نیسان 06, 2020

چین یه‌كه‌م تونێلی ده‌ریایی شووشه‌یی بۆ شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌ خێراكان دروستدەكات

چین پلان داده‌نێت بۆ دروستكردنی یه‌كه‌م تونێلی ده‌ریایی شووشه‌یی بۆ شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌ خێراكان، كه‌ دوو شار له‌ هه‌رێمی چیجیانگ به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌ستێت، وا چاوه‌ڕوان ده‌كرێ كه‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین تۆنێلی له‌و شێوه‌یه‌ ‌بێت له‌ جیهاندا.
ئه‌و هێڵه‌ ئاسنینه‌ نوێیه‌، شاری نینگبو و دوورگه‌ی چوشان پێكه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ درێژییه‌كه‌ی ته‌نها٧٠كیلۆمه‌تره‌ و ١٦ كیلۆمه‌تری له‌ژێرئاودا دروست ده‌كرێت.
وا چاوه‌ڕوان ده‌كرێ، ئه‌م تونێله‌ ده‌ریاییه‌ له‌ هه‌ندێك به‌شیدا دیواری شووشه‌یی له‌خۆبگرێت، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ مایه‌ی ئه‌وه‌ی سه‌رنشینان چێژ له‌ بینینی زینده‌وه‌ر و رووه‌كه‌ ده‌ریاییه‌كان ببینن له‌ ماوه‌ی ئه‌و گه‌شته‌ كورته‌یاندا.
شه‌مه‌نده‌فه‌ر له‌م تونێله‌ ده‌ریاییه‌دا‌ به‌ خێرایی ٢٦٠ كیلۆمه‌تر له‌ كاتژمێرێكدا ده‌ڕوات و ماوه‌ی نێوان هه‌ردوو شار به‌ كه‌متر له‌٣٠ خوله‌ك‌ ده‌بڕێت.
شایه‌نی باسه‌، چین درێژترین تۆڕی هێڵی ئاسنینی هه‌یه‌ له‌ جیهاندا، كه‌ درێژییه‌كه‌ی زیاتره‌ له‌ ٢٥هه‌زار كیلۆمه‌تر، واته‌ ٦٠%ی تێكڕای هێڵه‌ ئاسنینه‌كانی سه‌رگۆی زه‌وی.

سه‌رچاوه‌/ دژه‌ تیرۆری كوردستان

© 2017 Hawler