حوزەیران 04, 2020

لەمساڵدا زیاتر لە دوو هەزار کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاستدا خنکاون

رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی رایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ٢٥ی تشرینی دووەمی رابردوو، ١٠٧ هەزار و ٢٦٩ کۆچبەر لەڕێگەی دەریای ناوەڕاستەوە خۆیان گەیاندووەتە ئەوروپا و ژمارەی ئەو کۆچبەرانەشی لە دەریاکەدا گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە دوو هەزار و ١١٩ کەس.

بەپێی نوێترین ئاماری ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، کۆی گشتی ئەو کۆچبەرانەی کە لە ساڵی ٢٠١٨دا و لەڕێگەی دەریای ناوەڕاستەوە گەیشتوون بە ئەوروپا، کەمترە لەو ڕێژەی ساڵانی ڕابردوو کە تۆماری کردووە، بەشێوەیەک کە ساڵی ٢٠١٧، ١٥ هەزار و ٩٩٦ کۆچبەر و لە ساڵی ٢٠١٦شدا، ٣٤٨ هەزار و ٩٥١ کۆچبەر گەیشتوونەتە ئەوروپا.
هەر بەپێی راپۆرتەکە، ئەمە پێنجەم ساڵە لەسەر یەک، ژمارەی گەیشتووان بۆ ئەوروپا لەڕێگەی دەریای ناوەڕستەوە لە ١٠٠ هەزار کەس تێپەڕیوە.
ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەشکردووە، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە دەریاکەدا خنکاون، گەیشتووەتە دوو هەزار و ١١٩ کەس.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەمساڵدا ٢٣ هەزار کۆچبەر گەیشتوونەتە ئیتاڵیا کە ئەوەش کەمترە لەو ئامارەی کە ساڵی ڕابردوو تۆمارکراوە کە ١١٦ هەزار و ٦١٦ کۆچبەر گەیشتبوونە ئیتاڵیا.
هەر بەپێی ئامارەکان، تەنها لە ساڵەکانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥دا ٢٥٤ هەزار و ٨٤٠ هاوڵاتی عێراقیی کە بەشێکیان کوردن داوای مافی پەنابەرییان لە ٤٣ وڵات کردووە.
بەشێک لەو کۆچبەرانەی بەرەو ئەوروپا کۆچیان کردووە، یان لەکاتی گەیشتنیان بەو وڵاتانە لەناو دەریادا خنکاون، خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراقن، بەپێی ئاماری فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراق، لە ١٩ساڵی ڕابردوودا ٩٩١ هەزار و ٥٥٥ کەس لە هەرێمی کوردستانەوە بە شێوەی نایاسایی کۆچیان بۆ دەرەوە کردووە، کە نزیکەی ٩٠% یان لە توێژی گەنجان بوون.

© 2017 Hawler