ئەم پەڕەیە چاپ بکە

ترەمپ تۆڕی سی ئێن ئێن و نیویۆرک تایمز و واشنتۆن پۆستی بە لایەنداری و درۆکردن تۆمەتبار کردن

هێزەکانی سوپای تورکیا توشی ڕۆژێکی خوێناوی هاتن لەشەڕی عەفریندا لەدژی هێزەکانی (یەپەگە).

بەپێی ڕاپۆرتێکی (بی‌بی‌سی) ڕۆژی شەممە هێزەکانی سوپای تورکیا نزیکەی (حەوت) سەربازیان لێکوژراوە، کە پێنجیان لەکاتی هێرشێکدا بۆ سەرتانکەکەیان کوژران.
لەوەتەی ئۆپەراسیۆنی (چڵە زەیتون) لە (٢٠ی کانونی دووەمی ٢٠١٨) ەوە دەستیپێکردوە تاوەکو ئێستا نزیکەی (١٤) سەربازی هێزەکانی تورکیا لێکوژراون.
(بیناڵی یەڵدرم) سەرۆکوەزیرانی تورکیا لەپەیامێکیدا لەبارەی ئەو کوژراونەی ڕۆژی شەممە گوتی، هێزەکانی (یەپەگە) باجی ئەو هێرشەیان دەدەنەوە.

تورکیا دەڵێ چی:
تورکیا هەمیشە پاساوی دابینکردنی ئاسایش بۆ سنورەکانی دێنێتەوە بۆ ڕەوایەتی پێدانی هێرشی سەر عەفرین و ڕاکێشانی دەنگی نێودەوڵەتی، بەڵام چاودێرانی سیاسی و ناوچەیی لەو باوەڕەدان کە تورکیا دەیەوێت ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی لەسووریادا بەرفراوانتربکات و ئامانجەکانی کوردی سووریا بۆ ناوچەی ئۆتۆنۆمی لەباربەرێت.
دەربارەی ڕۆژە خوێناویەکەی تورکیا لەڕاگەێنراوێکدا سوپای تورکیا ڕایگەیاند هێزەکانی (یەپەگە) کە ئەمەریکا پاڵپشتیان دەکات هێرشیانکردۆتە سەر تانکێکی تورکیا لە (شێخ حەروز) لەڕۆژهەڵاتی باکوری شاری عەفرین، لەو هێرشەدا پێنج سەرباز کوژراون. هاوکات هەر ئەو ڕۆژە سەربازێکی دیکەی تورکیا لە عەفرین و هەروەها سەربازێکی دیکەیش لەسەر سنوری تورکیا کوژراوە.
تورکیا تاوەکو ئێستاش لەو باوەڕەدایە هێزەکانی (یەپەگە) لەلایەن ئەمەریکاوە پاڵپشتیان دەکرێ لەڕووی دابینکردنی چەک و تەقەمەنیەوە، بۆیە نیگەرانە لەو بارودۆخە و دەیەوێت ئەمەریکا بخاتە ژێر فشاری پشتکردن لەهێزەکانی (یەپەگە) لەڕێگای هێڵە دیبلۆماتی و سیاسی و ئابوری و نێودەوڵەتیەکانیەوە.

ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنی تورکیا:
(یەڵدرم) لەکاتی پێشكەشکردنی وتارێکدا بۆ ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبردنی پارتەکەی گوتی، ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنی (چڵە زەیتون) بۆ ڕەشکردنەوە و نەهێشتنی پشتێنەی تیرۆرە لەسەر سنورەکانی تورکیا.هەروەها گوتیشی، ئامانجەکان بۆ ڕزگارکردنی عەرەب و، برا کورد و تورکەکانن کەلەژێر ستەمدان.
هەر لەسەر ڕەوشی ئۆپەراسیۆنەکە و پێشڕەوییەکانی، (ڕەجەب تەیب ئەردۆغان) سەرۆککۆماری تورکیا ڕۆژی شەممە گوتی، هێزەکانی ژێر سەرپەرشتی سەرکردایەتی تورکیا لەسەر زەمین قۆناغی سەختیان بڕێوە و، بەرەو عەفرین دەڕۆن، هەروەها ئاماژەی تەنها بە (عەفرین) دا و گوتی زیاتر لەوێ تێناپەڕن

.
چاودێران لەسەر گوتەکەی (ئەردۆغان) دەڵێن لەبەر هەستیاری ئەمەریکا کە هێزەکانی لە (مەنبج) ن پێدەچێت تورکیا نەیەوێت بەرەو ڕۆژهەڵاتی سووریا هەنگاوە سەربازییەکانی درێژەپێبدات، هەڵبەتە ئەمەریکا پێشتر هۆشداری داوەتە تورکیا لەئەگەری بەریەککەوتنەکان و، ئاگاداریکردۆتەوە کە هێرشەکانی سنورداربکات، وە ئەمەریکا بەنیازنیە هێزەکانی لەوێ بکشێنێتەوە ئەوەش بەربەست دەبێ بۆ پێشڕەوی زیاتری تورکیا.
ڕاپۆرتە کوردییەکان دەڵێن چی:
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی (بی‌بی‌سی) ڕاپۆرتەکان لەسووریاوە ئاماژە بەوەدەدەن کە بەهەزارن کوردی سووریا لەناوچەکانی عەفرین و دەروبەری ئاوارەبوون بەهۆی هێرشی هێزەکانی تورکیا و گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریاوە.
بەرپرسانییەکە تەندروستیەکانی کوردی سووریا ڕۆژی شەممە ئاماژەیان بەژمارەی قوربانیەکانی ئۆپەراسیۆنەکەدا، لەو بارەیەوە گوتیان تاوەکو ئێستا نزیکەی (١٥٠ کەس) لەخەڵکی مەدەنی کوژراون و، (٣٠٠ کەس) یش برینداربوون

.
هەروەها بەپێی زانیارییەکان و ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەکان زۆربەی قوربانیە مەدەنیەکان بەهۆی بۆردومانی هێرشەکانی فڕۆکەکانی تورکیاوەبوون، کە ژن و منداڵ و خەڵکی سیڤیلیان کردۆتە ئامانج بۆ ئەو مەبەستە (ئەنگێلا ڕەشۆ) داوای لە چاودێرانی نێودەوڵەتیکردوە کە سەردانی ناوچەکانی عەفرین بکەن و ڕەوشەکە و قوربانیە مەدەنیەکان بەچاوی خۆیان ببینن.

جیهان کاردانەوەی چۆن بوە:
هێزە باڵادەستەکانی جیهان بەتایبەتی (ئەمەریکا) و (فەرەنسا) داوا دەکەن تورکیا سنورێک بۆ هێرشەکانی دابنێ و خۆی دووربگرێ لەبەئامانجگرتنی هاوڵاتیان.
فەرەنسا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە پەیامی ئاشکرا و ڕوونی بە تورکیاداوە لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی لە عەفرین و دژی هێرشکاری تورکیایە، لەحەفتەی ڕابردوودا (ئیمانوێڵ ماکڕۆن) سەرۆککۆماری فەرەنسا لەچاوپێکەوتنێکیدا گوتی، ئەگەر ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا مەبەست لێی داگیرکاریبێ ئەوا بەلای فەرەنساوە گرفتێکی ڕاستەقینەدەبێ و هۆشداریدا لەو بارەیەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکە لەدوای ئەو لێدوانە بۆ هێورکردنەوەی هەڵوێستی فەرەنسا لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا (ئەردۆغان) دڵنیایی داوەتە (ماکڕۆن) کە تورکیا چاوی لەخاک و ناوچەی هیچ وڵاتێکی دیکەوە نیە

.
کاردانەوەی نێودەوڵەتیەکان بەتایبەتی لەئەوروپا باشتر هەستیان پێدەکرێ، ئەڵمان و فەرەنسا و یەکیەتی ئەوروپا بەگرنگیەوە تەماشای ئەو پرسە دەکەن.
وە کوردەکانی تاراوگەش لەوڵاتانی ئەوروپا خۆپیشاندانی بەرفراون ئەنجامدەدەن بۆ پرۆتستۆکردنی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین، بەهەزاران کەس ڕۆژی شەممە لەبەردەم نوسینگەی ئەنجومەنی ئەوروپا لە (ستراسبێرگ) کۆبونەوە و داوایان لەبەرپرسانی ئەوروپا کرد بەرگری لە عەفرین بکەن و قسە لەسەر ئەو کوشتارە مرۆییە بێدەنگیە بکەن.
(سولەیمان ئاکگوج) یەکێک لەخۆپیشاندەران بوو لەڕاپۆرتەکەدا دەڵێ، دەمانەوێت بەبیر جیهانی بێنینەوە کە کوردەکان لە عەفرین لەدژی چەکدارەکانی داعش دەجەنگان بەڵام ئەمڕۆ کۆمەڵکوژ دەکرێن، وە بێدەنگی سەرکردەکانی یەکیەتی ئەوروپا لەسەر ئەو کۆمەڵکوژیە مردنە.
هەروەها لە (پاریس) یش خۆپیشاندانێکی بەرفراوان بەڕێوەچوو، هاوسۆزانی خەڵکی عەفری کە نزیکەی (٢ هەزار) کەس دەبوون داوای بەدەنگەوەهاتنی نێودەوڵەتی و پشتیوانی خەڵکی عەفرینیان دەکرد.
ئەگەرچی تورکیا هەمیشە پاساوی ئەوە دێنێتەوە کە ئامانجیان دابینکردنی ئاسایشە بۆ ناوچە سنورییەکانیان و خەڵکی مەدەنی دەپارێزن بەڵام بەپێچەوانەوە لەهێرشەکانی تورکیادا بەپێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەکان قوربانیەکان بەزۆری لەنێو خەڵکی مەدەنیدان کە ڕێژەییەکی بەرچاویان ژن و منداڵن.
ڕێکخراوی (هیوامان ڕایتس ۆچ) هۆشداریداوە لەخراپی رەوشی مرۆیی ناوچەکانی عەفرین و، هەروەها تورکیای تاوانبارکردوە کە لەسەر سنورەکان پاسەوانەکانی تورکیا تەقە لەئاوارەکان دەکەن کەدەیانەوێت لەسووریاوە دەرچن بەرەو تورکیا.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر