تشرینی دووەم 16, 2018

دەرچوونی بەریتانیا لەیەکێتی ئەوروپا لەبەردەم تەواوبوونی کاتدا

بەریتانیا و یەکیەتی ئەوروپا کاتی زۆریان لەبەردەمدا نەماوە بۆ ئەنجامدانی ڕێکەوتن لەسەر شێوەی جیابونەوە و پەیوەندی و و مامەڵەکردنی داهاتوویان. چەند ئەگەرێک لەئارادان، دیارترینیان بڕیاردان لەدەرچون بەمامەڵە و ڕێکەوتنەوە بەو شێوەی تائێستا لەسەری ڕازیبون، وە ئەگەر ئەوە نەکرا ئەوا دەرچوونی بەریتانیا بەبێ ڕێکەوتن ئەنجامدەدرێ.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (بی‌بی‌سی) دەرچونی بەریتانیا لەیەکیەتی ئەوروپا هەر ڕودەدات، حکومەتی بەریتانیا و پارتی ئۆپۆزسیۆنیش هەردوولا باوەڕیان بەوە هەیە کەدەبێ ئەنجامەکانی ڕیفراندۆمی جیابونەوەی بەریتانیا لەیەکیەتی ئەوروپا جێ بەجێبکرێن. هەندێ گروپ لەبەریتانیا داوای ڕاگرتنی جیابونەوە دەکەن، یان ئەنجامدانەوەی ڕیفراندۆمێکی دیکە بەڵام بەشێوەیەکی بەرفراوان دەستەبژێر و دەسەڵاتدارانی سیاسی بەریتانیا چاویان لەسەر جیابونەوەیە، (تێریزا مەی) سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئەگەری ئەنجامدانەوەی ڕیفراندۆمی دیکەی ڕەتکردۆتەوە و، دەڵی ڕاسپێردراوم کە کار لەسەر جیابونەوە بکەم و، بەشی هەرە زۆری جیابونەوەش ڕێکەوتنی لەسەر کراوە، کەواتە بەو پێیەبێ جیابونەوە بەڕێکەوتنەوە ڕوودەدات.
لەماوەی ڕابردوودا میدیاکان گوتیان بەریتانیا و یەکیەتی ئەوروپا بەشێوەیەکی سەرەتایی لەسەر سێ پرسی جیابونەوە ڕێکەوتون، کە ئەوان بریتین لەدیاریکردنی بڕی ئەو پارەیەی کە بەریتانیا لەبری جیابونەوە دەبێ بیداتە یەکیەتی ئەوروپا، وە خاڵی دووەم پرسی سنوری ئێرلەندا و ئێرلەندای باکور و خاڵی سێیەمیش بریتیە لەچارەنوسی ئەو هاوڵاتیانەی هەردوولا کە لەبەریتانیا یان لەیەکیەتی ئەوروپادا دەژین.
هێشتا پرسی دووەم کە پرسی سنوری نێوان ئێرلەندا کە لەناو یەکیەتی ئەوروپادایە و ئێرلەندای باکوری بەریتانیا یەکلایی نەکراوەتەوە و خاڵی چەقبەستوی ڕێکەوتنەکەیە. بەپێی ڕاپۆرتێکی (ڕۆیتەرز) بەریتانیا و یەکیەتی ئەوروپا بەتەمان بەجۆرێک ڕێکەوتن لەسەر سنوری ئێرلەندا بکەن، کە سنوری نێوان ئێرلەندا و ئێرلەندای باکور لەدوای دەرچونی بەریتانیاش بەکراوەیی بمێنێتەوە وەکو ئەوەی ئێستا دەبینرێ و هەیە کە بەرەنجامی ڕێکەوتنی ئاشتی ساڵی (١٩٩٨)ە، وە ئەگەر ڕێکەوتن لەو بارەیەوە نەکرێ ئەو دەبێ بازگەی پشکنینی سنوری دابنرێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی بەریتانیا دەبێ تاکۆتایی ئەو مانگە بەریتانیا بڕیاری خۆی لەسەر پرسی جیابونەوە بدات، وە کابینەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاروایە کۆببێتەوە، وە چاودێران دەڵێن لەو کۆبونەوەیەدا چاوەڕێدەکرێ بڕیار لەسەر قۆناغەکانی ڕێکەوتنی هەتا ئێستا بدرێ و ببێتە ڕێکەوتنی کۆتایی، وە دواتر پرۆژەکە دەدرێتە پەرلەمانی بەریتانیا بۆ تاوتوێکردن و دەنگدان لەسەری.
شیاوی باسکردنە، دەبێ تا کۆتایی مانگی ئازاری ساڵی (٢٠١٩) کە تەنها پێنج مانگ لەبەردەمدایە ڕێکەوتنی کۆتایی لەنێوان بەریتانیا و یەکیەتی ئەوروپادابکرێ لەسەر جیابونەوەی بەریتانیا لەیەکیەتی ئەوروپا.
بەریتانیا لە (٢٣ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٦)ەدا لەڕیفراندۆمێکدا بڕیاری جیابونەوەی دا لەیەکیەتی ئەوروپا، نزیکەی (٥١،٩%) هاوڵاتیانی بەریتانیا دەنگیان بەجیابونەوەدا و (٤٨،١%) یشیان دەنگیان بەمانەوەدا.
لەدوای ڕیفراندۆمی بەریتانیا دابەشبونی بەرچاو لەسەر ئەو بڕیارە لەنێوان سیاسیەکانی بەریتانیادا بەدیدەکرێت، وە بەهۆی نادیاری لەسەر شێوەی داهاتوی پەیوەندیەکانی بەریتانیا و یەکیەتی ئەوروپا پاوەندی بەریتانیا دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و ئاستی ئابوریش تاڕادەییەک ناسەقامگیربوە.
ئەگەرچی تاوەکو ئێستا نزیکەی (٩٥%) ی پرسەکان یەکلایی بونەتەوە بەڵام هەتا ئێستا ڕێکەوتنی کۆتایی لەنێوان هەردوولا بڕیاری لێوەنەدراوە، وە دیارترینی پرسە ناکۆکەکانی نێوان بەریتانیا و یەکیەتی ئەوروپا پرسی بەشداری بەریتانیایە لەبازاری یەکیەتی ئەوروپا و دانانەوەی باج و، وە سنوری ئێرلەندا و ئێرلەندای باکورە.
ئەگەری ڕێکەوتن نزیکە و ئەگەر بێتو ڕێکەوتن بکرێ، دەبێ سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا هەوڵبدات پەرلەمان ڕازیبکات پشتگیری پرۆژەکە بکەن و دەنگی بەڵێی لەسەر بدەن.
لەدوای ئەنجامدانی ڕێکەوتن، واتە لەدوای وادەی کۆتایی جیابونەوە کە ساڵی داهاتویە ئەگەر جیابونەوە بڕیاری ڕێکەوتنی لەسەر درابوو ئەوا ماوەی ڕاگوێزەر جێبەجێ دەکرێ کە دەکەوێتە نێوان کۆتایی مانگی ئازاری ساڵی (٢٠١٩) بۆ کۆتایی کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠)، ئەو ماوەیە بۆ ئەوەیە تاوەکو ڕێگا یان دەرفەت فەراهەم بکرێ لەبەردەم بازرگانیەکان و هەموو ئەو شتانەی دیکە تا خۆیان ئامادەبکەن بۆ دوای جیابونەوەی بەریتانیا لەیەکیەتی ئەوروپا. هەروەها ئەو ماوەیە دەرفەت و کاتی زیاتر فەراهەمدەکات تاوەکو شێوەی پەیوەندییەکانی داهاتووی نێوان هەردوولا دیاریبکرێت. لەماوەی ڕاگوێزەردا هاتوچۆی ئازاد لەنێوان بەریتانیا و یەکیەتی ئەوروپادا بەڕێوەدەچێ، وە بەریتانیا لەو ماوەیەدا دەتوانێ لەگەڵ وڵاتاندا پەیوەندی بازرگانیش دابمەزرێنێ. هەڵبەتە ماوەی ڕاگوێزەر تەنها کاتێک جێبەجێ دەکرێ ئەگەر بەریتانیا و یەکیەتی ئەوروپا ڕێکەوتن بکەن، واتە بەریتانیا بەڕێکەوتنەوە لەیەکیەتی ئەوروپادا بچێتەدەرێ.

دوا ژمارە

  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 15 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 14 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 13 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 12 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 11 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 08 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 07 2018
  • 1
  • 2
  • 3
  • 4
  • 5
  • 6
  • 7
© 2017 Hawler