشتیوانی یەپەگەوە دروستببون.
بەڵام کشانەوە ئەو هێزانەی ئەمەریکا و لەشکرکێشی تورکیا بۆ سووریا بەبێ مەترسی تێناپەڕێت، یەپەگە داوای لە حکومەتی سووریاکردوە کە بۆ (مەنبج) بگەڕێتەوە، هەروەها پێدەچێ ناوچەکانی دیکەش کە دەکەونە بەر مەترسی هێرشی تورکیا لەلایەن یەپەگەوە ڕادەستی سووریا بکرێنەوە، ئەو کاتە تورکیا یان دەبێ شەڕ لەگەڵ سووریا بکات کە ئێران و ڕووسیا پاڵپشتی دەکەن، یان دەبێ واز لەو لەشکرکێشیانەی نێو خاکی سووریا بهێنێت.
بۆ تورکیا کشانەوەی ئەو هێزانەی ئەمەریکا پێویستی بەپلانێکی نوێ هەیە، وە پێناچێت بەو زووانە هێرشی ناوچە کوردییەکان بکات چونکە بارودۆخەکە تەواو گۆڕانکاری بەسەرداهاتوە و، هەر هێرشێک بۆ ئەو ناوچانە پێویستی بەهەماهەنگی لەگەڵ ڕووسیاشدەبێت.
بەڵام ڕووسیا پشتی سووریا دەگرێت و ڕایگەیاندوە، پشتگیری لەگەڕانەوەی هێزەکانی سووریا بۆ مەنبج و ناوچەکانی دیکە دەکات و هەر هەنگاوێک بۆ ڕادەستکردنەوەی خاکی سووریا بەحکومەتی شەرعی سووریا بەکارێکی دروست و لەبەرژەوەندی سەقامگیری سووریا دەزانێت بۆیە شارەزایان دەڵێن کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەسووریا مەترسیەکانی بۆ تورکیا زیاتردەبێ لەدەرفەتەکان.
شیاوی باسکردنە، بەهۆی بڕیارەکەی (ترەمپ) بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەسووریا بارودۆخی ئەو ناوچانە دەکەوێتە بەر مەترسی و ناسەقامگیریەوە و دۆخێکی نوێ دێنێتەپێش، لەلایەک سووریا هێزەکانی ئامادەکردوە بۆ وەرگرتنەوەی ئەو ناوچانە، وە لەلایەکی دیکەوە ئۆپۆزسیۆنی سووریا ئەوانەی کە تورکیا پاڵپشتیان لێدەکات دەیانەوێ ئەو ناوچانە کۆنتڕۆڵ بکەن.
بەپێی زانیارییەکان کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا چەند مانگێک دەخایەنێ، یەکێک لەو پلانانەی کە بەرپرسانی ئەمەریکا ئاماژەیان پێداوە بۆ کشانەوەی هێزەکانیان (١٢٠) ڕۆژە، هەروەها لەو ماوەیەدا بەرپرسانی تورکیایش دەیانەوێ پلانێکی نوێ دابڕێژن بۆ ئەو مەبەستە بڕیاروایە بۆ بەدەستهێنانی هەماهەنگی کۆبونەوەی بەرفراوان لەگەڵ بەرپرسانی مۆسکۆ ئەنجامبدەن.
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا لەسەر ئەو بڕیارەی ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر بۆوە کە بۆچی پشت لەهێزە کوردییەکان دەکات لەکاتێکدا ئەوان شەڕی داعشیان بەباشی ئەنجامداوە، هەندێک لەبەرپرسە سەربازیەکانی ئەمەریکا لەو باوەڕەدان ئەو هەڵوێستەی ئەمەریکا لەکاتێکدا کە شەڕی داعش تەواونەبوە دوورە لەپرەنسیپەکانی هاوپەیمانیەتیکردن و کاریگەری لەسەر متمانەی ئەمەریکا دەبێت.
تورکیا تەنها بەکشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەسووریا و پشتبەردان لەکوردەکان دڵخۆش نابێ و بەس، بەڵکو دەیەوێ هەرچی چەک و پێداویستیەکانی شەڕە کە ئەمەریکا بەو هێزانەی داون لێیان وەرگرێتەوە چونکە دەترسێ شەڕی تورکیای پێبکەن، بەڵام چەند بەرپرسێکی ئەمەریکا ئاماژەیان بەوەداوە کە ناتوانن ئەو هێزانە کە هاوپەیمانیانن چەکەکانیان لێ وەربگرنەوە لەکاتێکدا کە شەڕی داعش تەواونەبوە.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler