حوزەیران 01, 2020

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فەرەنسا داوا له‌ ترامپ دەكات ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروباری ناوخۆی فه‌ڕه‌نسادا نه‌كات

دوای ره‌خنه‌گرتن و په‌یامه‌ توانج ئامێزه‌كانی دۆناڵد ترامپ له‌ حكومه‌تی فه‌ڕه‌نسا، ژان ئیۆ لۆدریان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م وڵاته‌ داوای له‌ دۆناڵد ترامپ سه‌رۆك كۆماری ئه‌مریكا كرد تا ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروباری ناوخۆی فه‌ڕه‌نسادا نه‌كات.

دۆناڵد ترامپ تا ئێستا چه‌ندینجار ره‌خنه‌ی له‌ سیاسه‌ته‌كانی ئیمانوێل ماكرۆن گرتووه‌ و بزوتنه‌وه‌ی هێله‌ك زه‌رده‌كانی به‌رئه‌نجامی سیاسه‌ته‌ هه‌ڵه‌كانی حكومه‌تی فه‌ڕه‌نسا وه‌سفكردووه‌.
رۆژی رابردوو ژان ئیۆ لۆدریان له‌ به‌رنامه‌یه‌كی ته‌له‌ڤزیۆنیدا وتی: رووی قسه‌م له‌ دۆناڵد ترامپه‌ و ئه‌مه‌ له‌ زمانی سه‌رۆك كۆمار ئیمانوێل ماكرۆنیشه‌وه‌ ده‌گوازمه‌وه‌، ئێمه‌ لایه‌نگیریی و ده‌ستوه‌ردان له‌ مشتومڕی ناوخۆیی ئه‌مریكییه‌كاندا ناكه‌ین، ئێوه‌ش لێگه‌ڕێن كه‌ ئێمه‌ وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك ژیانی خۆمان بكه‌ین.
لۆدریان جه‌ختیشی كرده‌وه‌: مادام ئێمه‌ تێبینیمان نییه‌ له‌سه‌ر سیاسه‌تی ناوخۆیی ویلا‌یه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا، خوازیارین ئه‌م ره‌فتاره‌ دوولایه‌نه‌ بێت و ئێوه‌ش ره‌چاوی هه‌مان ره‌فتاری ئێمه‌ بكه‌ن.
جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ كه‌ دوای خۆپیشاندانی ناڕه‌زایه‌تیی رۆژی شه‌ممه‌ی هێله‌ك زه‌رده‌كان له‌ فه‌ڕه‌نسا، دۆناڵد ترامپ له‌ په‌یامێكی تویته‌ریدا نووسیبووی: ئه‌مڕۆ رۆژێكی زۆر خه‌مباره‌، له‌ سه‌رجه‌م فه‌ڕه‌نسادا ئاڵۆزیی و خۆپیشاندانه‌ و خۆپیشانده‌ران ده‌ڵێن ئێمه‌ ترامپمان ده‌وێت.

© 2017 Hawler