نیسان 06, 2020

ئێران داوا لە ئەوروپا دەکات بەڵێنەکانیان ببەنە سەر

لەدوای گێڕانەوەی قۆناغی دووەمی سزایەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، یەکیەتی ئەوروپا دەیەوێ ڕێگایەک بدۆزێتەوە بۆ بەردەوامیدانی بازرگانیکردن لەگەڵ ئێراندا، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ دیارنیە.

بەرپرسانی باڵای ئێرانی بەیەکیەتی ئەوروپایان ڕاگەیاندوە کە پشودرێژی ئێرانیش سنوری خۆی هەیە، بۆیە پێویستە یەکیەتی ئەوروپا هەنگاوەکانی جیدیتربکات بۆ پاراستنی بازرگانیکردن لەگەڵ ئێراندا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (ڕۆیتەرز) ئێران هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆمی کردوە ئەگەر بێتو ڕێکەوتنەکەی ساڵی (٢٠١٥) ەیان لەلایەن لایەنەکانی دیکەشەوە کاری پێ نەکرێت.
(عەلی ئەکبەر ساڵەحی) سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران هەڕەشەی داوەتە بەرپرسانی باڵای دیبلۆماتی یەکیەتی ئەوروپا کە پشودرێژی ئێران خەریکە تەواودەبێ لەئاستی بەڵێنەکانیاندا بۆ درێژەدان بەبازرگانیکردن لەگەڵ ئێراندا.
ئێرن ئەگەر چی دیکەسودمەند نەبێ لەڕێکەوتنی ئەتۆمی ئێران و وڵاتانی نێودەوڵەتی کە لەساڵی (٢٠١٥) ەدا واژۆکرا، ئەوا ڕێگای دیکە دەگرێتەبەر. هەڵبەتە لەئێستادا ئەمەریکا تاک لایەنە لەڕێکەوتنەکە هاتۆتەدەرێ و سزای ئەو لایەنانەش دەدات کە بازرگانی نەوت لەگەڵ ئێراندا درێژەپێبدەن تەنها دەرفەتی بۆ هەشت وڵات بەشێوەیەکی کاتی کردۆتەوە.
بەرپرسانی باڵای ئێرانی بەتەمان پیتاندنی یۆرانیۆمی خاوێن بەڕێژەی (٢٠%) دەستپێبکەنەوە ئەگەر بێتو لایەنەکانی دیکەی ڕێکەوتنەکە پابەندی جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکە نەبن، واتە ئەگەر ئێران سودمەندی ڕێکەوتنەکە نەبێ ئەوا پرۆژەی پیتاندنی یۆرانیۆن دەستپێدەکاتەوە و شارەزاییان دەڵێن ئەو ڕێژەیەش زیاترە لەو ڕێژەیەی کە پێویستە بۆ دەستکەوتنی وزەی ئەتۆمی بۆ بواری مەدەنی.
لەو بارەیەوە (ساڵەحی) بە (ڕۆیتەرز) ی گوتوە، ئەگەر نەتوانین نەوتەکەمان بفرۆشین و ئاڵوگۆڕی دارایی بکەین، ئەوا پێموانیە ڕێکەوتنەکە بپارێزرێ و، هیچی دیکە لەکەڵکی ئێمەدا نابێ.
سەرۆکی وزەی ئەتۆمی ئێران لەگەڵ (فێدریکا مۆگرینی) بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتی ئەوروپا کۆبونەوەیان لەو بارەیەوە ئەنجامداوە و ئەو هۆشداریانەیشی داوەتە ئەوروپا کە ڕێکەوتنەکە لە بەردەم هەڵوەشانەوەدایە کە لایەنەکانی دیکە پابەندیپاراستنی نەبن.
لەدوای کۆبونەوەکەیان (مۆگرینی) و (ساڵەحی) پابەندی خۆیان بەڕێکەوتنەکەوە دوپاتکردۆتەوە، نوسینگەی (مۆگرینی) لەو بارەیەوە ڕایگەیاندوە کە هەردوولا بەیەکسانی ئامادەیان نیشانداوە بۆ پاراستنی ڕێکەوتنی ئەتۆمی وەکو مەسەلەیەک و پابەندیەک لەڕێکەوتنە نیودەوڵەتیەکان و هەروەها هۆیەکی سەرەکیش بۆ ئاسایشی ئەوروپا و ناوچەکە.
هەروەها ئەوروپا لەبارەی پرسەکانی بایەخدار بەڕۆڵی ئێران و دەستێوەردانەکانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش سەرنجی هەبوە و ئەو سەرنجانەی بەئێران ڕاگەیاندوون.
شیاوی باسکردنە، لەژێر بەندەکانی ڕێکەوتنی ساڵی (٢٠١٥) ەدا لەنێوان ئێران و زلهێزانی جیهان، ئێران ڕێگای پیتاندنی یۆرانیۆمی لێگیرابوو، بەشێوەیەکی بەرفراوان ڕۆژئاوا هەوڵەکانی بۆ ئەوەبوون کە ئێران نەتوانێبۆمبی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت، وە لەو ڕێکەوتنەدا ئێرانیش سود مەند بوو بە هەڵگرتنی سزا نێودەوڵەتیەکانی سەری.
لەمانگی ئایاری ڕابردوودا (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆکی ئەمەریکا تاک لایەنە لەڕێکەوتنەکە کشایەوە و لەمانگی ئابدا قۆناغی یەکەمی سزایەکان و لەمانگی تشرینی دووەمیشدا قۆناغی دووەمی سزایەکانی سەر ئێرانی گێڕایەوە. ئەمەریکا لەو باوەڕەدابوو کە ئەو ڕێکەوتنە نەبۆتەهۆی ڕێگریکردن لەئێران لە گەشەپێدانی موشەکی بالیستیکی و پاڵپشتیکردنی بۆ گروپە چەکدارییەکان لەدەرەوەی ئێراندا، بەڵام ئەوروپا بەشێوەیەکی دیکە تەماشای ڕێکەوتنەکە دەکات و لەو باوەڕەدایە کە هەبوونی ئەو ڕێکەوتنە لەبەرژەوەندی ئاسایشی نێودەوڵەتی دایە.
لەژێر فشارەکانی سزایەکانی ئەمەریکادا، چین و یەکیەتی ئەوروپا و، وڵاتانی دیکەی نێودەوڵەتی ناتوانن درێژە بەپاراستنی بازرگانیەکانیان لەگەڵ ئێراندا بدەن، بەدوای دەرفەت و ڕێگاچارەی جیاوازدا دەگەڕێن، لەوانە درێژەدان بەبازرگانیکردن لەگەڵ ئێراندا بەڵام ئەگەر بکرێ لەجیاتی (دۆلار) کاڵا و کەلوپەل بدەنە ئێران.
یەکیەتی ئەوروپا بەتەمای دامەزراندنی سیستەمێکە کە بەدۆلار بازرگانی لەگەڵ ئێراندا ناکات، ئەو سیستەمە ئەگەر بێتو بخرێتەجێبەجێکردنەوە ئێرانیش پێی ڕازییە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە (ساڵەحی) ئاماژەی بەوەداوە کە دامەزراندنی سیستەمی بازرگانیکردنی تایبەت کە بەدۆلار نابێ لەگەڵ ئێراندا دەتوانێ وابکات هەناردەی نەوتی ئێران بەردەوام بێ و پارێزەری ئابوری ئێرانیش دەبێ. ئەو ڕێگاچارەیە دەتوانرێ یارمەتیدەری مانەوەی ڕێکەوتنەکە بێت.
چاوەڕێ دەکرێ بەهۆی سزایەکانی ئەمەریکاوە تاکۆتایی ئەو مانگە هەناردەی نەوتی ئێران بۆ یەک ملیۆن بەرمیل لەڕۆژێکدا داببەزێت، کە لەپێش ئەو سزایانە هەناردەی نەوتی ئێران نزیکەی (٣ ملیۆن) بەرمیل نەوت بوە.
ئێران هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم بەڕێژەی (٢٠%) دەکات کە ڕێکەوتنەکە نەپارێزرێ، شارەزاییان دەڵێن ئەو ڕێژەیە بەسە بۆ بەدەستهێنانی پێداویستی وزەی ئەتۆمی بۆ بواری مەدەنی.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler