ئەم پەڕەیە چاپ بکە

ئەمەریکا دەیەوێت تواناکانی حکومەتی ئەسەد ڕابگرێت و تواناکانی ڕووسیایش سنورداربکات

هەرکەس و لایەنێک لەو باوەڕەدابێ تێکشکانی گروپی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) سەردەکێشێ بۆ کۆتایهێنان یان هێورکردنەوەی توندتیژی و شەڕەکانی سووریا لەهەڵەدایە.

لەڕاپۆرتێکی (بی‌بی‌سی)دا باسی لەهێرشەکانی ئەو دواییانەی تورکیا لەسووریاکردوە و، بەرەنجامەکان و بەگرنگی وەرگرتنی ئەو بابەتەی لەڕاپۆرتەکەدا ڕوونکردۆتەوە.
با تەماشای شەڕی تورکیا لەباکوری سووریا و ناوچەکانی عەفرین بکەین، تورکیا ئامادەیە و دەیەوێت ناوچەکانی ئێستای بەردەستی لەسووریادا فراوانتربکات و، ناوچەکانی ژێر دەستی هێزەکانی کوردیش بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە.
حکومەتی ئەنقەرە چەکدارە کوردییەکانی سووریا وەکو بەشێکی درێژکراوە لەهێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) سەیردەکات، ئەگەر سەیری سیاسەتی تورکیا لەماوەی شەڕی سووریادا بکەین دەبینین سیاسەتی ئەو وڵاتە گۆڕانکاری تێداهەبوە بەگوێرەی بارودۆخی قەیرانەکان لەگەڵ سووریا و هێزەکانی دیکەدا بەڵام لەئاستی دژایەتیکردنی بۆ ناوچەی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردەکان هەمیشە دژبوە و بەڕەهایی ئەو هەڵوێستەی پێداگیری لێکردوە.
تورکەکان ئاوا بەئاسانی نابوێرن بەسەر ئەو دۆخەی کەڕووبەڕووی دەبنەوە بەهەبوونی ناوچەیەکی کوردی لەهێڵەکانی سنورییەکانی باشووریان، بۆیە بەڕوونی دەیانەوێت هێز بەکاربهێنن بۆڕووبەڕووبونەوەی ئەو دۆخە، بەڵام تاچەند دەتوانن هێز بەکاربهێنن، وە ماوەی چەند دەتوانن ئەو شەڕانەی باکوری سووریا درێژەپێبدەن؟


ئەوەی کەڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرە ئەوەیە کە کوردەکانیش تاڕادەییەکی باش ئامادەن بۆ بەرگریکردن، ئەوان ماوەییەکی درێژ لەلایەن ئەمەریکاییەکانەوە مەشق و ڕاهێنانیان پێکراوە و، لەڕابردووشدا تواناکانی خۆیان لەشەڕی داعشدا سەلماندوە کە هێزێکن لەهەرە بەتواناکانی هاوپەیمانی ئەمەریکا لەناوچەکەدا. وە کاتێ داعش تێكشکا، کوردەکان توانیان ناوچەکانی ژێردەستی خۆیان بپارێزن و کۆنتڕۆڵی بکەن لەناوچەکانی باکوری سووریا. هەڵبەتە بۆ واشنتن ئۆپەراسیۆنی تورکیا لەو ناوچەیەدا گیرگرفتی قورس و دژوار لەگەڵ خۆیدا دێنێتەپێش، بەتێپەڕبوونی کاتیش ئەو کاریگەرییانە دەردەکەون.

ئەمەریکا پێگەیەکی نائاسودەی هەیە:
پەیامی مەشقپێکردنی هێزەکانی سنوری لەلایەن گوتەبێژی سەربازی ئەمەریکاوە هۆکاری پێشخستن و پەلەکردنی ئەو شەڕەبوو، بۆیە ئەو پەیامە بەنەگونجاو باسکرا لەو کاتە هەستیارەدا.
هەستدەکرێ کە فەرماندەکانی ئەمەریکا لەناوچەکەدا و ئیدارەی (ترەمپ) لەواشنتن بەیەک شێوە یارییەکان ناخوێننەوە، پیاوە سەربازییەکانی ئەمەریکا تاڕادەییەک درێژە بەپاڵپشتیەکانن بۆ هاوپەیمانە کوردەکانیان دەدەن، لەکاتێکدا بەرپرسانی ئیدارەی ئەمەریکا دەیانەوێت خۆیان بەدووربگرن لەکوردەکان

.
ئەوە بارودۆخێکی تاڕادەییەک نائاسودەییە بۆ ئەمەریکا چۆن؟ ئەوە هاوپەیمانی ناتۆیە (تورکیا) کە شەڕدەکات لەگەڵ هاوپەیمانێکی سەرەکی ئەمەریکادا کە کوردەکانن، بۆیە دەشێ ئەو دۆخە بەرەو خراپتری بڕوات لەئایندەدا.
ئەگەر بێتو شەڕی تورکیا بۆلای ڕۆژهەڵات بڕوات، وە بەرەو شارۆچکەی مەنبج هەنگاوبنێ ئەوا مەترسیەکی ڕاستەقینە لەدرێژبونەوەی ئەو شەڕە ڕوو لە ئەو ناوچەیە دەکات کە هێزە تایبەتەکانی ئەمەریکا لێن، ئەو کات بەریەککەوتنی هێزەکان ئەگەرێکی دیکە دەبێ

.
بەلای ئەمەریکاییەکانەوە هێزە کوردییەکان یەکەیەکی گرنگن لەپاراستنی ستراتیژی ئەمەریکا لەسووریادا. داعش لەوانەیە لەڕووی سەربازییەوە بەشێوەیەکی بەرفراوان کۆتایی هاتبێ، بەڵام سەرنجەکانی واشنتن لەوێ گۆڕانکارییان بەسەردادێت. ئەو سەرنجانە بۆ هێزێکی نوێ دەبن کە هێزێکی ڕێکخراوی بەپرەنسیپە لەناوچەکەدا ئەویش ئێرانە، کەوا لەماوەی شەڕی سووریادا پاڵپشتی مانەوەی ڕژێمی ئەسەدی کردوە و، دەسکەوتی گەورەی لەشڵەژاوی دۆخی سووریادا بەدەستهێناوە.
ئەمەریکا دەیەوێت تواناکانی حکومەتی ئەسەد بگرێت لەدرێژکردنەوەی کۆنتڕۆڵی هێزەکانی بۆ ناوچە سەرەکیەکانی ئەو وڵاتە، هەروەها دەشیەوێت تواناکانی ڕووسیایش لەوێ سنورداربکات، بۆ ئەنجامدانی هەموو ئەو کارانە پێویستی بەهێزێکی پشتپێبەستوو و هاوپەیمان هەیە کە لەسەر زەمین ئەو ئەرکەی پێ بسپێرێ ئەویش کوردەکانن.

شەڕە نوێیەکان:
حکومەتی دیمەشق ئۆپەراسیۆنی تورکیای لەخاکی سووریادا بەلاوە جێی بایەخە و بەپێشێلی سەروەری و شكۆی وڵاتەکەی دادەنێ، وە ئەنقەرەش بەگەرمی تەماشای جموجۆڵی سووریا دەکات، دەیەوێت دڵنیابێ کە حکومەتی سووریا پاڵپشتی هێزە کوردییەکان لەو شەڕانەدا ناکات، تاڕادەییەک لەسەر ئەو ئاستە بێ متمانەیی لەنێوان تورکیا و سووریادا بەدیدەکرێ.
شەڕە نوێیەکان لەو شوێنانە زیاددەکەن کە بەرژەوەندیی یاریکەرە دەرەکیەکان دەکرێنە ئامانج و دەبنە فاکتەر بۆئاڵۆزبونی دۆخی شەڕاوی سووریا.
مەسەلەی ئاسایش بەلای تورکیاوە لەباکوری سووریادا جێی بایەخە و دەیەوێت لەوە دڵنیابێ کەچی تێدا ڕوودەدات، ئەمەریکا هەوڵی ئەوەی داوە لەوە تێبگات، مەترسیەکانی شەڕە نوییەکان لەسووریا کاریگەری لەسەر مەسەلە سیاسیەکان بەئەندازەی مەسەلە سەربازییەکان دروستدەکەن

.
سیاسەتی تورکیا لەسووریادا هەڵکشان و داکشانی تێدابووە، تورکیا ماوەیەکی دورودرێژ دوژمنی سووریا بوە، ئێستا بەهۆی هەوڵە دیبلۆماسیەکانی ڕووسیا و ئێران بۆ شێوەی سیاسی سووریا کەمێک هێوربونەوەی تێکەوتوە، ئامانجی تورکیا لەوە ئەوەیە کە دەیەوێت ڕێچکەی دیبلۆماتی بۆ شێوەی سیاسی سووریا بەتایبەتی ئەو ناوچانەی لای سنوری وڵاتەکەی بەئارەزوو و ویستی خۆی دابڕیژرێنەوە.
ئۆپەراسیۆنی تورکیا لەسووریا تەنها بەزیانی کوردەکان، یان پێگەی ئەمەریکا لەناوچەکەدا تەواونابێ و بەس بەڵکو زیان بەئەنقەرەش دەگەێنێ، لەو ماوەیەی شەڕەکە دەستی پێکردوە پێشڤەچونی گەورە لەلایەن تورکیاوە لەبەر بەرگری هێزە کوردییەکان و کەش و هەوای ناوچەکەوە بەدەست نەهاتون، وە بەردەوامی شەڕ بەرەنجامی خراپ بەدوای خۆیدا دێنێت.
بەرزکردنەوە ودرێژکردنەوەی ئاستی ئۆپەراسیۆنی سەربازی تورکیا لەسووریا کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیایش دەبێ، هەروەها لەگەڵ ئێران و لەگەڵ حکومەتی سووریایش. تورکیا لەسەر ئاستی پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ ئەمەریکا و ناتۆشدا زیان و کاریگەری لەسەر پەیوەندی و هاپەیمانیەتی دروستدەکات. وە لەهەموشی گرنگتر سەربەخۆیی تورکیا لەمەسەلە نێودەوڵەتیەکان لەدەستدەدات و دووردەکەوێتەوە لەڕۆژئاوا و، دواجار ئەو هەوڵە شەڕانیانەی دەبنە جێی بایەخی بەشێكی زۆر لەهاپەیمانە سەرەکیەکانی

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر.