ئاب 03, 2020

دۆناڵد ترامپ گەیشتە عێراق، بەڵام چاوی بە عێراقییەکان نەکەوت

سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەڵێت: هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق دەمێننەوە تا پێش بە هەر جۆرە بەهێزبوونەوەیەکی داعش لە عێراق و سوریە بگرین و هەروەها ئێرانیش بخەینە ژێر چاودێرییەوە.

دۆناڵد ترامپ سەرکۆماری ئەمریکا لە سەفەرێکی ڕانەگەیێنراودا شەوی چوارشەممە گەیشتە عێراق و لە نێو هێزە ئەمریکییەکاندا جێژنی کریسمسی پیرۆز کرد. لە قسەکردنێکیدا بۆ سەربازەکان گووتی "هێزە ئەمریکییەکان، بەهێزانە و وردەکارانە و ڕێکخراوانە لە سوریە دێنە دەرەوە، زۆر حەساوبۆکراو و ڕێکخراو".
سەرکۆماری ئەمریکا ئەوەشی گوت، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئامادەیی سەربازی خۆیان لە عێراق دەپارێزن تا بەر بە یاخیگەری داعش بگرن و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بپارێزن و هەروەها لە نێزیکەوە ئاگاداری ئەگەری دووبارە دروستبوونەوەی داعش بگرن و هەروەها ئێرانیش لە نێزیک و بە وردی بخەنە ژێر چاودێرییەوە. سەرۆک ترامپ لەبارەی بڕیاری دەرچوونی ئەمریکا لە سووریە گوتی "لە سەرەتاوە ڕوون بووە کە ئامانجی ئەمریکا لە سووریە وەرگرتنەوەی ناوچەکانی بن دەستی داعش لەو گرووپە تیرۆریستییە بووە".
ترامپ لە نێو هێزە ئەمریکییەکانی نێو عێراق گوتی "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیە ڕتزی بووە کە بەجێماوەکانی داعش لە سوریە بکاتە دەرەوە". هەروەها باسی لەوەش کرد کە بڕیار نەبوو مانەوەی ئەمریکا لە سوورییە نادیار بێت و وڵاتانی دەوڵەمەندی دیکە دەبێت بۆ دروستکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی سوریە پارە بدەن. ترامپ گوتی: "ئەرکی ئەمریکا دروستکردنی وڵاتەکان نییە و ئەم کارە دەبێت وڵاتە دەوڵەمەندەکان بیکەن.هیچ کەسێک سوپایەکی وەک ئێمەی نییە، بەڵام ئێمە لە سەروو هەموو جیهانەوەین، ئێمە بە هەموو جیهاندا بڵاوبووینەتەوە. ئێمە لە ژمارەیەک وڵاتین کە زۆربەی کەس تەنانەت ناویانی نەبیستوون. راشکاوانە بیڵێم، ئەمە بێمانایە. بۆیە ئەمە چیرۆکەکەیە و زۆر سادەیە. من ویستم بێم بۆ عێراق. ویستم لەگەڵ ئەم پاڵەوانە مەزنانە کۆببەمەوە. ئەوەش ئەوەیە کە ئێمە ئەنجامی دەدەین. هەر لەبەر ئەوەشە کە ئێمە لێرەین". "داعش شکستی خواردووە و خەلیفە نەماوە و ئەگەر پێویست بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە سوریە هەبێت، ئەم ئۆپەراسیۆنە لە بنکە سەربازییە ئەمریکییەکانی نێو عێراقەوە ئەنجام دەدرێت".
لەگەڵ دۆناڵد ترامپی سەرکۆماری ئەمریکا، میلانیای خێزانەکەی و سارا سێندرز وتەبێژی کۆشکی سپی و جیم مەتیس وەزیری بەرگری و جان بۆڵتن ڕاوێژکاری ئەمنی کۆشکی سپی ـش لە عێراق ئامادە بوون. ئەم سەفەرەی سەرکۆماری ئەمریکا لە کاتێکدا ئەنجام درا کە کۆشکی سپی و کۆنگرە هێشتا لەسەر دابینکردنی بوودجەی دەوڵەت و مشتومڕی دروستکردنی دیواری سنووری باشووری ئەمریکا ڕێک نەکەوتوون و بەشگەلێک لە دەوڵەتی فیدراڵ هەڵپەسێردراون و کار ناکەن.
ئەمە یەکەمین سەفەری دۆناڵد ترامپە بۆ ناوچەیەکی شەڕ. پێشتر زۆرێک ڕەخنەی ئەوەیان لە دۆناڵد ترامپ گرتبوو کە بۆچی تا ئێستا بۆ ناوچەیەکی جەنگی سەفەری نەکردووە و چاوی بە هێزە ئەمریکییەکان لە دەرەوەی ئەمریکا نەکەوتووە.
هۆکاری سەردانی نهێنی ترامپ:
هەموو دەم ئەو ڕەخنەیە لە دۆناڵد ترامپی سەرکۆماری ئەمریکا گیراوە کە بۆچی سەردانی سەربازەکانی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەمریکا ناکات، پێشتریش دوو جار ویستی سەردانی عێراق بکات بەڵام بە هۆی ئەوەی کە لە میدیاکانەوە ئەم سەفەرانەی ئاشکرا بوون، هەڵیوەشاندنەوە. هەر بۆیە بۆ سەفەری ئێوارەی چوارشەممە فڕۆکەکەی بێ ڕووناکی ئاسمانی واشنتۆنی بڕیوە و گەیشتووەتە عێراق.
دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا سەبارەت بەوەی کە بۆچی بە نهێنی هاتووەتە عێراق و ئێواره‌ی رۆژی چوارشه‌ممه‌ 26/12/2018 به‌ نهێنی چاوی به‌ سه‌ربازانی وڵاته‌كه‌ی كه‌وتووە، گوتی "زۆر دوودڵ بووم له‌و گه‌شته‌، به‌تایبه‌تی پاش ئه‌وه‌ی بیستم له‌سه‌ر ئه‌و بارودۆخه‌ی ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ پێیدا تێپه‌ڕێن".. "ترسه‌كه‌ی من بۆ دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی بوو نه‌ك ته‌نها خۆم، ترسه‌كه‌م بۆ خانمی یه‌كه‌میش بوو".
سەرکۆماری ئەمریکا باسی ئەوەشی کرد کە جێگای داخه‌ له‌ كاتێكدا 7 ترلیۆن دۆلار له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست خه‌رجكراوه‌، به‌ڵام ده‌بێت به‌و شێوه‌ نهێنییه‌ بێتە عێراق و چه‌ندین فڕۆكه‌ چوارده‌ورت بگرن تا بێیت و بڕۆیت‌، ده‌بێت گه‌وره‌ترین كه‌ره‌سته‌ی خۆپاراستن ببه‌یت بۆ ئه‌وه‌ی به‌ سه‌لامه‌تی بچیت و بگه‌ڕێیته‌وه‌.
دۆناڵد ترامپ له‌ ڕێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ عێراق‌ سه‌ردانی هێزه‌كانی ئه‌مریكای له‌ ئه‌ڵمانیا كرد. فڕۆكه‌كه‌ی سەرکۆماری ئەمریکا له‌ بنكه‌ی فڕۆكه‌وانیی ڕامستین ـی ئه‌ڵمانیا نیشته‌وه‌ و له‌ لایه‌ن چەندین فه‌رمانده‌ و سه‌ربازی ئه‌ڵمانییه‌وه‌ پێشوازی لێكرا.

ترامپ بۆ چاوی بە بەرپرسانی عێراق نەکەوت:
دۆناڵد ترامپ لەو سەردانەی بۆ عێراق، لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆنەبووەوە، هرەچەندە بڕیار وابوو چاوی بە عادل عەبدولمەهدیسەرۆکوەزیرانی عێراق بکەوێت، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرەتا ئاگاداری سەفەرەکە نەکراوەتەوە و لە دوو کاتژمێر پێش سەردانی بنکە سەربازییەکان پێیان وتووە، بۆیە نەتوانراوە چاوی بە ترامپ بکەوێت.
پێنجشەممە هاوپەیمانیی بنیاد (بینا)، ڕەخنەی لە سەردانە نهێناوییەکەی دۆناڵد ترامپ گرت و ڕایگەیاند کە "دەبێت لێپرسینەوە لە باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا بکرێت لەسەر ئەم سەفەرە نهێنی و کتوپڕە".
لە بەیاننامەکەی هاوپەیمانیی بنیاد هاتووە "پێمان سەیرە کە سەرۆکی ئەمریکا بەم شێوە نهێنییە سەردانی بنکەی سەربازیی ئەسەد لە ڕۆژاوای پارێزگای ئەنبار دەکات و ئەم جۆرە سەردانانە دوورە لە هەموو ڕێوشوێنێکی دیپلۆماسی و پێشێلکردنی نەریتە دیپلۆماسییەکانە و نیشانەی مامەڵەکردنێکی لووتبەرزانەی ئەمریکایە لەگەڵ حکومەتی عێراق".
لە بەیاننامەکەدا ڕوو لە حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهەدی کراوە کە ئەم سەردانە ڕەتبکاتەوە و نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئاگاداربکاتەوە و بە پەلەش باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا بانگهێشت بکات".

 

 شۆڕش غەفووری - هه‌‌ولێر

© 2017 Hawler