نیسان 06, 2020

یه‌كێتیی ئه‌ورووپا پرسی جیابوونه‌وه‌ی به‌ریتانیای په‌سند كرد

ئەنجوومەنی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا رایگه‌یاند، پرسی جیابوونه‌وه‌ی به‌ریتانیای له‌ یه‌كێتیی ئه‌ورووپا په‌سند كردووه‌ و داواشی له‌ كۆمیسیۆنی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا و په‌رله‌مانی ئه‌ورووپا كرد هه‌نگاوه‌ پێویسته‌كان بگرنه‌به‌ر.

له‌ كۆبوونه‌وه‌ی لووتكه‌یی سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا پرسی جیابوونه‌وه‌ی به‌ریتانیا له‌ یه‌كێتیی ئه‌وروپا په‌سه‌ند كرا. دوای پەسەندکردنی وڵاتانی ئەوروپا لەسەر چوونە دەرەوەی بەریتانیا، ئەوا لە کانونی یەکەمی ئەمساڵدا لە پەرلەمانی بەریتانیاش دەنگ لەسەر جیابوونەوەکە دەدرێت.
سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا، رێککەوتنی چونەدەرەوەی بەرتیانیایان لە یەکێتی ئەوروپا واژۆکرد، بەمەش بریاری چونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتییەکە پەسەندکراوە.
له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ داوای له‌ كۆمیسیۆنی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا و په‌رله‌مانی ئه‌ورووپا كردووه‌‌ هه‌نگاوه‌ پێویسته‌كان بگرنه‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سته‌به‌ری ئه‌وه‌ بكرێت رێككه‌وتنه‌كه‌ تا 30ی ئازار/ مارسی 2019 جێبه‌جێ بكرێت.
ڕێكەوتنەکە لە ٥٨٥ لاپەڕە پێکهاتووە و داهاتووی پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی ئەوروپا و بەریتانیا دیارییدەكات.
میشێل بارنیەر کۆمسیاری یەکێتی ئەوروپا ئاماژەی بەوە کرد، پرسی برێکسیت کە لە نێوان یەکێتییەکە و بەریتانیا کە ماوەی یەک ساڵ و شەش مانگە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت بە مەبەستی ئەنجامدانی جیابوونەوەیەکی رێکوپێک و رێککەوتن لە نێوان بەریتانیا و یەکێتیی ئەوروپا و لەلایەن سەرکردەکانی وڵاتانی ئەوروپا پەسەندکراوە.ئەوەشی ڕاگەیاند، قۆناغی کۆتای ڕێککەوتنەکە دەکەوێتە مانگی ئازاری ساڵی داهاتووە و بەڵام لە ئێستادا ڕێکەوتنەکە قۆناغی باشی بڕیووە. گوتیشی ئەم رێککەوتنە هەنگاوی یەکەمی پێویستە لە پێناو دروستکردنی متمانە لە نێوان یەکێتیی ئەوروپا و بەریتانیا.
ئەوەشی خستەڕوو، لەئێستادا پێویستە هەمووان ئەو بەرپرسیارێتییانەی دەکەوێتە سەرشانمان جێبەجێی بکەین.
لای خۆشیەوە جان کلۆد یونکەر سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا ڕایگەیاند،‌ هه‌ڵوێستی سه‌ره‌كی یه‌كێتیی ئه‌وروپا گۆڕانكاری به‌سه‌ردا نایه‌ت لەسەر پرسی برێکسیت.
له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا باس له‌وه‌شكراوه، ئەنجوومەنی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا ئه‌و راگه‌یه‌ندراوه‌ سیاسییه‌ی په‌سه‌ندكردووه‌ كه‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ دیاریی ده‌كات كه‌ له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا و باكووری ئیرله‌ندا بنیاتده‌نرێت، هه‌روه‌ها باس له‌وه‌ كراوه‌ كه‌ یه‌كێتیی ئه‌ورووپا پێداگره‌ له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بردنی په‌یوه‌ندییه‌كی دۆستانه‌ و به‌تین له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا.
لای خۆیەوە، تێرێزا مەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕێککەوتنەکەی بە باشترین ڕێککەوتن ناوبردووە و دەڵێت، بەوردی خوێندنەوەیان بۆکردووە و بەرژەوەندی باڵای بەریتانیای تێدا ڕەچاوکراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی ئەو ڕێککەوتنە کۆنترۆڵی پارەی وڵات و یاسا و سنورەکان دەخرێنە ژێر دەسەڵاتی لەندەن و پارێزگاریش لە دەستی کار و ئاسایش دەکات.
تێرێزا مەی داواشی لە هاووڵاتیانی بەریتانیا کرد پشتگیری لە ڕێککەوتنەکە بکەن و پاڵپشتی لەبڕیاری حکومەتەکەی بکەن.
هەرلەوبارەیەوە، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا ئه‌نتۆنیۆ تاجانی رایگه‌یاند"ئه‌وه‌ رێككه‌وتنێكی باشه‌ بۆ هه‌ردوولا و ئێستا به‌ره‌و داهاتوو ده‌چین، به‌ریتانیا له‌ یه‌كێتیی ئه‌وروپا جیاده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام وه‌ك وڵاتێكی ئه‌وروپی ده‌مێنێتنه‌وە".
تێرزا مەی ئەوەشی ڕاگەیاند، تەواوی هەوڵەکانی خۆی دەخاتەگەڕ هەتا ڕێککەوتنە سەرکەوتوو دەبێت و داواشی لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی کرد، پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی رێککەوتننامەکە بکەن.
پێشتریش سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی هۆشدارییدابوو کە ئه‌گه‌ر به‌ریتانیا به‌بێ رێككه‌وتن له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا جیابێته‌وه‌، داهاتی ناوخۆی ئەو وڵاتە به‌ڕێژه‌ی لەسه‌دا ٥ بۆ ٨ كه‌مده‌بێته‌وه‌.
لەدوای پەسەندکردنی رێککەوتنی چونەدەرەوەی بەریتانیا لەیەکێتی ئەوروپا لەلایەن حکومەتی بەریتانیاوە تا ئێستا، سێ وەزیری حکومەتەکەی تێرێزا مەی دەستیان لەکارکێشاوەتەوە.

© 2017 Hawler