ئایار 31, 2020

دوای ئۆپەراسیۆنی سووریا توركیا پرسی چارەسەری دەهێنێتەوە بەرباس

سەركردەكانی هەدەپە و بەتایبەت پەروین بوڵدان هاوسەرۆكی هەدەپە، داوا لە حكوومەتی ئاكپارتی دەكەن پرسی چارەسەری بهێنێتەوە بەرباس، بەڵام تاوەكو ئێستا لە لایەن حكوومەتەوە هیچ وەڵامێكی ئەرێنیان وەرنەگرتوە. بەڵام چەند سەرچاوەیەك وای بۆ دەچن دوای ئۆپەراسیۆنی سووریا، ئیدی توركیا پرسی چارەسەری دەهێنێتەوە بەرباس.

رۆژنامەنووس (موراد سابونجو) لە ئەندام پەرلەمانێكی هەدەپەی پرسیوە ئایە پرسی چارەسەری دەهێنرێتەوە بەرباس؟ بە گوێرەی زانیاری و بۆچوونی ئەو ئەندام پەرلەمانەی كە ناوی نەبردوە، حكوومەتی ئاكپارتی دوای ئەوەی هێرشی كردە سەر كۆبانێ و رۆژئاوای فورات بۆ لەناوبردنی یەپەگە، یاخود دووركەوتنەوەی یەپەگە لە سووریا، ئەوكات قسەكردن لەسەر پرسی چارەسەری ئەستەم نابێت.
بە گوێرەی زانیارییەكان، حكوومەتی توركیا نایەوێت ئێستا باس لە پرسی چارەسەری بكات، چونكە یەپەگە بە دوژمنێكی سەرسەختی خۆی دەزانێت و دەیەوێت وەكو چۆن عەفرینی داگیر كرد، بە هەمان شێوەش كۆبانێ و رۆژئاوای فورات داگیر بكات، ئەوكات بۆ نییەت پاكی خۆی بەرامبەر بە كورد و بەتایبەت راكێشانی دەنگی كوردان بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكان، پرسی چارەسەری دەهێنێتەوە بەرباس.
ئاكپارتی نێوانی لەگەڵ هاوپەیمانەكەی مەهەپە تیك چوە، كە لە هەڵبژاردنی 24ی حوزەیراندا بە یەك لیست بەشداری هەڵبژاردنیان كرد. دەشزانین كە مەهەپە دوژمنێكی سەرسەختی كوردە و بەو مەرجە پاڵشتی لە ئاكپارتی و ئەردۆغان كرد كە پرسی چارەسەری لە توركیا نەهێڵێت، ئێستاش كە ئاكپارتی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان هاوپەیمانی لەگەڵ نابەستێت، ئەمەش پەیامێكە كە بەگەڕخستنەوەی پرسی چارەسەری ئەگەرێكی لاواز نییە.

 

كارزان گلی ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler