حوزەیران 04, 2020

بەرپرسێكی ئەمریكا: ترامپ هیچ بەڵێنێكی بە ئەردۆغان نەداوە بۆ رادەستكردنەوەی گولەن

چەند رۆژێك بەر لە ئێستا، مەولوود چاوشئۆغلو وەزیری دەرەوەی توركیا ئاشكرای كردبوو، لە كۆبوونەوەی لوتكەی G20 لە ئەرژەنتین، كاتێك دۆناڵد ترامپ و رەجەب تەییب ئەردۆغان كۆبوونەتەوە، ترامپ گوتویەتی كار دەكەین بۆ رادەستكردنەوەی فەتحوڵڵا گولەن. بەرپرسێكی ئەمریكیش ئەو لێدوانە بە درۆ دەخاتەوە.

چەند رۆژێك بەر لە ئێستا، چاوشئۆغلو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوانیدا گوتی: "ترامپ لە كۆبوونەوەی لوتكەی G20 بەڵێنی بە ئەردۆغان داوە، كە كار دەكەن بۆ رادەستكردنەوەی فەتحوڵڵا گولەن و چەند كەسێكی تر". ئەمڕۆش رۆژنامەی (رۆیتەرز) لەسەر زاری بەرپرسێكی ئەمریكی ئەو گوتەیەی وەزیری دەرەوەی توركیای بەدرۆ خستەوە.
رۆیتەرز لەسەر زاری بەرپرسێكی ئەمریكی كە نەیویستوە ناوی بهێنرێت ئاشكرای دەكات، ئەو گوتانەی چاوشئۆغلو دوورە لە راستی و ترامپ بە هیچ شێوەیەك بەڵێنی لەو شێوەیەی نەداوە.
باسی لەوەش كردوە، بە هیچ شێوەیەك رادەستكردنەوەی گولەن لە رۆژەڤی ئەمریكادا نییە، ئەوەی دەوترێت دوورە لە راستییەوە.

 

كارزان گلی ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler