ئایار 30, 2020

سەرۆكی داهاتووی كۆمیسیاری یەكێتی ئەوروپا: دەبێت بە توركیا بڵێین كە نابیتە ئەندام لە یەكێتی ئەوروپا

گەورەترین گروپ لەناو پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا گروپی (پارتی گەلی ئەوروپایە)، كە ئەو گروپەش لە هەڵبژاردنی داهاتوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی كۆمیسیۆنی یەكێتی ئەوروپا (مانفرێد وێبەر)ـی كاندید كردوە بۆ وەرگرتنی سەرۆكی ئەو پۆستە. وێبەریش بە ئاشكرا دژایەتی خۆی بۆ ئەندامبوونی توركیا لە یەكێتی ئەوروپا راگەیاند.

لە مانگی 5ی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردن بۆ دەستنیشانكردنی سەرۆكی كۆمیسیۆنی یەكێتی ئەوروپا دەست پێدەكات، مانفرێد وێبەریش بەهێزترین كاندیدە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، بۆیە زۆرێك لە میدیاكانی ئەڵمانیا و ئەوروپا وەكو سەرۆكی داهاتووی ئەو كۆمیسیۆنە ناوی دەبەن.
وێبەر لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ رۆژنامەی
(Bild am Sonntag)ـی ئەڵمانی ئاماژەیدا، یەكەم كاری وەكو سەرۆكی كۆمیسیۆنی یەكێتی ئەوروپا كۆتایی هێنانە بە ئەندامبوونی توركیا لە یەكێتی ئەوروپا.
باسی لەوەش كرد، كە حەز دەكات توركیا ببێتە دۆست و هاوكارێكی گرنگی یەكێتی ئەوروپا، بەڵام دەبێت بە ئاشكرا پێی بگوترێت كە توركیا نابێتە ئەندام لە یەكێتی ئەوروپا.
پێشتریش رەجەب تەییب ئەردۆغان لە وتارێكدا گوتی: "ئیتر بێزاربووین ئەوەندە بڵێین دەبینە ئەندام لە یەكێتی ئەوروپا، بۆیە روو لە خەڵك دەكەین و لە ریفراندۆمێكدا ئەو پرسە یەكلایی دەكەینەوە".

© 2017 Hawler