تەمموز 07, 2020

ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئەو 2 وڵاتە گەیشتووەتە یەك ملیار دۆلار

رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا لە سەردانێكیدا بۆ فەنزوێلا، داوای لە سەرۆكی ئەو وڵاتە كرد شوێنێكی بۆ دابین بكات تا مزگەوتێكی بۆ موسڵمانان لێ دروست بكات. مادورۆ سەرۆكی فەنزوێلاش ئاماژەیدا، سەرەڕای گەمارۆكانی ئەمریكا بۆ سەر فەنزوێلا، بەڵام بازرگانی ئاڵتون لەگەڵ توركیا بەردەوامی هەیە و برەوی پێ دەدەن.
ئەردۆغان سەردانی فەنزوێلای كرد و لەگەڵ نیكۆلا مادورۆ كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەنجامدا و، سوپاسی كرد كە لەسەر داوای توركیا 2 قوتابخانەی سەر بە فەتحوڵڵا گولەنی داخستوە.
ئەردۆغان لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا باسی لە هەوڵی كوشتنی نیكۆلا كرد لە 4_8_2018 و، گوتی ئیدانەی دەكەم و هەوڵی كوشتنی نیكۆلا هەمان ئەو هەوڵەیە كە لە 15 تەمووز ویستیان من بكوژن و سەركەوتوو نەبوون تێدا.
لە ساڵی 2017 ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان توركیا و فەنزوێلا 154 ملیۆن دۆلار بوە، بەڵام ئەردۆغان ئاماژەیدا كە لە ساڵی 2018 ئەو رێژەیە بۆ یەك ملیار دۆلار بەرز بوەتەوە.
گوتیشی: "داوامان لە نیكۆلا كرد شوێنێكمان لە پایتەخت بۆ دابین بكات، تا بتوانین مزگەوتێكی لێ دروست بكەین، سوپاس كە داواكەمی رەتنەكردەوە و لە داهاتوو مزگەوتێك دروست دەكەین".

 

كارزان گلی ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler