تشرینی دووەم 28, 2020

توركیا بازاڕی قەیسەری كەركووك و قەڵاكەی نۆژەندەكاتەوە

ئاژانسی هەماهەنگی و هاوكاری توركیا، راپۆرتێكیان لەبارەی سووتانی بازاڕی قەیسەری كەركووك رادەستی پەرلەمان و حكوومەت كردوە، تا بتوانن لە بودجەی 2019ی توركیادا پارەیەك تەرخان بكەن بۆ نۆژەنكردنەوەی ئەو قەیسەرییە و هەروەها چەند شوێنەوارێكی تر كە لە سەردەمی داگیركاری عوسمانییەكاندا دروست كراوە نۆژەن بكرێتەوە.
جونێت ئێسمەر بەڕێوەبەری ئاژانسی هەماهەنگی و هاوكاری توركیا، لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی (T24)ـی توركی ئاماژەیدا كە لە كاتی سەردانیكرانی بۆ بەغدا، توانیویانە لێكۆڵینەوە لە چۆنییەتی سوتانی بازاڕی قەیسەری كەركووك بكەن، كە بە سەدان دوكان بوون بە خۆڵەمێش و تاوەكو ئێستاش نازانرێت ئەو بازاڕە بۆچی سووتاوە.
ئێسمەر بازاڕی قەیسەری بە میراتی عوسمانییەكان دادەنێت و دەڵێت لەگەڵ بەرپرسانی عێڕاق كۆبوونەوەیان كردوە تا بتوانن هاوكاری خاوەن دوكانەكان و نۆژەنكردنەوەی ئەو بازاڕە بكەن.
ئەو دەڵێت: "لە بودجەی 2019ـدا پارەیەك تەرخان دەكرێت بۆ نۆژەنكردنەوەی بازاڕی قەیسەری كەركووك كە میراتی عوسمانییەكانە، هەروەها قەڵای كەركووك نۆژەن دەكەینەوە و مەزاری بوغدای خاتوونیش نۆژەندەكەینەوە كە هەموو ئەمانە میراتی عوسمانییەكانن و توركیا شانازی پێوە دەكات و ئێمە راپۆرتمان لەوبارەیەوە ئامادە كردوە".
هەر لە هەواڵەكەی ماڵپەڕی ناوبراودا هاتوە، 26_11_2018 بازاڕی قەیسەری كەركووك سوتاوە و بەو هۆیەشەوە یەك ملیار دۆلار زیان بەر دوكانی ئاڵتونچییەكان كەوتوە.
پێویستە ئەوەش باس بكرێت كە لەناو پەرلەمانی توركیا، مەهەپە كە پارتێكی رەگەزپەرستە و بەردەوام دەڵێت پێویستە كەركووك بە توركیاوە بلكێنرێت، پشتگیری لە نۆژەنكردنەوەی قەیسەری كەركووك دەكات و، دەڵێت لەو رێگەیەوە دەتوانن سۆزی هاووڵاتیانی كەركووك بۆ خۆیان رابكێشن.

 

دواترین دەستکاریکردن لەسەر سێ شەممە, 04 کانونی یەکەم 2018 06:43
© 2017 Hawler