ئایار 30, 2020

ئەمەریکا ڕێگا به‌ عێراق دەدات گاز و ماددە خۆراکیەکان لە ئێرانەوە هاوردە بکات

سزایەکانی ئەمەریکا بۆ سەر کەرتی وزەی ئێران لە (٥ی تشرینی دووەم) ەوە دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمەریکا ڕێگا بەعێراق و چەند وڵاتێکی دیکەش دەدات کە بازرگانیەکان لەگەڵ ئێراندا درێژەپێبدەن بەڵام بەمەرج و شێوەی دیاریکراو.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (ڕۆیتەرز) سێ بەرپرسی عێراقی ئاماژەیان بەوەداوە کە ئەمەریکا لەدوای جێبەجێکردنەوەی سزایەکانیش ڕێگا بەعێراق دەدات درێژە بەهاوردەکردنی گاز و پێداویستیەکانی وزە و، بەرهەمە خۆراکیەکان بدەن و لەئێرانی بکڕن.
بەپێی گوتەی بەرپرسە عێراقیەکان، ئەو ڕێگا پێدانەی ئەمەریکا مەرجدارە و دەبێ عێراق پابەندی بێ، مەرجەکەش بریتیە لە مامەڵەنەکردن بەدۆلار، واتە عێراق نابێ دۆلار بداتە ئێران بۆ کڕینی بەرهەمە هاوردەکانی لەو وڵاتە.
هەر لەسەر ئەو بابەتە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی ڕایگەیاندوە، کە وەزارەتی دارایی ژمارە بانکێکی دروستکردوە بۆ ئەوەی دیناری عێراقی بخاتە سەر و لەو ژمارە بانکیە پارەی بازرگانیە هاوردەکانی ئێرانی لێ دەدرێت.
پێشتر بانکی ناوەندی عێراقی هۆشداری دابوو کە ئابوری عێراق پەیوەستیەکی زۆری هەیە بەئێرانەوە و، بۆ ئەو مەبەستە بەغدا داوای لەئەمەریکا کردبوو کە لەسزایەکانی ئەمەریکا ببوێردرێ و، درێژە بەبازرگانیەکانی لەگەڵ ئێراندا بدات.
بەپێی چەند ڕاپۆرتێکی نێودەوڵەتی ئەمەریکا نایەوێ دۆستەکانی بکەونە مەترسیەوە بەهۆی سزایەکانی سەر ئێرانەوە، بۆیە بەشێک لەوڵاتانی جیهانی دەرفەتداوە کە بازرگانیەکان بەتایبەتی هاوردەکردنی وزە لەئێرانەوە درێژە پێبدەن هەتا لەدوای جێبەجێکردنەوەی سزایەکانیش.

هەشت وڵات دەتوانن نەوت لەئێران بکڕن:
بەپێی ڕاپۆرتەکەی (ڕۆیتەرز) ڕۆژی هەینی ئەمەریکا ڕایگەیاندوە بەشێوەیەکی کاتی هەشت وڵاتی هاوردەکاری نەوتی ئێران دەتوانن بەردەوامی بەکڕینی نەوتی ئێران بدەن لەدوای جێبەجێکردنەوەی سزایەکانیش کە بڕیارە ڕۆژی دووشەممە دەستپێبکەنەوە.
(مایک پۆمپیۆ) وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کە بڕیارەکەی ڕاگەیاند، ناوی وڵاتەکانی ڕێگا پێدراوی ئاماژە پێنەدا، بەڵام ئاماژەی بەژمارەی وڵاتەکان داوە کە هەش وڵاتن. وە گوتیشی وڵاتانی نێو یەکیەتی ئەوروپا هەر (٢٨) وڵاتەکە ئەو گەرەنتیەی ئەمەریکا نایانگرێتەوە.
(فاتیح دۆنمۆز) وەزیری وزەی تورکیا لەبارەی ڕێگاپێدانی ئەمەریکاوە گوتی، تورکیا گەرەنتی بەردەوامی کڕینی نەوتی ئێرانی وەرگرتوە، هاوکات بەپێی ڕاپۆرتەکە سەرچاوەیەکی نەناسراو ڕایگەیاندوە هەریەکە لە عێراق و هیندستان و، کۆریای باشور و ژاپۆنیش لەو لیستەدان، وە ئەو گەرەنتیەی ئەمەریکا لەئێستادا تەنها کاتیە و بۆ (١٨٠) ڕۆژ دەبێ.
(پۆمپیۆ) گوتی، ئەمەریکا بەشێوەیەکی کاتی ڕێگا بەهەشت وڵات دەدات نەوتی ئێران هاوردەبکەن، ئەوەش تەنها لەبەرئەوەی کەمیەکی بەرچاو لەنەوتیان هەیە و هەماهەنگی لەزۆر لای دیکەوە دەکەن.
ئەمەریکا تەنها بەسزادانی کەرتی وزەی ئێران ناوەستێ بەڵکو کەرتی بانکی و پەیوەندییەکانی دامەزراوەی دارایی ئێران بە(سویفت) ەوە دەپچڕێنێ، لەو بارەیەوە (ستیڤن منوچین) وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا بە دامەزراوەی دارایی (سویفت) کە بارەگایەکەی لە(بروکسێل) ە ڕاگەیاندوە، ئەمەریکا چاوەڕیدەکات پەیوەندی لەگەڵ هەموو ئەو بانکە ئێرانیانە بپچڕێنێ کە ئەمەریکا پلانی هەیە لەدووشەممەوە بیانخاتە لیستی ڕەشەوە، هێشتا ناوی ئەو دامەزراوە دارایانەی ئێران دیارنیە.

کاردانەوەکانی ئێران:
لەڕاگەیاندنەکانەوە ئێران وادەرناکەوێ کە سزا خستنەوەی سەر کەرتی وزەی ئێران کاریگەری لەسەریان دەبێ، بەپێی ڕاپۆرتەکەی (ڕۆیتەرز) سزایەکانی ئێران تایبەت نین تەنها بە سێکتەری نەوت و گاز بەڵکو گوستنەوەی وزە و، کەلوپەلی بیناسازی و، کەرتی بانکی ئێرانیش دەگرێتەوە، ئەوەش وادەکات کە کاریگەری گەورەی ئابوری لەو وڵاتەدا دروستببێ.
لەبارەی سزایەکانەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندوە کە ئەمەریکا ناتوانێ درێژە بەپێوەرەکانی لەدژی گەلی ئازای ئێمە بدات، ئێمە زانست و توانای بەڕێوەبردنی کاروباری ئابوری خۆمان هەیە.
شیاوی باسکردنە، لەمانگی ئایاری ڕابردوودا ئەمەریکا چیدیکە درێژەی بەڕێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا نەدا و، بڕیاری گێڕانەوەی سزایەکانی بۆ سەر ئێراندا، بەگوتەی ئەمەریکا ئێران پابەندی ڕێکەوتنی ئەتۆمی نەبوە و، بەڵکو بەهۆی ڕێکەوتنەکەوە ئێران سودمەندبوە و پەرەی بەدەستێوەردانە ناوچەییەکان و پڕچەککردنی گروپە میلیشیاکان داوە کە مەترسین بۆسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.
ئەمەریکا وڵاتانی جیهانی ئاگادارکردۆتەوە کە پەیوەندییە بازرگانیەکانیان لەگەڵ ئێراندا بپچڕێنن، وە چیدیکە نەوت لەئێران نەکڕن، بەڵام چاودێران دەڵێن ڕێگرتن یان بەستنی کڕینی نەوتی ئێران لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە کاریگەری دەبێ لەسەر بەرزبونەوەی نرخی نەوت و، هەروەها دروستبونی ساردی لەهەماهەنگی و پەیوەندی بەشێك لەو وڵاتانە کە خۆیان بە دۆستی ئەمەریکا دەزانن لەگەڵ واشنتۆندا.
عێراق و، تورکیا و، هیندستان و، کۆریای باشور و ژاپۆن لەو لیستەدان کە ئەمەریکا ڕێگایداون درێژە بەهاوردەکردنی نەوت و گازی ئێران بدەن، بەپێی ڕاپۆرتێکی (تەلگراف)یش چین کە گەورەترین هاوردەکاری نەوتی ئێران هێشتا لەگفتوگۆدایە لەگەڵ ئەمەریکا بۆ درێژەدان بەکڕینی نەوتی ئێران، هەڵبەتە دوو سەرچاوە ڕایانگەیاندوە کە چینیش لەنێو ئەو هەشت وڵاتە دادەبێ.
هیندستان و تورکیاش لەو وڵاتانەن کە پشت بەکڕینی نەوتی ئێران دەبەستن، بەپێی داتایەکانی بازاڕی نەوت تورکیا یەک لەسەر چواری پێداویستی ڕۆژانەی وزەی لەڕێگای ئێرانەوە پڕدەکاتەوە.
ئەو بڕیارە گەرەنتیەی ئەمەریکا گرنگی تایبەتی خۆی هەیە لەسەر ئەو وڵاتانە، بەتایبەتی بۆ عێراق کە هاوسێ و هاوبەشی سەرەکی بازرگانی ئێرانە، چونکە عێراق گازی ئێران بۆ کەرتی کارەبای وڵاتەکەی هاوردەدەکات، وە هەروەها پێداویستیە خۆراکیەکانیش بەڕێژەیەکی زۆر لەوێوە هاوردەدەکات، بۆیە ئەو بڕیارەی ئەمەریکا بۆ بازرگانیەکانی عێراق لەگەڵ ئێراندا و ئابوری هەردوولا گرنگ دەبێ.
هەر لەسەرەتاوە بەشێک لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیگەران بوون بەڕێکەوتنی ئەتۆمی ئێران کە لەساڵی (٢٠١٥) ەوە لەنێوان ئێران و شەش وڵاتی جیهانیدا دروستبوو، چونکە لەو باوەڕەدابوون ڕێکەوتنی ئەتۆمی بەر بەدەستێوەردان و چالاکیە شەڕانیەکانی ئێران لەناوچەکەدا ناگرێ، وە بڕیاری دەرچونی ئەمەریکاش لەو ڕێکەوتنە بەدڵی ئەوانە و پێی دڵخۆشن.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

دواترین دەستکاریکردن لەسەر یەک شەممە, 04 تشرینی دووەم 2018 12:23
© 2017 Hawler