نیسان 06, 2020

خۆپیشاندانی فەرەنسا توندوتیژی تێكه‌وتووه‌

جارێکی دیکە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە فەرەنسا دەستیانپێکردەوە، ئەوەش بەهۆی نیگەرانی خەڵکی لە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی. داخستنی رێگەکان لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە کاریگەری نەرێنی گەورەی هەیە، چونکە ئەو کارە چوونی خەڵکی بۆ کارگە و فرۆشگاکان سنووردارکردووە.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ توندوتیژی له‌نێوان خۆپیشانده‌ران و پۆلیسی لێكه‌وته‌وه‌، كه‌ چه‌ندین هاووڵاتی خۆپیشانده‌ر برینداربوون و ده‌ستگیركراون. پۆلیسی پاریس گازی فرمێسک رێژ و فڕێدەری ئاوی دژی خۆپیشاندەران بەکارهێناوە و خۆپیشاندەرانیش زیانیان بە چەند شوێنێکی گشتیی گەیاندووە.
لە شەقامی ئیلیزێ لەپاریس، خۆپیشاندانەکان دژی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بەردەوامە و پێنج هەزار خۆپیشاندەر بەشدارن.
ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی لە کاتێکدان، نزیکەی یەک مانگی بۆ کریسمس و سەری ساڵی نوێی زاینی ماوە و خاوەن کۆگا و فرۆشگاکانیش دەڵێن، ئێستا باشترین کاتە بۆ فرۆشتنی بەرهەمەکانیان و هەربۆیەش خۆپیشاندانەکان زیانی گەورەی ئابوورییان هەیە.
ئێنریکێ جەست، مەیفرۆش دەڵێت: "هەموو کۆتایی هەفتەیەک گرنگە. ئێمە چوار هەفتە لە کریسمسەوە دوورین و نزیکەی لە سەتا چلی چالاکی ئێمە دەکەوێتە دوو مانگی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمەوە و هەربۆیەش هەموو کۆتایی هەفتەیەک گرنگە. ئەم ماوەیە لووتکەی ماوەی کاری ئێمەیە".
خۆپیشاندانەکان گوشارێکی گەورەیان لە سەر حکومەتی فەرەنسا دروستکردووە، کە پلانی هەیە پشتبەستن بە سووتەمەنی نەریتی کەم بکاتەوە و کار بکات بۆ ئەوەی لە رێگەی وزەیەکی خاوێنترەوە کاریگەرییەکانی دیاردەی گۆڕانی ئاووهەوا کەم بکاتەوە.
سەرۆککۆماری فەرەنسا دەڵێت، حکومەت و خەڵک بەرپرسیارێتیان لەئەستۆدایە و دەبێت ئەو بەرپرسیارێتیەش جێبەجێ بکەن.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا رایگەیاند: "ئێمە لە بارودۆخێکدا دەژین کە نرخی سووتەمەنی بەرزبووەتەوە و لەوەش تێدەگەین. رێگەیەکی تایبەتی هەیە هەڵمانبژاردووە و بەرپرسیارێتیش لەئەستۆ دەگرین و ئەو رێگەیەش پێویستی بە رێکاری پاڵپشتیانەی دارایی هەیە کە یارمەتیمان دەدات بۆ ئەوەی دەستبەرداری کاربۆن بین".
رۆبەرت ئەبیلا، بەڕێوەبەری پلانی ناوچەی کامپان دەڵێت: "نزیکەی 500 کۆگا لێرەن و نزیکەی 350 فرۆشگایان دوو تاوەکو سێ کارمەندیان هەن. هەربۆیەش هەر کۆتایی هەفتەیەک تێپەڕبێت و فرۆشتن نەبێت ئەوە خراپە و ئەمەش واتای مردنی کار دێت، ئەگەر بێتو بارودۆخەکە بەردەوام بێت".
لە خۆپیشاندانەکانی هەفتەی رابردوودا دەیان کەس برینداربوون و ئەوەش خەڵکی لە هێزە ئەمنییەکان تووڕە کرد.
هەندێک لە خۆپیشاندەران بە ئاشتیانە داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری زیادکردنی نرخی بانزینیان دەکرد و هەندێکی دیکەشییان دەستیانکرد بە لێکردنەوەی خشتی شەقامەکان و بڕینی دارەکان تاکو بتوانن دژی پۆلیس بەکاریان بهێنن.کریستۆف کاستانەر، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا، پەنجەی تۆمەتی بۆ ماری لپێن، سەرۆکی پارتی راستڕەوی ناشناڵ راڵی درێژکرد و بەهۆکاری رێکخستنی خۆپیشاندانەکان تۆمەتباری کرد.
ماوە دوو هەفتەیە خۆپیشاندانەکان بەردەوامن و نزیکەی 200 هەزار کەس لە سەرانسەری فەرەنسا بەشداریان تێدا کردووە، تاکو ئێستا 600 کەس برینداربوون و دوو کەسیش کوژراون

© 2017 Hawler