تشرینی یەکەم 23, 2019

هەرێمی كوردستان براوەی شەڕی نەوت دەبێت

هەمیشە ئابووری پشت و پەنای سیاسەت و ئەمنییەت بووە، هەر وڵاتێك خاوەن ئابوورییەكی بەهێز بێت، ئەوە خاوەن جێگە و پێگەیەكی تایبەتییە لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و هەمیشە قسە و پێشنیار و داواكارییەكانی جێگەی قبوول و قسە لەسەر كردنە. سیاسەتێكی بەهێز، بە بێ‌ ئابوورییەكی بێ‌ هێز، ناتوانێ‌ ببێتە وڵاتێكی خۆشگوزەران و حەسانەوە و خاوەن بەهای نێودەولەتی و جیهانی. بە تایبەت لە جیهانی گلۆبالیزم و پۆست مۆدێڕنیزمدا، ئابووری بەهێز قسەی یەكەم دەكات. سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستانیش سەركەوتوو بووە لەوەی بە جیدی كاری لە سەر بەجیهانی كردنی نەوت كردووە و هەرێمی كوردستانی كردووەتەوە خاوەن پێگەیەكی تایبەتی و جێگەی بایەخی نێودەوڵەتی بۆ وڵاتە زلهێز و خاوەن ئابوورییەكی بەهێز.
ئابوورییەكی بەهێز و سەربەخۆ، ئەمنییەت و یەكرێزی دوو لە پایەكانی دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆن. كوردستانیش خاوەن ئەمنییەتێكی باشە لە ناو جەرگەی ئالۆزییەكانی ناوچەكەدا و دەرهێنانی نەوت و فرۆشتنی و هەوڵدان بۆ ئابوورییەكی سەربەخۆ، باشووری كوردستانی كردووەتە خاوەن پێگەیەكی بەهێزی ناوچەكە و هەرێمێكی گرنگ بۆ هەموو جیهان و جێگەی حەوانەوە و دڵنیایی وڵاتانی رۆژئاواو و وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بە هەبوونی ئابوورییەكی سەربەخۆ و بوونی ئەمنییەتی تەواو، هەرێمی كوردستانی كردووەتە جێگەی بایەخ و سەرنجی تەواوی جیهان بۆ خۆی راكێشاوە

.
لە ساڵی 2006 یەكەم هەنگاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دروستكردنی ئابوورییەكی سەربەخۆ، دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی ( تاوكێ‌ ) بوو، دواتر راكێشانی چەندین كۆمپانیای جیهانی بۆ دەرهێنانی نەوتی هەرێم و فرۆشتنی لە بازارەكانی جیهاندا، بەمەش هەرێمی كوردستان پێشكەوتنێكی گەورەی بە خۆیەوە بینی و توانی تا رادەیەك مووچەی فەرمانبەران و پشكی ئاوەدانكردنەوە و چەندین پڕۆژەی دیكە دابین بكات، ئەم لە سەرپێی خۆ راوەستانەش بووە هۆی ترسی وڵاتانی ئیقلیم و عێراق بوو ئەوەی هەرێمی كوردستان زۆر زوو سەرنجی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ناوەندەكانی ئابووری جیهانی بۆ لای خۆی راكێشێت، بۆیەشە هەموو هەوڵیان لەبار بردن و لاوازكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان بوو.
ئەگەر بەر لە بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان لە لایەن بەغداوە لە 2014، هەرێم هەولی نەدابوایە بۆ ئابوورییەكی سەربەخۆ، ئەمڕۆ كوردستان هەڵدەوەشایەوە و نەماندەتوانی ئەم چەند ساڵەش خۆمان لە سەر پێی خۆمان رابگرین، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 22/5/2014 بڕیارێكی بوێرانە و عەقلانەیدا بۆ بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوت بۆ دابین كردنی مووچەی فەرمانبەران و پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییانەی بەغدا بۆ هەرێمی دروست كردبوو. دوای بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە لایەن حكومەتی هەرێمەوە و هێنانی كۆمپانیا گەورەكانی جیهانی لەو بوارەدا، قوناغێكی نوێ لە هەرێمی كوردستان دەستی پێكرد، كە بە قوناغی زێڕینی باشووری كوردستان دەناسرێت.
هەرێمی كوردستان لە سەر بنەمای نەبوونی متمانە بە بەغدا و زالبوونی دەسەڵاتی مەزهەبی و نەتەوەیی لە بەغدا، بڕیاریدا نەوت بەرهەم بهێنێت و لەرێگای بۆڕی نەوتی هەرێمی كوردستان بیفرۆشێت

.
بڕگەی (دووەم)ی ماددەی (6)ی یاسای پەرلەمان ژمارە 5ی ساڵی 2013ی تایبەت بە دەستنیشانكردن و بەدەستهێنانی شایستەداراییەكانی لە داهاتی فیدراڵی لە هەرێمی كوردستان، بڕگەیەكی زۆر گرنگ بوو كە تیایدا هاتووە حكومەتی هەرێم بۆی هەیە رێكارە گونجاوەكان بگرێتەبەر بەپێی ئەحكامی ئەم یاسایە بەمەبەستی وەدەستهێنانی مافە داراییەكانی لەوانەش بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوتی خاو و گاز بەمەبەستی دابینكردنی سەرجەم ئەو شایستانەی كە حكومەتی فیدراڵی دابینی ناكات. واتە ئەگەر ئەم بڕگەیە نەبوایە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سەرەتای ساڵی 2014ەوە تووشی داڕمانێكی بنەڕەتی دەبوو و نەیدەتوانی چەند رۆژێكیش شەڕی تیرۆریستانی داعش بكات

 

© 2017 Hawler