حوزەیران 04, 2020

نرخی سووتەمەنی بیانوویەک بوو

کوڵەباڵەزەردەکان فەرەنسایان شڵەژاندووە؛ ئاگرەکە خۆ هەر پاریسی پایتەختی گڕ نەداوە، هەموو فەرەنسای گرتووەتەوە؛ هەندێ شار زەحمەتە بەم ئاسان ئاژاوەی لێ ببڕێ! لە ساڵی ١٩٦٨ـەوە فەرەنسا راپەڕینی وای بە خۆوە نەبینیوە؛ دەبێ ئەو راپەڕینە کێی لە پشتەوە بێ و دەستی کێی تێدا بێ؟ ئەی چەندە لە بزووتنەوەی پگیدا دەچێ؟

گیۆم پاولی، فەیلەسۆفی ئاڵمان‌فرانسی (Guillaume Paoli) لەو بابەتە ورد بووەتەوە و باسی دەکات.
کوڵەباڵزەردەکان لە هەموو ڕوویەکەوە سەیر و نەپۆڕن! لەوەتی سەریان هەڵداوە کەس بە تەواوەتی نازانێ ئەرێ ئەمانە مەیلی راستیان یان چەپ؟ یان سەر بە هیچ بەرەکی سیاسی نین؟ هەڵچوون و تووڕەیی و ئاژاوەیەکی پەتیە یان بزووتنەوەیەکی بەڕەگ؟ هێشتا کەس لێیان حاڵی نیە؛ هەر بەوەدا دیارە بزووتنەوەیەکە لە وێنەی نەبووە و، رەوتێکی نەوبابەتە.

بزواندنی بزووتنەوەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە
ئاخروئۆخری مانگی تشرینەیەکەمی ڕابردوو، لە پڕێکدا دوو کابرای نەناس، لە فێسبووکەوە گوتیان مادامەکینی دەوڵەت سووتەمەنیمان لێ گران دەکا، جادە و رێگاوبانە گەورەکانی لێ دەگرین و، لێ ناگەڕێین کەس هاتوچۆ بکات؛ هەرهەمووشمان کوڵەباڵە زەردەکەی کاتی کار دەکەینە بەر، با دیار بین! ڕۆژێک بەر لەوەی بکەونە رێ (١٦/١١/٢٠١٨)، لە سای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە، نزیکەی ملوێنە کەسێک، چوون بە دەمیانەوە و لە ئەنتەرنێتەوە گەڵاڵەکەیان واژۆ کرد و، کۆمەڵ‌کۆمەڵ خەڵکی کوڵەباڵی زەردەیان کردە بەر؛ لاپەڕەی فێسبووکی سەر خیڵی کوڵەباڵزەرد، چەنسەدهەزار کەس ئەندامیان هەیە.
راستە رێبەندان و خۆپیشاندان و هاتنی خەڵک زۆر گرنگە بەڵام ئەو رێکخستنە بەبێ تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ناکرێت؛ نە بارەگایان دەوێ و نە بەرپرسێکی وا هەتا حکوومەت بچێ لەگەڵیاندا بکەوێتە دانوستان یان بیانگرێ! ڕاگەیاندنەکانیش لێیان بووەتە زەحمەت نازانن لە کوێ بیانگرنەوە هەتا دیدار و چاوپێکەوتنێکیان لەگەڵدا بکەن! فێسبووکبەڕێوەبەرەکانی بزووتنەوەکەش کەسیان خۆیان لێ ناکەنە خاوەن و دەڵێن ئێمە بەس پەیام و پێغەمەکە دەگەیێنین!
ئێدوار فیلیپ (Édouard Philippe) سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا، لە فێسبووکەوە بانگهێشتی کردن بچن بۆ دانوستان؛ گوتیان: "دێین؛ بەو مەرجەی دانوستانەکە راستەوخۆ لە فێسبووکەوە بەڵاو بکرێتەوە." سەرۆکوەزیران مەرجەکەیانی لێ وەرنەگرت و، دانوستانیش نەکرا؛ ڕۆژی پاشترێ، ئاژاوە هەڵگیرسا و، مەیلی دانوستانی ناچارەکی کڵپەی سەند؛ دەوڵەت چەند کەسێکی راسپارد کوڵەباڵی زەردە لەبەر کەن و خۆیان بکەنە نوێنەری کوڵەباڵزەردەکان! بەڵام دەتگوت گای مارۆنە و، هەر زوو گز و فێڵەکەیان کەوتە دەر!

خەمی سەرەمانگان!
ئەوە چوارچێوەی بابەتەکە؛ بەڵام هۆ و هاندەری بەزمەکەش سەیرە! خۆی دەڵین خەمی گرانکەوتنی بەنزینی ئەو ترۆمبێل‌خۆشەویستانەیان هەیە وا هیچ خەمی پیسکردنی ژینگەیان نیە! دروشمێکیان هەڵگرتووە دەڵێن: "باجی لەڕادەبەدەر، دەوڵەمەندی پێ دەوڵەمەندتر دەبێ و، هەژاری پێ هەژارتر! خۆکوشتنیشی پێ زیاتر دەبێ!"
کوڵەباڵزەرەدەکان یاسای 'یەک خەڵک و یەک باج'ـیان پێ ناڕەوایە!
ئافرەتێکی راپەڕیو دەڵێ: "ڕۆشنبیران خەمی ئاخرزەمانیان هەیە و ئێمەی هەژار، ترسی سەرەمانگانمان لێ نیشتووە!"

سێچارەکە ناڕازیەکە و پەراوێزخرانی جڤاتەکان
لە سەرۆکهەڵبژاردنەوەکەی ساڵی ٢٠١٧دا شانزەملوێن دەنگدەر نەهاتنە دەنگدانەوە؛ ئەو خەڵکە دڵساردە سیاسەتبێزراوە ئێستا کوڵەباڵی زەردیان کردووەتە بەر و، داوای هەقی خۆیان دەکەنەوە! یەکیەتی و جڤاتەکان، زۆر خۆیان تێوە نەگلاندووە، ئاخر ئەوان زۆر کەیفیان بە چالاکی و جووڵەیەک نایەت، بە خۆیان نەیانخولقاندبێت! سەیریشتیان پێ نەیەت، ئاخر زۆربەی کوڵەباڵزەردەکان لە هیچ جڤاتێکدا ئەندام نینە و، سەر بە هیچ یەکیەتیەکیش نین؛ یان بێکار و خانەنیش (خانەنشین)ـن؛ یان لە بوارێکی زەحمەتدا ئیش دەکەن؛ یان تۆزێک سەرمایەی هەیە و کاری پێ دەکات؛ یان رەنجبێوەرێکە بە رەنجەشان، ژیانێکی کولەمەرگی دەکات! ئەڵبەت هەم کوڵەباڵزەردەکان و هەم جڤات و یەکیەتیەکان، هەردووانەکەیان سێ داواکارییان هەیە: زیادکرانی مووچەی بنەڕەتی و، دەرماڵە و، مووچەی خانەنیشی.
شک و گمانی تێدا نیە ئەو روانگە سیستەمکوژەی کوڵەباڵزەردەکان دەڵێی هەراوهوریای دەستەی ئاژاوەگێڕی وەکو گوایە خۆییدۆستەکان و، تاقمی بێگانەبێزی وەکو پگیدایە؛ راستە گوتنەوەی سروودی نیشتمانی و شەکاندنەوەی ئالا سێڕەنەگەکەی فەرەنسا نیشانەی شۆڕشە بەڵام زیاتر رەنگی نەتەوایەتیی پێوە دیارە تاکو چەپەنگایەتی (شیوعیەت).
دروشمی "ماکرۆن، پایدۆسی! ماکرۆن پایدۆسی!" (پایدۆسی: دەستلەکارکیشانەوە) دەڵێی دروشمی ئەڵمانەکانە وا پار دەیانگوت: "مێرکڵ دانیشە! ئیتر دانیشە!"
لەوانەیە خەڵکی دیکەش خۆیان لە کۆڕ و کۆبوونەوەی کوڵەباڵزەردەکان بگلێنن؛ لەوانە: جوولەکەبێزەکان، نەیارانی هاوڕەگەزخوازەکان، هەرخۆیی (فاشیست) و، ئەوانەشی وا دایمە دەڵێن دەستی بێگانە لە وڵاتدایە؛ ئەوانە هەرهەموویان لە دەرفەت دەگەڕێن بەشکەم بە ئاژاوەشەوە بووبێ، دەوڵەتێکی لاسار و دیکتاتۆر بێتەوە سەر حوکم!

جیاوازیەکەی پگیدا و کوڵەباڵزەرەد
لە سای کوڵەباڵزەردەکانەوە، پگیداکانیش جووڵەیان تێ کەوتووە! بەڵام راستیەکەیتان دەوێ، خەمی ئەو خەڵکەی لە ماکرۆن راپەڕیون، نان و ئاوە، نەک بێگانەسواژی و راووەدوونانی کۆچبەر؛ تەنانەت وشکەنەژادپەرستەکانیش ناوێرن راستەوخۆ باسی وەدەرنانی کۆچبەر و بێگانە بکەن؛ دەترسێن نەکا دووبەرەکی بکەوێتە ناو خەڵکەوە.
کوڵەباڵزەردەکان راپەڕیون بەڵام، چەپەکان هێشتا نازانن ئاخۆ پشتیان بگرن یان پشتیان تێ بکەن؟ ئەگەر پشتیوانییان لێ بکەن قازانجی خۆیشیانی تێدا دەبێ؛ بەڵام ئەگەر پشتیان نەگرن هیچ دوور نیە دەوڵەتەکە خێڵێکی بێناونیشانی وەکو پێنج‌ئەستێرەکانی ئیتالیایان لێ هان بدات، جوان‌جوان سەرکوتیان بکەن.
ئەڵبەت زۆر یەکیەتیی و جڤاتی کرێکارەتی هەر لەو سەرەتاوە هاتنە پێشەوە و پشتی کوڵەباڵزەرەکانیان گرت و، لە خۆپیشاندان و دەنگهەڵهێنان هیچ درێخییان نەکرد؛ لە شاری تولوزی فەرەنسادا ژنپەروەرەکان هاتنە دەنگ و گوتیان: "زڵم و ستەم و ناهەقی لە ئافرەت، هەتا کەنگێ؟!" لە شاری مارسەیدا گوتیان: "ئەرێ ئەو سیاسەتە شاشەی بواری خانووبەرە هەتا کەی؟! لە شاری پاریسی پایتەختیشدا خەڵکێک لە داخی زەبروزەنگی پۆلیسدا پشتی کوڵەباڵزەرەکانیان گرتووە.

بووژانەوەی دیاردەی ١٧٨٩
هەرچۆنێک بێ، ١/١٢/٢٠١٨، بوو بە خاڵی وەرچەرخان؛ سەرەڕای پاریس، کە ئاژاوەی تێ کەوتووە، بیست شاری دیکەی فەرەنساش تێوە گلاون و، پۆلیس و کوڵەباڵزەرد بەر بوونەتە یەکتر و تێک ئاڵاون؛ ئیتر وای لێ هاتووە تەنانەت راگەیاندنەکانی دەوڵەتیش هاتوونەتە سەر بار و، نایانەوێ ئەو خۆپیشاندانە هێمنانەی کوڵەباڵزەردەکان لە خەڵک بکەنە ئاژاوە و یاخیگەری؛ ئیتر باسی بزووتنەوەی راستەقینەی کرێکارانە؛ سەرچاوکەکەی دەگەڕێننەوە بۆ شۆڕشەکەی ساڵی ١٧٨٩ و ئەوەی ١٨٤٨؛ وێدەچێت ئا لەو باردۆخەی وا باری دەوڵەت کەوتووەتە لێژی، لایەنی دیکەش داوای مافی خۆیان بکەن؛ لە ٣/١٢/٢٠١٨وە توێژی برینپیچ و پەرستاریش داوای هەقی خۆیان دەکەن.
ئەگەر ئیمانوێل ماکرۆن بە زەبر و کوتەک چارەی ئەو ئاژاوەیە نەکات، ناچارە لە قسەی خۆی بچێتە دواوە و، داواکاریەکانی ئەو چین و وتوێژانە جێبەجێ بکات؛ ئەڵبەت هیچ ەب دووری مەزانە، خەڵکی داواکار بەوەی ماکرۆنیش بۆیانی بکا رازی نەبن و، هەتا لە تەختی سەرکۆمارەتی نەیکێشنەوە خوارەوە، وازی لێ نەهێنن!

 

و: د. ڕزگار ئازەوانی ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler